بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود عوسمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس لەبارەى سەردانى بەرپرسانى هەرێم بۆ وڵاتان دەڵێت: سەردانی بەرپرسانی هەرێم بۆ وڵاتان حزبییە و سوودێکی ئەوتۆی بۆ حکوومەت نیە و جەختیش دەکاتەوە هەر لایەنەو بەپێی بۆچوون و عەقڵی خۆی پەیوەندی دروست دەکات.
سەبارەت بە پۆستى سەرۆک کۆمار و ململانێیەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر ئەو پۆستە، مەحموود عوسمان ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێتی و پارتی بۆ پرسی سەرۆک کۆمار ڕاوێژیان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک نەکردووە و ئیستا راوێژ کردن نەماوە و هەر حزبە و لەگەڵ خۆی راوێژ دەکات.
پەیوەست بە بڕیارەکەى دادگای فیدراڵیش سەبارەت بە پرسى نەوت ناوبران روونیدەکاتەوە کە ئەو لاوازییەى لەنێوان لایەنە کوردییەکان هەیە و نەبوونى پەیوەندیی لە نێونیاندا نییە پێگەى کوردى لاواز کردووە، بۆیە ئەو لایەنانە ئێستا بە فرسەتیان زانیوە کە بریاری دادگای فیدراڵی دراوە و رەنگە بڕیاری دیکەش بدەن.
مەحموود عوسمان هەروەها دەشڵێت: "پێویستە بریارەکەى دادگای فیدراڵی ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی پارتى و یەکێتى، پێویستە بە گرێبەستە نەوتییەکاندا بچنەوە، دەبوو پارتی و یەکێتى چەند ساڵە مشوری ئەو پرسە بدایە کە چەند ساڵە لەدادگایە و چارەسەریان بکردایە، سەیرەکەش لەوەدایە بەشێک لە دادوەرەکان لە هاوپەیمانەکانى پارتین کە سەدر و سونەکانن، بۆیە ئەو هاوپەیمانیەتیە سوودی نەبووە".
Your Comment