پوختە
ڕۆژنامه‌نووسیی ئه‌لیکترۆنی یان سایبرژوورناڵیزم له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ده‌ورێکی به‌رجه‌سته‌ی بینیوه له گۆڕینی سیسته‌می میدیایی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی. ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌لیکترۆنی به مانای بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیارییه له کاتی دیاریکراو له قه‌باره‌ی ماڵپه‌ڕی ئینتێرنێتی یان تۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و چه‌شنه ڕۆژنامه‌نووسییه چه‌ندین ساڵه لایه‌نگری زۆری هه‌ن و به شێوازێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو په‌ره‌ی سه‌ندوووه. لەم وتارەدا نووسەر هەوڵی ئەوە دەدات خوێندنەوەیێکی کورت بۆ میدیای ئەلەکترۆنی بکات و بەو مەبەستەش کۆمەڵێک تایبەتمەندی و ئیمتیاز و خەساری میدیای ئەلەکترۆنی باس کراون بەو مەبەستەی خاڵی بەهێز و خاڵی لاوازی میدیای ئەلکترۆنی لە بەرانبەر میدیای نەریتی و ڕۆژنامەی چاپی لێک بدرێنەوە.
وشە سەرەکییەکان: میدیای ئەلکترۆنی، میدیای نەریتی، ڕۆژنامەی چاپی، ڕۆژنامەنووسی ئەلکترۆنی
پێشەکی
زۆر جار ده‌وترێت ئینتێرنێت و ئامێری دیجیتاڵ له‌سه‌ر هه‌یکه‌لی بیرکردنه‌وه و ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤ کاریگه‌ر ده‌بێت. خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه و ده‌قی کاغه‌زی له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی دیجیتاڵ له مۆبایل و کۆمپیووته‌ر و ئامێری له‌و چه‌شنه زۆر جیاوازه ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش به ته‌له‌فۆن و لاپ تۆپ و کۆمپیته‌ر ڕاهاتوون ده‌ڵێن: کاتێک ده‌قێکی چاپکراو ده‌خوێننه‌وه باشتر لێی تێده‌گه‌ن و لێی قووڵ ده‌بنه‌وه.
ئینتێرنێت و ئامێری ئه‌له‌کترۆنی ڕاسته ڕاپه‌ڕینێک بوو له مێژوو، زانست و فه‌رهه‌نگی مرۆڤدا که ڕاپه‌ڕینی له‌و چه‌شنه له سه‌رده‌می پاش داهێنانی ڕێنووس و خه‌ته‌وه بێ وێنه بووه. ئه‌و داپه‌ڕه وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره بوو له مێژووی هزر و فه‌رهه‌نگ و خه‌یاڵی مرۆڤی سه‌رده‌مدا. ئه‌گه‌رچی ته‌کنۆلۆژیا و ئامێری پێوه‌ندیی نوێ ده‌توانێت په‌یامه‌کان ئاسانتر و به ڕێژه‌یێکی به‌رفراوانتر بگه‌یێنێته به‌رده‌نگان به‌ڵام ئایا ئاستی تێگه‌یشتن له په‌یامه‌کان هیچ جیاوازییان نییه. ئایا ده‌کرێت ده‌قێکی چاپکراوی ڕۆژنامه یان کتێب و ئاستی لێتێگه‌یشتن له‌و ده‌قه یه‌کسان بزانین له‌گه‌ڵ شێوازی تێگه‌یشتن و قووڵ بوونه‌وه‌ی به‌رده‌نگان له‌باره‌ی ده‌قێکی هاوشێوه له جیهانی ئه‌له‌کترۆنی و ته‌کنیکیدا؟
جیهانی میدیایی که هه‌موو ڕۆژێک گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و پێشکه‌وتن به‌خۆوه ده‌بینێت به‌ستراوه به کۆمه‌ڵێک پێوه‌ری سیاسی و ئابووری و جوگرافیایییهوه. له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی میدیای نوێ و کارتێکه‌ریی ئه‌و میدیایه له‌سه‌ر حه‌یاتی مرۆڤایه‌تی کۆمه‌ڵێک له خاڵه‌کانی بنه‌مای ژیانی مرۆڤیش خوێندنه‌وه‌ی نوێی بۆ ده‌کرێت. شوێندانه‌ریی میدیا نوێکان تا ئه‌و ڕاده‌یه به‌رفراوان ده‌بێت که ده‌سته‌واژه‌ی کات و شوێن و کار که سه‌ره‌کیترین بنه‌ماکانی پێکه‌وه‌ژیانی مرۆڤن تووشی گۆڕان ده‌کات.
