ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا دواپێشهاته‌کانی سووریایان تاوتوێ کرد

به‌شی تورکیا- شه‌وی ڕابردوو کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا به‌ڕێوه ‌چوو و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا کڕینی سیسته‌می به‌رگریی مووشه‌کیی S-400ی ڕووسی، دواپێشهاته‌کانی سووریا و ئۆپه‌راسیۆنی سوپای تورکیا له‌ باکووری عێراق تاوتوێ کران.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شه‌وی ڕابردوو (سێشه‌ممه‌ 28ی ئایاری 2019 ) کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا به‌ سه‌رۆکایه‌تیی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان به‌ڕێوه‌چوو و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا کڕینی سیسته‌می به‌رگریی مووشه‌کیی S-400ی ڕووسی، دواپێشهاته‌کانی سووریا و ئۆپه‌راسیۆنی سوپای تورکیا له‌ باکووری عێراق خرانه‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیادا دواپێشهاته‌کانی سووریا به‌تایبه‌ت به‌رزبوونه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ له‌ ئیدلب تاوتوێ کران و تیشک خرایه‌ سه‌ر کارتێکه‌ریی ئه‌م هێرشانه‌ له‌سه‌ر تورکیا و ده‌ست‌پێکردنی کۆچی په‌نابه‌ران. له‌مباره‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ ده‌ستووری کار دانرا و وه‌زاره‌تی به‌رگریی تورکیا و خولووسی ئاکار ڕاپۆرتێکیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لایه‌نی ڕووسی خستۆته‌ڕوو و داوا له‌ ژێنڕاڵ یاشار گوله‌ر فه‌رمانده‌ی هێزی چه‌کداری تورکیا کراوه‌ ڕاپۆرتێک له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ناتۆ ئاراسته‌ بکات.

هه‌روه‌ها له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ده‌ست پێکردنی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر بنکه‌ی په‌که‌که‌، ورده‌کارییه‌کانی ئۆپه‌راسیۆنی "چنگال" و هه‌ڵبژاردنی 23ی جوونی شاره‌وانیی ئه‌سته‌نبۆڵ و دابین‌کردنی ئاسایشی هه‌ڵبژاردنیش خراوه‌ته‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی هابر 7

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53986

Your Comment

You are replying to: .
captcha