مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک له‌مپه‌رێکه‌ بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتی له‌ عێراق

به‌شی جیهان- ژماره‌یێک له‌ به‌رپرسانی عێراق هۆکاری ئه‌نجام‌نه‌دانی سه‌رژمێریی ساڵی 2010ی عێراق به‌ ناکۆکییه‌کان له‌سه‌ر دۆخی پێکهاته‌ی حه‌شیمه‌تی ناوچه‌ی جێناکۆکی که‌رکووک وه‌سف ده‌که‌ن به‌ڵام هیوادارن ساڵی 2020 سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتوان و ماڵان له‌ عێراق ئه‌نجام بدرێت.

کوردپرێس:

ماڵپه‌ڕی ئه‌لمانیتۆر نووسیی: له‌ ساڵی 1997 تاکوو ئێستا هیچ جۆره‌ سه‌رژمێرییێکی گشتی له‌ عێراق ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ش کێشه‌ی ئابووری و سیاسیی زۆری خولقاندوه‌ به‌ڵام به‌رپرسانی عێراق هه‌وڵه‌کانیان چڕ کردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی دانیشتوان له‌ ساڵی 2020 فه‌راهه‌م بکرێت.

ئه‌لمانیتۆر له‌ ڕاپۆرته‌که‌یدا باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ ڕابردوودا هه‌وڵگه‌لێکی زۆر بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتیی حه‌شیمه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ عێراق پاش ڕژێمی سه‌دام ئه‌نجام دراوه‌ به‌ڵام به‌ بۆنه‌ی ململانێی سیاسییه‌وه‌ هه‌میشه‌ دواکه‌وتووه‌.

ماده‌ی 140 به‌ ده‌ستووری عێراق زیاد کراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی گوماناوی ناوچه‌ی جێناکۆک له‌وان ناوچه‌ی نه‌وتخێزی که‌رکووک چاره‌سه‌ر بکرێت. به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ ده‌بوا تا ساڵی 2007 سه‌رژمێرییێکی دروست له‌ حه‌شیمه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌نجام بدرابایه‌ یانی ده‌بوا ئاوڕ له‌ دۆخی حه‌شیمه‌تی ئاواره‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و ئه‌و که‌سانه‌ بدرابایه‌ که‌ له‌ دیکه‌ی ناوچه‌کانی عێراق له‌و ناوچه‌یه‌دا نیشته‌جێ کرابوون و له‌ ئه‌نجامدا پرسیاریان لێ بکرابایه‌ که‌ ئایا ده‌یانه‌وێت ببنه‌ به‌شێک له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق یان بلکێندرێن به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، ئه‌مساڵ لیژنه‌یێک له‌ژێر ناوی لیژنه‌ی باڵا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتوان و ماڵان له‌ ساڵی 2020 دامه‌زرا. وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ده‌ڵێت که‌ ئه‌م داموده‌زگایه‌ له‌ سه‌رۆکی لیژنه‌ی سیاسیی حه‌شیمه‌تی عێراق، سه‌رۆکی نووسینگه‌ی ناوه‌ندیی ئاماری عێراق، دوو نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، په‌رله‌مانتارێکی عێراق و یاریده‌رانی وه‌زاره‌تخانه‌کانی کاروباری خزمه‌تگوزاری و ئه‌منی و هه‌روه‌ها نوێنه‌ری ئایینزا سوننه‌ و شیعه‌کان و ژماره‌یێکی دیکه‌ ئیتنیکی ئایینی پێکهاتووه‌. ڕاسپێردراوی ئه‌م داموده‌زگایه‌ ئاماده‌کردنی به‌رنامه‌ی گشتگیری "ئیتیفاق له‌سه‌ر کاتی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری"، ئاماده‌کردنی خشته‌یێکی زه‌مه‌نبه‌ندی و فه‌راهه‌م کردنی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتوان و ماڵانی عێراق له‌ ساڵی داهاتوودایه‌.

عه‌بدولزه‌هرا هه‌نداوی وته‌بێژی ئه‌م داموده‌زگایه‌ به‌ ئه‌لمانیتۆری گوت: سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتوان و ماڵانی عێراق له‌ ڕۆژانی کۆتاییی ساڵی داهاتووی زایینی ئه‌نجام ده‌بێت و ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و هه‌روه‌ها هه‌ندێک وڵاتی دۆست هاوکاری عێراق ده‌که‌ن بۆ ئه‌م ڕووداوه‌ گرنگه‌.

