په‌رله‌مانی كوردستان هۆشداری لەبارەی دۆخی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم داوای ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كات و پێیوایه‌ ئه‌و دۆخه‌ له‌ سوودی هیچ لایێكدا نییه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ 15-5-2019 لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر رووداوه‌كانی دوێنێی گوندی په‌ڵكانه‌ی سنووری پارێزگای كه‌ركووک ده‌ربڕی.

له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا جوان یوونس سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوودا دۆخێكی به‌ زۆر سه‌پێندراو له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كاندا هاته‌ئاراوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ پارێزگای كه‌ركووک، خه‌ڵكی كورد رووبه‌ڕووی مامه‌ڵه‌ی ناده‌ستووری ده‌بنه‌وه‌، كه‌ ره‌فتاری رژێمی به‌عس و حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌خه‌نه‌وه‌ بیرمان و ئه‌و هێزانه‌ی ئێستا هه‌ر كاتێک بۆیان بڕه‌خسێت، ئه‌وا خه‌ڵكی كوردیان ئازارداوه‌.

ناوبراو وتیشی: "نوێترین ره‌فتاری ئه‌و هێزانه‌ به‌رانبه‌ر خه‌ڵكی په‌ڵكانه‌یه‌، كه‌ هێزێكی زۆر و خه‌ڵكێكی عه‌ره‌ب هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر كوردانی ئه‌و گوندانه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یێک ئازاریان داون".

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان روونیشی كرده‌وه‌ لیژنه‌كه‌یان پێیوایه‌ ئه‌و دۆخه‌ لێكتێگه‌یشتنی ئه‌و ماوه‌یه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵه‌كانی لێكتێگه‌یشتن هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ن دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ئاسایی بكرێته‌وه‌.

سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53694

Your Comment

You are replying to: .
captcha