لێره‌دا به‌نیازین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه که ئایا ئیمتیازی ڕۆژنامه‌نووسیی ئه‌لیکترۆنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌رهاویشته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان بگۆڕێت له‌و نێوانه‌دا سێ ئیمتیازی به‌رجه‌سته‌ی میدیای ئه‌لیکترۆنی بریتین له: ته‌عامولی بوون، موڵتی میدیا بوون و تێپه‌ڕاندنی ده‌ق.
ئه‌و سێ ئیمتیازه گۆڕانکارییێکی قووڵ له حه‌وزه‌ی ڕووماڵی هه‌واڵ ده‌خاته ڕوو ئه‌وه‌ش جیاوازیی زۆری له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی میدیای نه‌ریتی هه‌یه. ئاگاکردنه‌وه له جێگای قه‌ناعه‌ت پێهێنان جیاوازییێکی نێوان دوو میدیای نه‌ریتی و ئه‌لیکترۆنییه. جیاوازییێکی دیکه ئه‌وه‌یه پێوه‌ندیی تاکلایه‌نه‌ی میدیای نه‌ریتی له میدیای ئه‌لیکترۆنیدا ده‌بێته پێوه‌ندییێکی دوو لایه‌نه یان فره‌لایه‌نی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش کات و شوێنی میدیای نه‌ریتی سنوورداره و دیاریکراوه به‌ڵام میدیای ئه‌لیکترۆنی کات و شوێنی بۆ نییه.
کۆمه‌ڵێک توێژینه‌وه‌ش سه‌لماندوویه‌تی که تایبه‌تمه‌ندیی ته‌عامولی بوونی میدیای ئه‌لیکترۆنی له سیسته‌می میدیاییدا ڕه‌زامه‌ندیی زیاتر له نێوان به‌رده‌نگاندا فه‌راهه‌م دێنێت ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌ی (به‌دیعی، 1384: 371).
دەقی وتار
بێگومان چ له باری زمانناسییه‌وه چ له باری فه‌رهه‌نگ ناسییه‌وه مرۆڤ به‌ره‌و ئاسانترین ڕێگا ده‌کشێت و هه‌وڵ ده‌دات زیاترین زانیاری به که‌مترین قووڵبوونه‌وه و ئاوڕدانه‌وه وه‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌وه‌شمان له بیر بێت ئامێری دیجیتاڵ و کۆمپیووته‌ری بۆ په‌ره‌پێدانی ئاستی توانا و ئازادیی مێشکی مرۆڤ داهاتوون به‌ڵام هه‌یکه‌لی مێشک و خه‌یاڵ و هزری مرۆڤ جیاوازیی زۆری له‌گه‌ڵ پێکهاته و هه‌یکه‌لی دیجیتاڵیدا هه‌یه. کۆمپیووته‌ر و ئامێری دیجیتاڵ به ڕه‌قه‌م و به سیفر و یه‌ک کار ده‌که‌ن به‌ڵام مێشکی ئێمه به شێوازی ئانالۆگی کار ده‌کات و پێوه‌ندییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا پێوه‌ندییێکی ئیستیعارییه و له سه‌رجه‌م دیارده‌کانی جیهانی ده‌ره‌وه که‌ڵک وه‌رده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی له دیارده‌کانی ده‌ور و پشتی خۆی تێبگات و لایه‌نی مهعرهفتناسانهی مێشک به‌رده‌وام چالاک بێت.