ناوبراو که‌ به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی ناوه‌ندیی ئاماری عێراقیشه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ته‌داخولی ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ له‌گه‌ڵ ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق که‌ په‌یوه‌ندی به‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ ڕاشی‌گه‌یاند: ئه‌م ئامارانه‌ هیچ په‌یوه‌ندییێکی به‌ ماده‌ی 140 و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانه‌وه‌ نییه‌. هه‌ڵبه‌ت ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی سه‌رژمێری له‌گه‌ڵ ماده‌ی 140 و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ -که‌ بڕیار بوو ساڵی 2010 ئه‌نجام بدرێت- دوابکه‌وێت.

ڕائد مه‌نسووری په‌رله‌مانتارێکی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌م سه‌رژمێرییه‌دا هه‌وڵ ده‌درێت ڕیگری له‌ بابه‌تی ئایینزا و دیکه‌ی وابه‌سته‌ییه‌ شه‌خسییه‌کان بکرێت به‌ڵام هه‌ندێک که‌سایه‌تیی سیاسی ده‌یانهه‌وێت ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ له‌ پرسیارنامه‌ی سه‌رژمێریدا بگونجێندرێت و ئێمه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ قۆناغێکی دیکه‌دا باس له‌و بابه‌تانه‌ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کان له‌مپه‌رێک له‌ به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی سه‌رژمێریدا نه‌بێت.

ژماره‌یێک له‌ حیزبه‌ کوردییه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن وابه‌سته‌ییی شه‌خسیی که‌سه‌کان به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان له‌ سه‌رژمێریدا دابنرێت. له‌وباره‌وه‌ دیلان غه‌فوور نوێنه‌رێکی په‌رله‌مان و سه‌ر به‌ پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ ئه‌لمانیتۆر ده‌ڵێت: کورد له‌ ئێستادا تا کاتی به‌ڕێوه‌چوونی سه‌رژمێری هه‌وڵ ده‌دات وابه‌سته‌ییی شه‌خسیی که‌سه‌کان له‌ پرسیارنامه‌ی سه‌رژمێریدا بگونجێندرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ جێبه‌جێ‌کردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق به‌کار بهێندرێت.

ناوبراو ته‌ئکیدی کرده‌وه‌: ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر کۆتایی هێنان به‌ موناقیشه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان ته‌ئکید ده‌کاته‌وه‌ و ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌رژمێرییه‌که‌ نابێت ڕێگری له‌ گونجاندنی وابه‌سته‌ییی شه‌خسی له‌ پرسیارنامه‌دا بکات چوونکه‌ له‌و ئه‌گه‌ره‌دا سه‌رژمێرییه‌که‌ سوودێکی نابێت.

به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، ساڵی 1997 دوایین سه‌رژمێری له‌ عێراق ئه‌نجام درا که‌ به‌پێی ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ حه‌شیمه‌تی ئه‌و وڵاته‌ 19 ملیۆن و 184 هه‌زار و 543 که‌س بووه‌ و ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ ساڵی 2003 تاکوو ئێستا بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئاماری حه‌شیمه‌تی ئه‌و وڵاته‌ پشتی به‌ کارتی خوراکی خه‌ڵک به‌ستووه‌ که‌ وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق ده‌ریده‌کات. وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراقیش له‌ سه‌ره‌تای ئه‌کته‌وبری 2018 حه‌شیمه‌تی عێراقی که‌مێک زیاتر له‌ 38 ملیۆن که‌س ڕاگه‌یاندووه‌.

ئه‌لمانیتۆر له‌ کۆتاییدا ده‌نووسێت: کورد و تورکمان ناڕه‌زایه‌تیی خۆیانیان له‌سه‌ر کاتی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری و هه‌روه‌ها له‌به‌رچاونه‌گرتنی دۆخی که‌رکووک ڕاگه‌یاندووه‌ و ژماره‌یێک له‌ گرووپه‌کانیش ته‌ئکید له‌سه‌ر دانانی وابه‌سته‌ییی مه‌زهه‌بی له‌و سه‌رژمێرییه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌واته‌ مومکینه‌ سه‌رژمێریی گرنگی دانیشتوان و ماڵانی عێراق هه‌مدیسان دوابکه‌وێت.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53607

Your Comment

You are replying to: .
captcha