بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەو سەرچاوەیەی حکوومەتی عێراق، دووشەممە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٩ بە ڕووسیا تودەی ڕاگەیاندووە: "شاندێکی فەرمانگەی گێڕانەوە لە دەستەی نەزاهە ئەمڕۆ گەیشتوونەتە بەیرووت بۆ گێڕانەوەی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک".
سەرچاوەکە ڕوونیکردووەتەوە، شاندەکە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕاسپێردراوە و لە لایەن وەزارەتی دەرەوەشەوە پشتیوانی دەکرێت بۆ گێڕانەوەی نەجمەدین کەریم بۆ بەغدا.
ئەو سەرچاوەیەی حکوومەتی عێراق ئاشکرایکردووە "لە چەند کاتژمێری داهاتوودا نەجمەدین کەریم دەگەڕێنرێتەوە بەغدا".
پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندبوو لەگەل دەسەڵاتدارانی لوبنانیدا لە پەیوەندیدایە بۆ وەرگرتنەوەی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک، کە لە ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە لە فڕۆکەخانەی بەیرووت لەسەر یاداشتێکی پۆلیسی ئینتەرپۆڵ دەستگیر کرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ى ئایار وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەیاننامەیێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لە سەرەتاوە وەزارەتى ناوخۆ زانیاریی لەسەر ئەو بابەتە هەبووە لە رێگەى فەرمانگەکانى پۆلیسى عەرەبى و نێودەوڵەتیی ئینتەرپوڵەوە تەواوى ڕێوشوێن و ڕێکارە یاساییەکانى گرتووەتەبەر، بۆ گەڕاندنەوەى داواکراوان بۆ بەردەم دادگاکانى عێراق.
ئاماژەى بەوەش کردووە، دواى بوونى زانیارى لەسەر دۆسیەکە وەزارەتى ناوخۆ لە ڕێگەى نووسینگەى ئەنتەرپوڵى بەغداوە نوسراوێکى بە ژمارە ٨٢٥٩ لە ٢١ى ئایار ئاڕاستەى ئەنتەرپوڵى بەیروت کردوە لە لوبنان، بۆ دەستگیرکردنى نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک، کە لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بە تۆمەتى بەهەدەردانى سامانى گشتى بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ دەرچووە.
هەر لەمبارەوە نووسینگەی عەبدولمەهدی ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە ڕایدەگەیێنێت: هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەناڵە تەلەفزیۆنییە ناسراوەکان و کەسایەتیی سیاسی پڕوپاگەندەی ئەوەیان کردووە، گوایە سەرۆک وەزیران دەستوەردانی کردووە بۆ ئازادکردنی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک، کە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە دەستگیرکراوە، ئێمە رەتی دەکەینەوە هیچ پەیوەندییێکی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆک وەزیران و مەسعوود بارزانیدا هەبووبێت سەبارەت بەو بابەتە، نە بە ڕاستەوخۆیی و نە بە ناوبژیوانی، بۆیە جەخت دەکەینەوە سەرۆک وەزیران ئاگادارنەکراوەتەوە لە دەستگیرکردنی پارێزگاری کەرکووک دوای ئەوە نەبێت کە لە ڕۆژی دواتردا ئازادکراوە و بە هیچ شێوەیێک دەستوەردانی نەکردووە لە بابەتەکەدا، بۆیە هەواڵی دەستگیرکردنەکەی لەلایەن فوئاد حسێن وەزیری داراییەوە پێی گەیشتووە لە رۆژی ٢٢ی ئەم مانگەدا، ئەویش کاتێک لە فڕۆکەدا بوون بۆ سەردانیکردنی دەوڵەتی کوەیت، کە وەزیری دارایی یەکێک بووە لە ئەندامانی وەفدەکە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment