کوردپرێس:
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیێکی بۆ سەرۆککۆماری وڵاتەکەی نووسیوە و تێیدا داوای لە ڕۆحانی کردووە ئەو هێزە ئەمریکییانەی لە خۆرئاوای ئاسیا بە "سنتکام" ناسراون بخاتە لیستی تیرۆرەوە ئەوەش پاش ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بڕیاری دا سوپای پاسدارانی ئێران وەکوو گرووپی تیرۆریستی بناسێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەکەیدا نووسیویەتی: هێزە ئەمریکییەکان ڕاستەوخۆ پشتگیریی تیرۆریستانی ناوچەکە دەکەن و تەداخول لە هەڵمەتە تیرۆریستییەکاندا بە سەر هێزە ئەمریکییەکاندا ساغ بۆتەوە بۆیە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەکەم ئەو هێزانەی لە خۆرئاوای ئاسیا جێگیر کراون بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
شیاوی ئاماژەیە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە 8ی نیسان بڕیاری دا سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە ئەو لیستەوە کە بە لیستی تیرۆر ناسراوە و ئەوەش یەکەم جارە کۆشکی سپی بڕیاری ئەوتۆ لە بارەی هێزێکی فەرمیی وڵاتێکەوە دەردەکات و هەر بەو بۆنەیەشەوە لە نێوخۆی ئەمریکاش و لە کۆمەڵگەی دەولییشدا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
Your Comment