وادەی دەست بەکاربوونی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرچاوەیێکی پەرلەمانی، وادەی هەڵبژاردن و دەست بەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.

کوردپرێس: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیێکی پەرلەمانییەوە دەست کەوتووە، پاش ئەوەی لە دانیشتنی سبەی سێشەممە ٢٨ی ٥ی ٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستاندا نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت، ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە مەراسیمێکدا سوێندی یاسایی دەخوات و دواتریش بە بەشداریی ژمارەیێکی زۆر لە بەرپرسانی حکوومی و نوێنەرانی وڵاتان و لایەنە سیاسییەکان، وتاری دەست بەکار بوون پێشکەش دەکات.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، ڕۆژی ١١ی ٦ی ٢٠١٩، فراکسیۆنی پارتی مەسروور بارزانی بۆ سەرۆکایەتی کردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا ناوزەد دەکات و پاشان سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەسپێرێت تاوەکوو کابینەکەی لە ماوەی مانگێکدا پێک بهێنێت.

پێشتر عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کردبوو کە مەسروور بارزانی خواستی ئەوەی هەیە، لە زووترین کاتدا کابینەکەی پێک بهێنێت، بۆیە پێشتر لەو ماوە یاساییەی کە بۆی دیاریکراوە، کابینەکەی پێک دەهێنێت.

سەرچاوە: باسنیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53946

Your Comment

You are replying to: .
captcha