به وته‌ی مایک گادوینی ئه‌مریکی ئه‌مڕۆکه ڕاپه‌ڕینێکی ئه‌لیکترۆنی له بواری ڕۆژنامه‌نووسیدا که‌شێکی نوێ بۆ ڕۆژنامه‌نووسان ده‌خولقێنێت که هه‌موو تاکێک به کۆمپیۆتهرێک و هێڵێکی پێوه‌ندیی ئینتێرنێتی ده‌توانێت له‌گه‌ڵ یه‌ک یان ملیۆنان به‌رده‌نگ پێوه‌ندیی هه‌بێت ئه‌وه‌ش له حاڵێکدایه پێشتر ته‌نیا میدیا زه‌به‌لاحه‌کان ده‌ستیان به‌و بابه‌ته ده‌گه‌یشت. ململانێی نێوان میدیای گشتیی نه‌ریتی و ڕۆژنامه‌نووسیی ئه‌لیکترۆنی دوو تێڕوانینی سه‌ره‌کیی خستۆته به‌رده‌ست که هه‌ڵقۆڵاوی خاڵی به‌هێز و خاڵی لاوازی ئه‌و دوو ڕه‌وته ڕۆژنامهنووسییهیه. ڕه‌خنه‌گرانی ڕۆژنامه‌نووسیی ئه‌لیکترۆنی ڕه‌خنه له‌وه ده‌گرن که تاکی ناپسپۆڕ که ڕاهێنانی تایبه‌تی بۆ نه‌کراوه دێته بواری ڕۆژنامه‌نووسیی ئه‌لیکترۆنی و سه‌رنووسه‌ری به‌ئه‌زموون چاودێریی هه‌واڵ و زانیاریی میدیای ئه‌لیکترۆنی ناکات یان ڕه‌خنه‌یێکی دیکه ده‌ڵێت: بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌کانی پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی له میدیای دیجیتاڵدا ڕه‌عایه‌ت ناکرێت بۆ نموونه وردبینی، گشتگیری، بێلایه‌نی، ڕاستبێژی و پاراستنی عه‌داله‌ت له میدیای ئه‌لیکترۆنیدا به نیسبه‌ت ڕۆژنامه‌ی نه‌ریتی که‌متره.
له به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی هاوڕان له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕۆژنامه‌نووسیی ئه‌لیکترۆنی بڕوایان وایه میدیای ئه‌لیکترۆنی میدیایێکی ته‌عامولییه و که‌شی ئه‌وه ده‌ڕه‌خسێنێت که هه‌موو تاکێک قسه‌ی خۆی بکات و ده‌نگی چینی خامۆشی کۆمه‌ڵگا به‌رز بکاته‌وه ئه‌وه‌ش خزمه‌ت کردنه به دیموکراسی و ئاشته‌وایی هه‌روه‌هاش میدیای دیجیتاڵ زنجیری کات و شوێن ده‌پچڕێنێت و هیچ ده‌ڵاڵ و واسیته‌ی تێدا نییه و هه‌لی ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به سه‌رچاوه و ئه‌ده‌بی میدیاییی جیهان له هه‌موو بوارێک‌دا ده‌ڕه‌خسێنێت و ڕه‌وته‌که له ژووره‌وه بۆ خواره‌وه نییه به‌ڵکوو ته‌عامولییه و سه‌رچاوه‌کان ته‌نها له پاوانی که‌سانی تایبه‌تدا نییه.
میدیای ئه‌لیکترۆنی هه‌روه‌هاش کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری له ستایلی کۆنی ڕۆژنامه‌نووسیدا کردوووه. به‌رچاوترین خاڵی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ش کورتنووسینه که هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سنووردار بوونی کاتی به‌کارهێنه‌رانی میدیای ئه‌لیکترۆنی. هه‌روه‌هاش به‌کارهێنانی ئه‌ده‌ب و زمانی نافه‌رمی تایبه‌تمه‌ندییێکی دیکه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی ئه‌لیکترۆنییه. به گشتی سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆژنامه‌نووسیی ئه‌لیکترۆنی هه‌ڵقۆڵاوی کۆمه‌ڵێک گۆڕانکارییه له بواری ڕۆژنامه‌نووسیی چاپیی نه‌رێتیدا. دیاره که ڕه‌وتێکی نوێ سه‌رهه‌ڵده‌دات ڕه‌وتی پێشوو له‌ناو ناچێت به‌ڵکوو گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا دێت. ڕاجر فیدلێر مامۆستای ڕۆژنامه‌وانی ئه‌له‌کترۆنی و زانستی پێوه‌ندی له زانکۆی ئۆهایۆی ئه‌مریکا له‌وباره‌یه‌وه گوتوویه‌تی: میدیای نوێ هه‌رگیز به سه‌ربه‌خۆیی سه‌ر هه‌ڵنادات به‌ڵکوو ئه‌نجامی گۆڕانێکی به‌ئاسته‌مه له میدیا کۆنه‌کاندا.
له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌و گرینگایهتییهی نووسراوه و چاپه‌مه‌نی و ده‌قی کاغه‌زی له ژیانی مرۆڤدا هه‌یه‌تی ده‌توانم وه‌کوو هێمایێک ئاماژه به سکۆنسێکی فیلمی فارنهایتی 451 بکه‌م که له‌و فیلمه‌دا فه‌رمانبه‌رانی ئیداره‌ی ئاگرکوژاندنه‌وه ڕاده‌سپێردرێن بۆ ئه‌وه‌ی تێکڕای کتێبه‌کان بسووتێنن تاکوو هاووڵاتییان له‌باره‌ی زانیاری و زانسته‌وه ته‌نها ئامێری ئه‌له‌کترۆنی به‌کار بهێنن که له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ران و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتانی کۆمه‌ڵگاوه ئیداره ده‌کرێن. هێزێکی به‌رخۆدان پێکده‌هێنرێت تاکوو هه‌ر تاکێک یه‌ک کتێب له سه‌رجه‌م ئه‌و کتێبانه‌ی ده‌سووتێندرێن لای خۆی بهێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کتێبه‌کان بپارێزرێن. سه‌ره‌ڕای گرینگایه‌تیی ده‌قی چاپکراو و کاغه‌زی له باری زانستییه‌وه مرۆڤ له ئه‌ساسدا عاتیفه و هۆگرییێکی تایبه‌تی به کتێب و ده‌قی چاپکراو هه‌یه ته‌نانه‌ت بۆنی کاغه‌ز و کتێبی چاپکراو هه‌ستێکی خۆش ده‌به‌خشێته مرۆڤ. ئینتێرنێت و میدیا دیجیتاڵه نوێیه‌کان لینک و هایپرلینکی جۆربه‌جۆریان هه‌یه. خوێندنه‌وه‌شیان به شێوازی تۆڕێکی لێکتهندراو له‌و لینکانه ئه‌نجام ده‌بێت که ده‌توانێت پاشهاتی هه‌بێت له‌سه‌ر مێشکی مرۆڤ. لینک و هایپرلینکهکان شێوازێکه له کۆپی هه‌ڵگرتنی ناته‌واو و ناڕاست له شێوازی کارکردنی مێشک.
ئه‌گه‌ر به‌کارهێنه‌ری ئامێری دیجیتاڵ و خوێنه‌ری لینک و هایپرلینکهکان وریا بێت و مێشکی خۆی چالاک بکاته‌وه ده‌رفه‌تێک ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ گه‌شه‌پێدانی تواناکانی مێشکی.
له بیریش نه‌که‌ین هه‌ندێک جار ئینتێرنێتی پڕ ئیدعا ده‌یه‌وێت به مرۆڤی بسه‌لمێنێت زیاتر له تۆی مرۆڤ ده‌زانێت که ئێستا ئه‌و ئامێره به‌کار ده‌هێنیت و باشتر له خۆت ده‌زانێت که به دوای چیدا ده‌گه‌ڕیت. هه‌ندێک جار بابه‌تی جۆراوجۆر و هاوپێوه‌ند له جیهانی ئینتێرنێتدا ته‌رکیزی مرۆڤ ده‌شێوێنێت چوونکه مێشکی ئێمه خاوه‌ن پڕۆسه‌یێکی بژارده‌یی و ڕه‌تکردنه‌وه‌یه که هه‌موو چه‌شنه داپه‌ڕێکی نه‌خوازراو و هه‌ڵنه‌بژێردراو به ئازارده‌ر و موزاحیم ده‌زانێت و بۆیه‌ش مومکینه زانیاریی به که‌ڵک نه‌هاتوو و بێ پێوه‌ند به زانیاریی مه‌به‌ستی ئێمه مێشک تووشی سه‌رلێشێواوی بکات.
مه‌ترسیی گه‌وره‌ی ئامێری دیجیتاڵ ئه‌وه‌یه مومکینه به بێ ئیراده‌ی مێشک مرۆڤ به‌ره‌و سه‌رلێشێواوی، به بنبه‌ست گه‌یشتن، کات به فیڕۆدان و وێڵ بوون له ناو ئینتێرنێتدا به‌رێت ئه‌وا مه‌ترسییێکی جیدییه به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئامێری دیجیتاڵ به ده‌ست گه‌نجان و نهونهمامانهوه بێت که ئه‌زموون و زانیاریی که‌متریان لایه هه‌ر بۆیه‌ش له‌م یادداشته‌دا ئیدعامان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه سه‌رلێشێواوی و خولانه‌وه‌ی بێ ئامانج له ئینتێرنێتدا داوێنی خه‌یاڵی ئینسان به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه و توانای داهێنان و قووڵ بوونه‌وه‌ی لێ ده‌سێنێت تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی زۆر جار ده‌بینین ده‌قێکی ئه‌له‌کترۆنی که له چه‌ند وشه تێده‌په‌رێت خوێنه‌رێکی ئه‌وتۆی نییه چوونکه مێشک له‌و حاڵه‌ته‌دا به‌رده‌وام به دوای شتیتردا وێڵ ده‌بێت و له بابه‌تی درێژ قووڵ نابێته‌وه.
له هه‌لومه‌رجی له‌و چه‌شنه‌دا ئاوڕدانه‌وه له چاپه‌مه‌نی، کتێب و ڕۆژنامه و ده‌قی زانیاریده‌ر پێداویستییێکی هه‌ره‌گرینگ دێته ئه‌ژمار که تینوویه‌تیی ڕۆحی مرۆڤ به زانیاریی قووڵ ده‌شکێنێت. ئه‌و بۆشاییه‌ی له جیهانی ئه‌مڕۆکه‌دا کورتهێنانه‌که‌ی به ته‌واوه‌تی هه‌ستی پێده‌کرێت و دیار نییه جیهان و ئامێری دیجیتاڵ مێشک و هزر و خه‌یاڵی مرۆڤ به‌ره‌و کام لا ده‌بات و ئاکامی چی ده‌بێت.
ڕۆژنامه و میدیا له سه‌رده‌می نوێی هه‌واڵ و زانیاری‌دا زیاتر له پێش ده‌ور ده‌بینێت. پێدانی زانیاریی بێ‌سنوور له‌لایه‌ن میدیا و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و هێڵی ئینتێرنێته‌وه وای کردوووه له‌م سه‌رده‌مه‌دا کۆمه‌ڵگا پێویستی به کۆمه‌ڵێک ڕۆژنامه‌نووس بێت که بتوانن هه‌واڵ و زانیاریی پێویست و به که‌ڵک بۆ ژیانی ڕۆژانه هه‌ڵبژێرن و خوێندنه‌وه بۆ هه‌واڵه‌کان بکه‌ن واتا چینی عامی کۆمه‌ڵگا پێویستی به کۆمه‌ڵێک ڕۆژنامه‌نووسه که بتوانن زانیارییه‌کان بکه‌ن به زانست.
پێشکه‌وتنی میدیای ئه‌لیکترۆنی له کۆمه‌ڵگادا پێویستی به کۆمه‌ڵێک هه‌لومه‌رج و پێوه‌ر هه‌یه که به‌شێکی هه‌ره‌زۆریان له وڵاتانی جیهاندا فه‌راهه‌م نه‌کراوه به‌ڵام خاڵی گرینگ ئه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت له کۆمه‌ڵگا پێشکهوتوووهکانیشدا که زۆرینه‌ی مه‌رجه‌کان ڕه‌خساون تا ئێستاش ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنی نه‌یتوانیوه ببێته ئاڵته‌رنه‌تیڤێکی باش بۆ ڕۆژنامه‌ی چاپی. هۆکاریش له‌وباره‌یه‌وه زۆرن که به‌شێکی پێوه‌ندیی به‌و خاڵانه‌وه هه‌یه که شوێندانه‌رن له پێشکه‌وتنی میدیای ئه‌لیکترۆنی به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری وای دابنێین هه‌موو مه‌رجه‌کانیش ده‌سته‌به‌ر بکرێن ڕۆژنامه‌ی چاپی دیسان لای به‌رده‌نگانی خۆی خۆشه‌ویسته ئه‌وه‌ش له‌به‌ر پێشینه‌ی مێژوویی و ئاسان بوونی خوێندنه‌وه له‌سه‌ر کاغه‌ز و هه‌روه‌ها ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی ئاسان.
