سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا و شاندی سیاسی-سەربازیی یاوەری کۆ بووەوە‏

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی ‏کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و ‏شاندێکی سیاسی و سەربازیی یاوەری کرد.‏

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەیەکدا برەودان بە پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی سیاسیی عێراق، دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، شەڕی دژی تیرۆر و جموجۆڵەکانی داعش بەتایبەتی لە ناوچەکانی مادەی سەد و چل، گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەبوونی تێڕوانین و لێکگەیشتنی هاوبەشی لایەنە عێراقییە‌کان بۆ چارەسەری کردەوە و هاوڕا بوون لەوەی ئەگەر بڕیار و ئیرادەی سیاسی هەبێت، دەرفەت هەیە لایەنەکان بگەنە چارەسەرێکی کۆکەرەوە کە چەقبەستوویی و بنبەستی سیاسی تێپەڕێنێت.

هەردوولا نیگەرانییان لە دۆخی شەنگال و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەربڕی کە بوونە هۆی دووبارە ئاوارەبوونەوەی خەڵکی ئێزدی و جەختیان لە گرنگیی پێکەوەکارکردنی حکوومەتی فیدرالی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گێڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە کردەوە.

سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوروبەر و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

News Code 6056

Your Comment

You are replying to: .
captcha