عێراق و هەرێمی کوردستان هێشتا مەترسیی داعشیان لەسەرە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەباەری ئەو دانووستانە سەربازییانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق بەڕێوەدەچێت بە کوردپرێسی وت: "گفتوگۆکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەمەبەستی دابین کردنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو ناوچانە بەڕێوە دەچێت کە داعش بوونی هەیە. ئێمە لەبارەی پڕۆەیێکی سەربازییەوە گفتوگۆ دەکەین و باسی پرسی سیاسیمان نەکردووە. لە دانووستانەکانماندا تەرکیزمان لەسەر ئەم خاڵەیە کە هێزی پێشمەرگە وەکوو بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق چۆن دەتوانێت بە هاوکاری و هاوڕایی سوپای عێراق ئەو هەڕەشانەی کە لەلایەن داعشەوە عێراق و هەرێم دەخاتە مەترسییەوە پووچەڵ بکاتەوە".

کوردپرێس: وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی یەک ساڵە بەتایبەت لەسەرەتای 2019وە لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆمیتەیێکی باڵای هاوکارییان پێکهێناوە کە پێوەندیی نێوانیانی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست. پاش سەرهەڵدانەوەی چالاکییەکانی داعش بوو کە هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان ناچار بە هاوکاریی یەکتر بوون ئەوەش لە کاتێکدا کە کۆتایی هاتنی داعش بەشێوەی فەرمیی ڕاگەیێنداربوو ئێستا بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە و بابەتەکانی دیکەی پێوەندیدار، هەواڵنێری کوردپرێس دیمانەیێکی لەگەڵ فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام داوە.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ جەبار یاوەر بخوێنەوە:

کوردپرێس: سەرەڕای ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی داعش لە عێراق هێشتا باس لە هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە دەکرێت، ئێستا ئێوە ئاستی ئەم هەڕەشە چۆن دەبینن؟

داعش هێشتا کۆتایی ناهاتووە، داعش هەروەکوو خەلافەت لە سووریا و عێراق کۆتایی پێهاتووە. واتا عەرز و دامودەزگای دەوڵەتی کە بەناوی خۆی دروست کردبوو نەماوە، بەڵکوو داعش وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئێستاش ماوە. لە سووریا، عێراق، یەمەن، ئەفغانستان، لیبیا و زۆر وڵاتی دیکە داعش وەکوو گرووپێکی تیرۆریستی چالاک ماوەتەوە. لەم ماوەدا لە وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی ئەفریقا و هەندێک ناوچەی دیکە خەریکی کاری تیرۆریستییە، لەبەر ئەمەش داعش هێشتا ماە و هەر هەڕەشەیە بەتایبەت بۆ سەر عێراق، ئێمە ئامارێکمان هەیە لە کۆتایی ساڵی 2017 کە حەیدەر عەبادی ڕایگەیاند داعش کۆتایی پێهاتووە تا کۆتایی ساڵی 2018، داعش 456 کردەی تیرۆریستیی ئەنجام داوە و نزیکە 1771 کەس کوژرا و بریندار و ڕێفێندراو هەبووە لەم ماوەیەدا. لە کۆتایی 2018 تا کۆتایی مانگی 3ی 2019 داعش 100 کردەی تیرۆریستیی هەبووە کە نزیکەی 600 کوژراو و بریندار و ڕفێندراو هەیە کە زیاتر لە ناوچەکانی دیالە، سەلاحەدین، باشووری کەرکووک، ڕۆژئاوای کەرکووک، ناوچەکانی لای مەخموور، چیار قەرەچۆخ و ناوچەکانی حەمامە عەلی نزیک مووسڵ و چورادەوری ئەو ناوچانە بوون. لەبەر ئەمە هێشتا ڕێکخراوەی تیرۆریستیی داعش بەشێوەی چەکدار بوونی هەیە بەڵام بە شێوازی مەفرەزەی بچووک بچووک کردەی تیرۆریستیی، تەقینەوە و خۆکوژی ئەنجام ئەدات. جگە لەمەش داعش ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی فیکرییە واتا ڕێکخراوێکە کە دەیان هەزار خەڵکی لە هەموو دونیادا بەهۆی سوشیاڵ میدیاوە خڵەتاندووە کە ئەتوانێت بیانجووڵێنێت و کاریان پێبکات. لەم ماوەی دوو حەفتەی دوایی شانەیێکی نووستووی داعش لە سلێمانی و هەولێر گیرا کە هەرکام نزیکەی 10 کەس و 7 کەسیان تیابوو، ئەمە یەعنی ئێستەش ئەم ڕێکخراوەیە هەر هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە.