مێژووی ڕۆژنامه‌ی چاپی زیاتر له 400 ساڵ تێده‌په‌ڕێنێت و لای منداڵ و گه‌نج و پیر ئاشنایه به‌ڵام ته‌مه‌نی میدیای ئه‌لیکترۆنی به فه‌رمی که‌متر له 15 ساڵه. ڕۆژنامه‌ی چاپی له هه‌موو کات و شوێنێکدا ده‌ست ده‌که‌وێت و به‌رده‌نگ ده‌یخوێنێته‌وه به‌ڵام ده‌ستخستنی میدیای ئه‌لیکترۆنی و خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵ له‌و میدیایه‌دا پێویستی به کۆمپیۆته‌ر یان ئامێری ئه‌لکترۆنی و هێڵی ئینتێرنێت هه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به ڕای زۆرینه‌ی به‌رده‌نگان خوێندنه‌وه له‌سه‌ر کاغه‌ز زۆر ئاسانتر و قووڵتر و زانستیتره له خوێندنه‌وه‌ی سه‌ر شاشه‌ی کۆمپیۆته‌ر بۆیه له ڕاستیدا ڕۆژنامه‌ی چاپی هه‌رگیز سه‌رهه‌ڵدانی میدیای ئه‌لیکترۆنی به هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر خۆی نازانێت به‌ڵکوو ده‌کرێت ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنی یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ کامڵ کردنی ڕۆژنامه‌ی چاپی. ئه‌مڕۆکه له جیهاندا زیاتر له 6 هه‌زار ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنی ده‌رده‌کرێن ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت ڕۆژنامه‌نووسان چیتر له پاوانی کاغه‌ز ده‌رچوون و زۆرینه‌یان له پاڵ ئه‌وه‌دا که کاغه‌ز به‌کار ده‌هێنن کار به ئامێری ئه‌لیکترۆنیش ده‌که‌ن.
یوونس شوکرخواه پسپۆڕی بواری ڕۆژنامه‌نووسی چوار خاڵی سه‌رنجڕاکێش ده‌خاته ڕوو و به‌پێی ئه‌و چوار خاڵه بڕوای وایه میدیا کاغهزییهکانیش ده‌توانن شوێنه‌واری ئه‌لیکترۆنی و سایبرییان هه‌بێت. ئه‌و چوار خاڵه‌ش بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
1. ڕۆژنامه‌کان ده‌توانن له ڕووماڵی هه‌واڵه‌وه هه‌یکه‌لی خۆیان بگۆڕن بۆ ڕێکخراوێکی به‌رهه‌مهێنه‌ری زانیاری ئه‌وه‌ش پێویستی به گۆڕانکاری کردنێکی فراوانه له فه‌رهه‌نگی ڕۆژنامه‌نووسیدا بۆیه ده‌بێت ڕه‌فتاری نوخبهسالاری و پاڵاوتنی هه‌واڵه‌کان وه‌لا بنرێت چوونکه جیهانی ئه‌لیکترۆنی و سایبری جیهانی سنووردار کردنی زانیارییه‌کان نییه به‌ڵکوو جیهانی ڕژانی به‌لێزمه‌ی زانیارییه.
2. که‌شی ئه‌لیکترۆنی و سایبری تا ئێستاش به‌بێ زانست یان (Knowledge)ه و زیاتر زانیاری (Information) به به‌رده‌نگی ده‌دات.
3. میدیای ئه‌لیکترۆنی به گشتی ته‌رکیز ده‌کاته سه‌ر ڕووماڵکردنی هه‌واڵ و به‌شی ڕاپۆرت و شرۆڤه‌ی هه‌واڵ ئیهمال ده‌کات بۆیه پێویسته ڕۆژنامه‌ی چاپی ئه‌و به‌شه‌ش به هه‌ند وه‌ربگرێت.
