به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان له ڕاگه‌یێندراوێکدا ڕوودانی زنجیرهتهقینهوهی که‌رکووکی به توندی ئیدانه کرد و گوتی: له دوای ڕووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ری 2017 ڕه‌وشی ئاسایشی شاری که‌رکووک و ده‌وروبه‌ری زۆر خراپتر بووه و ئیداره‌ی شاره‌که و هێزه ئه‌منییه‌کان نه‌یانتوانیوه ئاسایش و سه‌قامگیریی شاره‌که بپارێزن.
ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان:
دڵگران و غه‌مبارین به بیستنی هه‌واڵی هێرشه تیرۆریستییه‌کانی شاری که‌رکووک و به توندی ئیدانه‌ی ئه‌م کاره قیزه‌ونه دژ به هاووڵاتیی سیڤیلى شاری که‌رکووکی خۆشه‌ویست ده‌که‌ین و له خودای گه‌وره داواکارین شه‌هیدان به به‌هه‌شتی خۆی شاد بکات و هیوای زوو چاکبوونه‌وه بۆ برینداران ده‌خوازین.
وه‌ک لای هه‌موو لایێک ڕوون و ئاشکرایه له دوای رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ری 2017 ڕه‌وشی ئاسایشی شاری که‌رکووک و ده‌وروبه‌ری زۆر خراپتر بووه و ئیداره‌ی شاره‌که و هێزه ئه‌منییه‌کان نه‌یانتوانیوه ئاسایش و سه‌قامگیریی شاره‌که بپارێزن و ڕێگه له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش بگرن، ئه‌م ته‌قینه‌وانه و سووتاندنی ده‌غڵودانی جووتیارانی کورد و پڕۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بکردنه‌وه و پێشێل کردنی ماده‌ی 140 و کار نه‌کردن بۆ جێبه‌جێ کردن و ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکووک ناسه‌قامگیریی زیاتری لێده‌که‌وێته‌وه، ئێمه له په‌رله‌مانی کوردستان نیگه‌رانیی خۆمان ڕاده‌گه‌یێنین و پێویسته حکوومه‌تی عێراق له ئاست به‌رپرسیاریه‌تیی یاسایی و ده‌ستووریی خۆیدا بێت و سه‌روماڵی هاووڵاتییان بپارێزریت و ڕێگه به پێشێلکاری نه‌دات.
له ڕاگهیێندراوکهدا هاتووه: جه‌خت له به‌شداری پێکردنی ته‌واوی پێکهاته‌کان له ئیداره‌دانی دۆسیه‌ی ئه‌منی له شاره‌که و هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق زیاتر ده‌كه‌ینه‌وه بۆ پاراستنی سه‌روماڵی هاووڵاتییان و دوورخستنه‌وه‌ی خه‌ته‌ری هاوشێوه له‌سه‌ر که‌رکووک.
سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان
31ی ئایاری 2019
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment