کوردپرێس:
کۆبوونەکە بە ئامادەبوونى ٢١ ئەندام و بە سەرۆکایەتیی جەمال مەولوود ڕاسپێدراو بۆ بەڕێکردنی کاروبارەکانی ئەنجومەنەکە بەڕێوە چوو.
لە کۆبونەوەکەدا پلانی پڕۆژەکانى کەرکووک و دابەشکردنی بودجە بەسەر ناوچەکان گفتوگۆی لە بارەوە کراوە و لیژنە تایبەتمەندەکانی ئەنجومەنەکەش کارا کرانەوە.
لە کۆبونەوەکەدا گەلاوێژ جەباری لە جێگەی جەمال مەولوود بە سەرۆکی لیژنەی دارایی هەڵبژێردرا، بەو پێیەی جەمال مەولوود ڕاسپێردراوە بۆ بەڕێکردنی کاروبارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک.
بەپێی زانیاریەکان لەناو بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ بەشە بودجەی پارێزگای کەرکووک بە ٤٤٥ ملیار دینار دیاری کراوە، لەو بڕەش زیاتر لە ٧٥ ملیار دیناری بریتییە لە پارەی پتڕۆدۆلار.
کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە کاتێکدایە، لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئەمرۆ ئەنجومەنەکە یەکەم کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی کرد، پێشتر ئەنجومەنەکە چەند کۆبوونەوەیێکی ڕاوێژکاریی کردووە، بەڵام نەیتوانیوە هیچ بڕیارێک دەربکات، چوونکە نیسابی ئەندامان بۆ کۆبوونەوە نەبووە و ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکى ئەنجومەنیش کەرکووکی بەرەو هەولێر بەجێهێشتووە.
Your Comment