4. میدیای ئه‌لیکترۆنی که ته‌نانه‌ت به گشتی ئینتێرنێتیش هێشتاکه له ئاستی تیئۆریدا دژبه‌ری هه‌یه و ئه‌و دژایه‌تییه‌ش ده‌توانێت ده‌رفه‌تی نوێکردنه‌وه بدات به ژوورنالیزمی چاپی چوونکه میدیای ئه‌لیکترۆنی چینی هه‌ژار و نه‌خوێنده‌وار به ته‌واوه‌تی ده‌خاته په‌راوێز و ئه‌و چینه ناگرێته‌وه.
میدیای ئه‌لیکترۆنی هه‌لی ئه‌وه‌ی ڕهخساندوووه که میدیا و به تایبه‌تی ته‌له‌فزیۆن به گشتی به‌رنامه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و داواکراو به‌رهه‌م بهێنێت و ته‌عامول کردن له‌گه‌ڵ به‌رده‌نگان وه‌کوو ئاڵته‌رناتیڤێک بۆ پێوه‌ندیی تاکلایه‌نه به‌کار بهێنێت. خاوه‌نبیرانی بواری میدیا و له‌وان مانۆئێل کاستێڵز مامۆستای کۆلێژی کۆمه‌ڵناسی له زانکۆی برکلی پێوه‌ندیی ئه‌لیکترۆنی به ده‌رفه‌تێک ده‌زانێت بۆ به‌هێز کردنی ئاستی به‌شداریی سیاسی و ئاسۆی پێوه‌ندیی نێوان هاووڵاتییان. به ڕای کاستهوز ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی ڕاسته‌وخۆ هاوکات به هه‌واڵ و زانیاری کۆمپیۆته‌ری ده‌بێته‌هۆی ئاسانکاری کردن له بواری پێداچوونه‌وه و بڵاو کردنه‌وه‌ی زانیارییه‌کان ئه‌وه‌ش که‌شی ته‌عامول و گفتوگۆ کردن له میدیای ئه‌لکترۆنیدا فه‌راهه‌م ده‌کات له حاڵێکدا له ڕۆژنامه‌ی چاپی و ته‌له‌فزیۆندا ئه‌و خاڵه ئیهمال ده‌کرێت.
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی میدیای دیجیتاڵ:
1. مۆڵتی میدیا و ته‌کنه‌لۆژیای وێنه و ڤیدیۆ و ده‌ق.
2. به‌رفراوان بوونی گۆڕه‌پانی میدیایی.
3. نوێکرانه‌وه‌ی هه‌واڵه‌کان بۆ چه‌ندین جار له ڕۆژدا.
4. ئه‌رشیڤی ئه‌لیکترۆنیی میدیاکان.
5. به‌کارهێنانی تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینتێرنێت.
6. پێوه‌ندیی دووسه‌ره و دایه‌لۆگی.
7. که‌م بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستوه‌ردانی جومگه‌کانی حوکمڕانی له‌سه‌ر میدیا و به‌هێز کردنی ئازادیی ڕاده‌ربڕین.
8. ژماره‌ی خوێنه‌ر.
9. فه‌رمانبه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی تایبه‌ت به ڕۆژنامه‌وانیی ئینتێرنێتی.
10. ستایل و شێوازی نوێ و تایبه‌تی ڕیکلام و پڕوپاگه‌نده کردن.
ژماره‌یێک له ڕه‌خنه‌گران و به تایبه‌ت گێتس بڕوایان وایه ته‌عامول و کاردانه‌وه‌ی دوو لایه‌نه جێی سه‌ره‌نجترین تایبه‌تمه‌ندیی ژوورنالیزمی ئه‌لێکترۆنییه. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی گفتوگۆیێکی ڕاسته‌قینه له نێوان خوێنه‌ر، هه‌واڵنێر و سه‌رنووسه‌ری میدیاکان ڕوو بدات. ئه‌و گفتوگۆیه‌ش هه‌رگیز له لاپه‌ڕه سنوورداره‌کانی "کورته‌نامه بۆ سه‌ر نووسه‌ر" جێگای نابێته‌وه.
