حکوومەتی هەرێمی کوردستان: دادگای فیدڕاڵی هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ستووریی نییه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حکوومەتی هەرێم لەبارەى بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی هەرێم لەبارەى دۆسیەی نەوت و گازی هەرێم ڕایگەیاند، تاکوو ئێستا هیچ یاسایه‌ک بۆ دامەزراندنی دادگای فیدڕاڵی لە پەرلەمانی عێراق دەرنەچووە، "بۆیە دادگای فیدڕاڵی هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ستووری نییه‌".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا (4ی حوزەیرانی 2022) دەڵێت: "سه‌باره‌ت پرۆسه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ نه‌وت و گاز، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕێکه‌وتی 30ی ئایاری 2022 به‌یاننامه‌یه‌کی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ تیایدا باسی له‌ یاسای نه‌وت و غاز و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کان کردووه‌ به‌ گوێره‌ی یاسا و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ڕوونکردۆته‌وه‌ که‌ دادگای ئیتیحادی ناده‌ستوورییه‌ و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستانی نییه‌".

دەشڵێت، له‌ به‌یاننامه‌که‌ی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی کوردستاندا هاتووه‌، کرداره‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراقی ساڵی 2005 گونجاوه‌ و حوکمه‌کانی یاسای نه‌وت و گاز ژماره‌ 22 ی ساڵی 2007 که‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌رچووه‌ پێچه‌وانه‌ی حوکمه‌کانی ده‌ستووری عێراق نییه‌، پڕۆسه‌کانی گه‌ڕان و به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌کردنی نه‌وت و گاز وه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌ حه‌سرییه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌کان ده‌ستنیشان نه‌کراوه‌ وه‌ک له‌ مادده‌ی 110 ی ده‌ستووری عێراقدا هاتووه‌، بۆیه‌ ده‌قه‌کانی یاسای نه‌وت و گاز به‌رکار ده‌مێننه‌وه‌.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە کە "به‌ گوێره‌ی مادده‌ی 112 ی ده‌ستووری عێراق حکوومه‌تی فیدراڵی نه‌وت و گازی ده‌رهێنراو له‌ کێڵگه‌کانی ئێستا له‌گه‌ڵ حکوومه‌ته‌کانی هه‌رێم و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان به‌ڕێوه‌ ده‌بات و دابه‌ش کردنی داهاته‌که‌شی به‌شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شی سه‌ر دانیشتووان ده‌کرێت له‌گه‌ڵ دیاریکردنی پشکێک بۆ ئه‌و هه‌رێمه‌ زیانلێکه‌وتووانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی پێشوو بێبه‌ش کراون.

مادده‌ی 112 ته‌نها کێڵگه‌کانی ئێستا ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش به‌ واتای ئه‌و کێڵگه‌ نه‌وتیانه‌ دێت که‌ به‌رهه‌مهێنانی بازرگانییان هه‌بووه‌ پێش ڕیفراندۆمی ده‌ستووری عێراقی له‌ ئابی 2005 ، واتا له‌ دوای ئه‌م رێکه‌وته‌وه‌ پرۆسه‌ی نه‌وت و گاز ده‌که‌ونه‌ ژێر تایبه‌تمه‌ندییه‌ حه‌سرییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، به‌مشێوه‌یه‌ ده‌قه‌کانی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان – عێراق ژماره‌ 22 ی ساڵی 2007 به‌ پێناسه‌ی (کێڵگه‌ی ئێستا ) له‌ مادده‌ی یه‌که‌می ئه‌و یاسایه‌دا له‌گه‌ڵ حوکمه‌کانی ده‌ستووری عێراقدا ده‌گونجێت و پێچه‌وانه‌یان نییه‌".

فەرمانگە جەخت دەکاتەوە "به‌پێی مادده‌ی 92/2 له‌ ده‌ستووری عێراق پێویسته‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران یاسایه‌ک ده‌ربکات بۆ دامه‌زراندنی دادگای باڵای ئیتیحادی، به‌ڵام تاکوو ئێستا هیچ یاسایه‌کی له‌و جۆره‌ ده‌رنه‌چووه‌، بۆیه‌ له‌ عێراقدا دادگایه‌کی ئیتیحادی که‌ به‌ پێی ده‌ستوور دامه‌زرابێت بوونی نییه‌ ، ئه‌و دادگایه‌ که‌ بڕیاری 15 ی شوباتی 2022 ی به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان ژماره‌ 22 ی ساڵی 2007 ده‌رکردووه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ستووری نییه‌، بۆیه‌ یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان به‌رکار ده‌مێنێته‌وه‌".

News Code 6126

Your Comment

You are replying to: .
captcha