کوردپرێس:
پاش ئەوەی کۆشکی سپی بڕیاری دا سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە ئەو لیستەوە کە بە گرووپی تیرۆریستی ناسراوە ئێرانیش لە کاردانەوەیێکدا هێزە ئەمریکییەکانی جێگیرکراو لە خۆرئاوای ئاسیای خستە لیستی تیرۆرەوە و هەر ئەمڕۆش ئەرکانی گشتیی هێزی سەربازیی ئێران لە بەیاننامەیێکدا هەڕەشەی لەو هێزانە کرد و ڕایگەیاند: هێزی تیرۆریستیی ناسراوە بە "سنتکام" لە هیچ هێرشێکی هێزە ئێرانییەکان پارێزراو نابن".
ئەرکانی هێزی سەربازیی ئێران هەر لە بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی: ئەمریکا بە ئاشکرا و بە شاراوە پشتگیریی تیرۆریستانی کردووە و نموونە بەرچاوەکانیشی قاعیدە و داعش و نوسرەن لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
هەر لە بەیاننامەکەی ئەرکانی گشتیی هێزی سەربازیی ئێراندا ئاماژە بەوەش کراوە کە سوپای پاسداران هێزێکی فەرمی و سەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوری سەرەکیی لە پاراستنی بەرژەوەندی و بنەما بەبایەخەکانی ئێراندا بینیوە بۆیە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران "ئیمام خومەینی" لە کاتی خۆیدا ڕایگەیاندبوو: "ئەگەر سوپای پاسداران نەبووبا ئەم وڵاتەش نەدەبوو."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە بوونی سەربازیی ئێران لە ناوچەکە و شەڕی دژبە تیرۆر کراوە و نووسراوە: "لە پڕۆسەی لەناوبردنی شەجەرەی پۆخڵی داعشدا ئێران لە سەر داوای فەرمیی عێراق و سووریا چۆتە ئەو دوو وڵاتە و هەوڵی نەهێشتنی تیرۆریستانی داعشی دا کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکران."
شیاوی ئاماژەیە بریارەکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ بە تیرۆریست ناسینی سوپای پاسداران کاردانەوەی بەرفراوانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیشی بەدوای خۆیدا هێنا.
Your Comment