کوردپرێس: ئایا دەتوانن بڵێن وەکوو ژمارە لە عێراق داعش چەند کەسی هەیە؟

وەکوو ژمارە ناتوانین ئامارێک بدەین مەگەر خەمڵاندن؛ بەپێی ئە جووڵانەی کە ئەنجامی دەدەن لە سنوورەکانی سووریاوە تاکوو سنوورەکانی ئێران بەتایبەتی لە ڕێڕەوی مووسڵ، سەلاحەدین، کەرکووک، ناوچەکانی حەمرین و دیالە کە زیاتر لەو ڕێڕەوەن هەروەها لە ناوچەکانی قائیم و سەحرای نێوانی مووسڵ و ڕۆمادی لە ڕووی مەزندە ڕەنگە تا ئێستا 2000 کەسیان مابێت. بەڵام کێشە ئەمەیە کە داعش شانەی نووستووی هەیە داعش چەند ساڵێک خەلافەتی هەبووە واتا نزیکەی چوار ساڵ لە ناوچەکەدا بوون و خەڵکێکی زۆر لایەنگریان هەیە دەتوانن بڵێم تاکێکی داعش داەتوانێت کەسێکی عادی وەکوو جووتیارێک بێت بەڵام بەشەو چەک هەڵدەگرێت و کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات. بۆیەش ناتوانین بیانژمێرین.

کوردپرێس: بەپێی ئەم هەڕەشەیە کە جەنابتان لێکتان دایەوە، بەرەنگاربوونەوە و بنبڕ کردنی داعش پێویستی بە پلانێکی هەمەگیر هەیە بەتایبەت لە عێراق، ئێوە وەکوو وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆکانتان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ بەرەنگار بوونەوەی داعش بەکوێ گەیشتووە؟

لەسەرەتای 2019وە پاش ئەوەی کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی دەرکرد و لیژنەیێکی باڵای دروست کرد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە پێنج لێژنەی ناوچەیی دروست کرد لە ناوچەکانی دیالە، سەلاحەدین، کەرکووک، مەخموور و مووسڵ پاشان وەفدێکی باڵایان هات لە 4ی 2 بۆ هەولێر و کۆبوونەوەیێکیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دا، بە هەمان شێوە ئێمەش لێژنەیێکی باڵامان لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی فیدراڵ دروست کرد بۆ ئەو ناوچانەی کە ئەوان بۆی دروستیان کردبوو. لە گفتوگۆکانماندا بڕیارمان دا لە یەکەمین هەنگاودا ڕووپێوەی بکەین، هێزی پێشمەرگە بە درێژایی ناوچەکانی خانەقین تاکوو سنووری سووریا تا ڕەبیعە چۆن دابەش بووە بە هەمان شێوە هێزەکانی سوپای عێراق دابەش ببن بۆ ئەمەی کە ئەو بۆشاییانە بدۆزینەوە کە دروست بووە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی عێراقی کە داعش کەڵکی لێوەردەگرێت. ئەو پڕۆسەیە لە حەفتەی پێشوو تەواو بوو پاشان شاندێکی وەزارەتی بەرگری هات نەخشەکەی هێنا ئەو بۆشایە کە لە نێوانماندا دروست بوو دەستنیشان کرابوو کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر بوو. چاوەڕێ دەکەین لەم ماوەیەدا شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگری بڕیاری کۆبوونەوەکان بدات کە کۆبوونەوەکەمان کرد لەو کاتەدا بڕیار ئەدەین لەسەر دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق فیدراڵ پاشان هێزی هاوبەش و چالاکیی هاوبەش دروست دەکەین بۆ ئەو ناوچانەی کە بۆشایین بۆ ئەوەی کە بتوانین بنکە و بارەگاکانی داعش کە لەو ناوچانەدان بەتایبەت لە حەمرین و ناوچەکانی نزیک خانەقین و گوڵاڵە بە تەواوێتی لەناوی بەرین.

کوردپرێس: ئایا لە گفتوگۆکاندا باستان لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان کردووە؟

ئێمە باسی هەماهەنگی دەکەین، باس لە هەماهەنگی لەو ناوچانە دەکەین کە جموجۆڵی داعش زیاتر بوونەتەوە و زیاتر ناوچە جێناکۆکەکانن کە نە هێزی پێشمەرگەی لێیە و نە هێزە عێراقییەکان بوونێکی ئەوتۆیان هەیە. لەبەر ئەمەش ئێمە زیاتر باسی هەماهەنگی ئەکەین پێش 2014 هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو ناوچانەی بە یەکەوە هەماهەنگییان کردووە بۆ ئەوەی کە کونترۆڵی ئەمنییەتی ئەو ناوچانە بکەن. ئێستاش هەر باسی ئەوە دەکەین واتا هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق بۆ ئەوەی پڕۆسەی سەربازیی هاوبەش ئەنجام بدەن و ئاسایشی ئەو ناوچانە بەشێوازێکی گشتی بپارێزن، ئێمە باسی پڕۆسەیێکی سەربازی دەکەین باسی پڕۆسەیێکی سیاسی ناکەین. باسی ئەمە دەکەین کە هێزی پێشمەرگە وەکوو بەشێک لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانی عێراقی بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق بە یەکەوە هەڕەشەی داعش لەو ناوچانە لەسەر خەڵک و لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە هەروەها لەسەر هەرێمی کوردستان و لەسەر عێراق بە گشتی نەهێڵین.

کوردپرێس: باسێکی دیکە کە جێی نیگەرانیی شەقامی کوردییە ئەنجامدانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەیە کە چەند ساڵە لەژێر چاودێریی ئێوە دەستی پێکردووە، پڕۆژەکە بە کوێ گەیشتوە و ڕۆڵی هاوپەیمانان لەم پڕۆژەیەدا چۆن دەبینن؟

ئێمە لە کۆتایی 2017 و سەرەتای 2018وە ئێمە پڕۆژەیێکی 35 خاڵیی چاکسازیمان ئامادە دکردووە، ئەو پڕۆژەیە بە هاوبەشی بووە لەنێوان سێ لایەنی ڕاوێژکار کە پێکهاتوون لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمەریکا کە لەو کاتەوە بە هاوبەشی ئیشی لەسەر دەکەین. بەڕێوەبەرایەتیێکی چاکسازیمان لە وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراندووە کە ئەو ئەفسەرانەی لەنێوە بەڕێوەبەرایەتییەکەدان مەشقیان پێکراوە بە شێوازێکی باش لەلایەن شارەزایانی بەریتانی، کۆمەڵێکی بابەت کە پێوەندیدارە لەگەڵ هەموو بەشەکانی وەزارەت وەکوو مەسەلەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، مەسەلەی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی وەزارەت لە ڕووی کارگێڕی و مەسەلەی مەشق کردن و پێوەندییەکان و هەرچی بابەت کە پێوەندیدارە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ئەو ئەفسەرانە ئیشی لەسەر ئەکەن. هەندێک لەو بابەتانە بووەتە پڕۆژە و ئێستە کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و بەشێکی دیکەش چاوەڕێی ئەوە دەکات کە بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و ماوەمان داناوە بوو هەموویان. ئۆمێد دەکەین لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم ئێمە بتوانین ئەو پڕۆژەیە بە تەواوی هەمووی جێگیر بکەین.

کوردپرێس: هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دوای ئەوەی کە کۆتایی داعش لەلایەن بەغداوە ڕاگەیێندرا ئێستا لە چ ئاستێکدایە؟ وەکوو پێشووە یا ئاستەکەی گۆڕاوە؟

هاوکارییەکان وەکوو پێشوو دێن وەکوو باسم کرد ئێستەش هاوپەیمانان لەو بڕوایەدان کە بەپێی ئەو هەواڵگرییەی پێیان دەگات کە داعش هێشتا ماوە لەبەر ئەمە ئەوان هاوکارییەکانیان وەکوو هاوکاریی ئاسمانی بۆ هێزەکانما یان ئەوەی کە خۆیان چاودێریی گرووپی داعش دەکەن بوردوومانیان دەکەن و جگە لەمەش هاوکاریی لەبواری مەشق بۆهێزەکانی پێشمەرگە هەر ماوە هەروەها هاوکاری لەبواری ڕاوێژ کردن لەلایەن ڕاوێژکارانیانەوە هەر ماوە، لە بواری چاکسازی ئەوان بەشدارن لەگەڵمانا وەکوو ڕاوێژکارانی بەریتانیا و ئەڵمان و ئەمەریکا جگەلەوش هاوکاریی مووچەی بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە تا ئێساش مووچەکەیان ئەدەن جگە لەمانەش جاروبار کە پێویستیمان بە هەندێک ئامێر و کەلوپەلی جەنگی هەیە دابینی دەکەن.

کوردپرێس: هەوڵێک لە پەرلەمانی عێراقدا لە ئارادایە بۆ کۆتایی هێنان بە بوونی هێزی ئەمریکی لە عێراق ئێوە تا چەند پێش بینی دەکەن ئەم هەوڵە بگاتە ئەنجام؟

هەڵە تێگەیشتنێک هەیە لە هەوڵی ئەندامانی پەرلەمان، ئەم هەوڵەی ئەندامانی پەرلەمان کە واژۆیان کۆ کردبووەوە لە چەند کوتلەیێکی پەرلەمانی بۆ ئەوەی کە یاسایێک دەرچێت لە عێراق و بوونی هێزە بێگانەکان لە عێراق ڕێکبخات نەک وەکوو تەنها هێزی ئەمریکی ئێستا جگە لە بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا کە کەمن و هەموویان لە بواری مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکاری لە عێراقدا بە گشتی و لە هەرێمی کوردستانیش. تەنها ئەوان لە عێراقدا نین ڕاوێژکاران و هەندێک لە هێزەکانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هینگاریا، هۆڵەندا، سوید، کەنادا و تورکیای لێیە کە بەشێوازی جۆراجۆر و ژمارەی جۆراوجۆر لە عێراق ئامادەن. لەبەر ئەمەش ئەو ئەندامانەی پەرلەمان ویستیان یاسایێک دەرکەن و ئێستاش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و تا ئێستاش ئەو یاسایە دەرنەچووە بەمەبەستی ڕێکخستنی بوونی هێزە بێگانەکان لە عێراق و ئەمەش شتێکی زۆر ئاساییە ئەگەر ئەوان یاسایێک دەرکەن چوون مامەڵە لەگەڵ هێزە بێگانەکان بکەن. واتا یاساکە ئەمەیە وەکوو ئێمە زانیومانە ئەوە نەبووە تەنها بەرانبەر هێزەکانی ئەمریکا بێت.

* دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاژانسی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53575

Your Comment

You are replying to: .
captcha