له‌ هه‌ولێره‌وه‌ وه‌ڵامێکى توندى به‌غدا لەبارەی سکاڵا تۆمار کردن لەدژی کۆمپانیا نەوتییە چالاکەکان لە هەرێم، ده‌درێته‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌و سکاڵایه‌ى له‌لایه‌ن وه‌زیرى نه‌وتى عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌ش کۆمپانیاى جیهانى تایبه‌ت به ‌نه‌وت که‌ له ‌هه‌رێمى کوردستان کار ده‌که‌ن تۆمار کرابوو، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌وه‌ وه‌ڵامده‌درێته‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژى 19ی ئایاری 2022 دادگای بازرگانی که‌رخ لە بەغدا، لەسەر داوای وەزیری نەوتی حکوومەتی عێراق بانگهێشتى هه‌ریه‌ک له‌ کۆمپانیا نێودەوڵەتیه‌کانى Addax، DNO، Westernzagros، Shamaran، Gulfkeystone HKN، Genel کرد کە لە سنووری هەرێمی کوردستان له‌بوارى کنه ‌و پشکنین ‌و ده‌رهێنانى نه‌وتدا کاردەکەن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سەرچاوەیەک لەوەزارەتی سامانە سروشتییەکانى هه‌رێم به‌میدیاى فه‌رمیی پارتى وتووه‌، "له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى وه‌زیر و دادگاکه‌ى به‌غدا، ڕۆژی 5ی حوزەیرانی 2022، دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر بڕیاری داوه‌ ژمارەیەک سکاڵای مەدەنی کە لەلایەن وەزیری نەوتی عێراقه‌وه‌ دژی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت ‌و غاز (IOCs) کە لە هەرێم کار دەکەن، تۆمارکراون، دەبێت دوابخرێن".

ئه‌وه‌شى وت: "بەپێی یاسای عێراق ناتوانرێت ڕێوشوێنی دادگای مەدەنی ئەنجامبدرێت، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەیەکی تاوانکاریی پەیوەندیدار بەڕێوەدەچێت".

ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه‌ ڕۆژی 15ی شوباتی 2022، دادگاى فیدراڵى عێراق بڕیاری دا به ‌هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت ‌و غازی ساڵی 2007ی هه‌رێمى کوردستان‌ و ناده‌ستوریبوونى پرسى نه‌وت له ‌هه‌رێمى کوردستان.

له‌به‌رامبه‌ریشدا لە4ی حوزەیرانی 2022، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و پشتگیریی لە دەستووریبوونی یاسای نەوت‌ و غازی ھەرێمی کوردستان (ژمارە 22ی ساڵی 2007) کرد و ڕاشیگه‌یاند: "ئەو دادگایەی بەغدا هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری نییە ئەو کارە بکات، چوونکە ئەو دادگایەی بەغدا بەپێی ماددەی (92)ی بڕگەی (دووەم)ی دەستووری فیدراڵی دانەمەزراوەو ئەو سکاڵایانەی وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵیش لە دژی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تۆماری کردوون، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە نادەستوورییەی 15ی شوباتی 2022ـن، هەربۆیە ئەو سکاڵایانە، هیچ بنەمایەکی دەستووری‌ و یاساییان نییە".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "بۆیە دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی حەسریان هەیە بۆ لێکدانەوەی یاسای نەوت‌ و غازی ساڵی 2007 و هیچ دادگایەک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی لەو شێوەیەی نییە".

News Code 6145

Your Comment

You are replying to: .
captcha