بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمار حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاند لە پێوەندیی تەلەفۆنیی سەرۆک کۆمار لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی لە دەوڵەت و میللەتی تورکیا کردووە و جەختی کردۆتەوە پەرەپێدان بە پێوەندی و هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا وەکوو دوو وڵاتی بەهێز و کاریگەر لە جیهانی ئیسلام بۆ سەقامگیری و ئەمنیەتی ناوچەکە گرینگە.
سەرۆک کۆمار جەختی لە ئیرادەی تاران کردەوە بۆ هاوکاریی ئابووریی نێوان دوو وڵات و کەڵک وەرگرتن لە دراوی نیشتمانی لە پێوەندییە ئابوورییەکاندا.
سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها جەختی لە پەرەپێدان بە هاوکاریەکانی دوو وڵات لە شەڕی دژە تیرۆر و تۆکمە کردنی سنوورەکان کردەوە.
لای خۆیەوە لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی لە دەوڵەت و میللەتی ئێران کرد و ڕایگەیاند: ئێران و تورکیا دوو وڵاتی دۆست و برادەر لە ناوچەکەدان و گەشە سەندنی پێوەندییەکانی نێوانیان لە بەرژەوەندیی هەردوو میللەت و ناوچەکەدایە.
ئەردۆغان لە کۆتاییدا ڕایگەیاند گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تاکەلایەنە و زاڵمانەن و قەد ئەم سزا زاڵمانە قبووڵ ناکەین بۆیەش بەدوای زیاتر بوونی دۆستایەتی و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ ئێرانداین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment