دوورنواڕی هاوپه‌یمانێتیی نێوان ئه‌مریکا و کوردی سووریا

به‌شی جیهان- دوکتۆر ماکس ئابرامز سه‌باره‌ت به‌ دوورنواڕی پشتیوانیی ئه‌مریکا له‌ کوردی سووریا به‌ ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: ئەگەرچی هاوپه‌یمانێتیی نێوان ئه‌مریکا و کوردی سووریا له‌سه‌ر ئامانجی ستراتێژیکی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش بنیات نرا به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ له‌ داهاتووشدا به‌رده‌وام بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، بڕیاری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا که‌ له‌ ساڵی 2014 تاوه‌کوو ئێستا هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کیی هێزی کوردی سووریا (YPG) له‌ شه‌ڕی دژبە داعش دێنه‌ ئه‌ژمار، ئه‌و نیگه‌رانییه‌ دەخاتەوە که‌ پاش شکستهێنانی دوامۆڵگه‌ی داعش له‌ شارۆچکەی باغۆزی سووریا له‌م هه‌فته‌یه‌ هاوکارییه‌کانی نێوان ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کوردی سووریا کۆتایی پێبێت و کوردیش له‌ داهاتوودا ه‌ره‌وڕووی چەڵەمەی زۆر ببێته‌وه‌ ئەوەش بە هۆی ئەو هه‌ڕه‌شه‌یەی تورکیا دەیکات و دیمه‌شقیش نیازیەتی بۆ ناوچه‌ی ژێر دەسەڵاتی کوردی سووریا وەربگرێتەوە.

ئه‌مریکا ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ ژماره‌یێکی که‌می هێزه‌کانی له‌ سووریا ده‌مێننه‌وه‌ به‌ڵام جه‌یمز جێفری نێردەی تایبه‌تی ئه‌مریکا بۆ کاروباری سووریا و نوێنه‌ری دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له‌ هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش ده‌ڵێت: چالاکیی ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا وه‌ک هێزێکی ئاشتی‌پارێز نییه‌ به‌ڵکوو چالاکییه‌کانیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پاشماوه‌کانی داعش ده‌بێت. به‌م بۆنه‌وه‌ ئه‌و نیگه‌رانییه‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌مریکا کوردی سووریا به‌جێبهێڵێت که‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ناوچه‌یێکی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریان له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا دامه‌زراندوووه‌ و ناوچه‌ی نه‌وتخێز و پڕپیتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

ئاژانسی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ دوکتۆر ماکس ئابرامز مامۆستای زانستی سیاسیی زانکۆی نورس ئیسترنی ئه‌مریکا ئه‌نجام داوه‌ که‌ له‌ خواره‌وه‌ دێت.

دوکتۆر ئابرامز که‌ ساڵی ڕابردوو کتێبێکی له‌باره‌ی ڕه‌وشی میلیشیاکان بۆ سه‌رکه‌وتن له‌ شه‌ڕ به‌ ناوی "ڕێسای به‌رهه‌ڵستکاران؛ ڕازی سه‌رکه‌وتنی میلیشیاکان له‌ مێژوو" بڵاو کردۆته‌وه‌ و به‌شێک له‌و کتێبه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ مێژووی چالاکیی میلیشیا کوردییه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌باره‌ی هۆکاری هاوپه‌یمانیی نێوان کوردی سووریا و ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا به‌ ئاژانسی کوردپرێسی گوت: "هاوپه‌یمانیی ئه‌مریکا- کوردی سووریا سه‌رچاوه‌ی له‌ ئامانجێکی هاوبه‌ش و ستراتێژیک گرتوووه‌ واتا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش. ئێستا که وه‌ک ڕێکخراوێک‌ زه‌برێکی کوشنده‌ له‌ داعش دراوه‌، مه‌نتیق و لۆژیکی دوورنواڕی به‌رده‌وامیی هاوکاریی نێوان ئه‌مریکا و کوردی سووریا که‌مڕه‌نگتر بۆته‌وه‌."

ناوبراو له‌باره‌ی ئاستی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری کوردی سووریا یان باشتر بڵێم هێزی کوردی سووری له‌ نێو ئه‌مریکییه‌کاندا گوتی: "به‌ گشتی، هاوخه‌می و هه‌ڤگرییێکی زۆر نیسبه‌ت به‌ کورد له‌ نێو ئه‌مریکییه‌کاندا هه‌یه‌ به‌ڵام پشتیوانیی ئه‌مریکا له‌ کورد زیاتر به‌ بۆنه‌ی ئامانجی ستراتێژیکی شکستهێنانی داعشه‌ تاوه‌کوو هاوخه‌می له‌گه‌ڵ کورد. دۆناڵد تره‌مپ به‌ بۆنه‌ی شکستهێنانی داعش و سه‌رکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و گرووپه‌ ده‌یه‌وێت زۆربه‌ی هێزه‌کانی له‌ سووریا بباته‌ده‌ره‌وه‌."

دوکتۆر ئابرامز له‌باره‌ی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر کوردی سووریا به‌ کوردپرێسی گوت: "من پێموایه‌ که‌ زۆربه‌ی ئایدیۆلۆژیستانی واشنتۆن نایانه‌وێت تورکیا کوردی سووریا بکاته‌ ئامانج. هه‌ندێک که‌س پێیان وایه‌ که‌ ئه‌مریکا ئه‌و ڕاسپێردراوییه‌ی هه‌یه‌ هاوپه‌یمانانی کورد له‌ هێرشه‌کانی تورکیا بپارێزێت."

توێژه‌ری بواری تیرۆریزم له‌باره‌ی دوورنواڕی به‌رده‌وامیی هاوکاریی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا زیادی کرد: "ئه‌گه‌رچی مه‌نتیقی سه‌ره‌تاییی هاوپه‌یمانیی نێوان ئه‌مریکا و کوردی سووریا که‌مڕه‌نگ بۆته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا هه‌ستی به‌رده‌وامیی هاوکاری له‌گه‌ڵ کوردی سووریا له‌ ناو ئه‌مریکییه‌کاندا هه‌یه‌."

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "په‌یوه‌ندیی به‌هێزی نێوان کورد و ئه‌مریکا بۆ سه‌رکوت‌کردنی داعش گرینگایه‌تییێکی زۆری هه‌یه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52770

Your Comment

You are replying to: .
captcha