کێشه‌کانی میدیای ئه‌لێکترۆنی:
1. دژواره له‌سه‌ر شاشه‌ی کۆمپتۆتهر یان مۆبایل ده‌قی ڕاپۆرت و هه‌واڵ بخوێنرێته‌وه.
2. میدیای دیجیتاڵ وابه‌سته‌یه به ته‌کنه‌لۆژیای پێشکه‌وتووی جیهان.
3. هێزی پسپۆڕ و که‌ره‌سته‌ی نوێی پێشکه‌وتوو له باری دارایییه‌وه تێچووی زۆری ده‌وێت.
4. ئیمکانات و زانیاریی ئهنفۆرماتیی به‌رده‌نگانی میدیای دیجیتاڵ سنوورداره.
5. کوالێتیی هێڵی ئینتێرنێت به نیسبه‌ت تێچوووهکهیهوه که‌مه.
6. له میدیای دیجیتاڵدا ڕۆژنامه‌نووس زانیاری و پسپۆڕیی بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری که‌متره و زیاتر له زانستی کۆمپیۆتهریدا شاره‌زایه.
7. سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ له میدیای دیجیتاڵدا متمانه‌ی که‌متری پێ ده‌کرێت.
8. کاتی ماننه‌وه‌ی په‌یامه‌کان له میدیای ئه‌لیکترۆنیدا به نیسبه‌ت ڕۆژنامه‌ی نه‌ریتی و چاپکراو که‌متره.
9. بنه‌مای ئه‌خلاقی ڕۆژنامه‌گه‌ری له له میدیای ئه‌لیکترۆنیدا به نیسبه‌ت میدیای نه‌ریتی که‌متره.
ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی ده‌بنه ڕێگر له پێشکه‌وتنی میدیای ئه‌لیکترۆنی بریتین له ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه:
1. تێچووی هێڵی پێوه‌ندیی ئینتێرنێت به گشتی زۆره و ئه‌وه‌ش ته‌نها تایبه‌ت به کۆمه‌ڵگه‌ی نێوهپێشکهوتوو نییه به‌ڵکوو له وڵاتانی پێشکه‌وتووشدا ده‌بینرێت.
2. کلتووری ئه‌نفۆرماتیک ڕێژه‌یێکی به‌رچاوی خه‌ڵکی جیهانی له ئاستێکی خواردا هێشتۆته‌وه.
3. زۆرینه‌ی به‌کارهێنه‌رانی ئینتێرنێت له جیهاندا ئه‌و که‌سانه‌ن که له‌و بواره‌دا پسپۆڕن نه‌ک چینی عامی به‌رده‌نگانی ڕۆژنامه‌کان.
ئه‌نجام:
به گشتی ده‌توانم بڵێم که ڕۆژنامه و میدیا له سه‌رده‌می ئیستادا زیاتر له پێش ده‌ور ده‌بینێت. پێدانی زانیاریی بێ‌سنوور له‌لایه‌ن میدیا و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و هێڵی ئینتێرنێته‌وه وای کردوووه له‌م سه‌رده‌مه‌دا کۆمه‌ڵگا پێویستی به کۆمه‌ڵێک ڕۆژنامه‌نووس بێت که بتوانن هه‌واڵ و زانیاریی پێویست و به که‌ڵک بۆ ژیانی ڕۆژانه هه‌ڵبژێرن و خوێندنه‌وه بۆ هه‌واڵه‌کان بکه‌ن واتا چینی عامی کۆمه‌ڵگا پێویستی به کۆمه‌ڵێک ڕۆژنامه‌نووسه که بتوانن زانیارییه‌کان بکه‌ن به زانست.
سه‌رچاوه‌کان:
امجدی، حسین (1395)، آینده پژوهی رسانه، نشر نقد کتاب اطلاع رسانی و ارتباطات، شماره 12، ص‌ص 89-100.
انصاری، محمد مهدی؛ خاشعی، وحید (1392)، استراتژی در فرهنگ و رسانه، دفتر مطالعات و برنامه ریزی رسانه ها.
پاپی، مریم؛ شکرخواه یونس (1383)، در فضای وب همه مردم روزنامه نگارند، کتاب ماه کلیات، شماره 85، ص‌ص 5-15.
جاوید، مقداد (1387)، فضای رسانه و فضای سایبر، نشریه رادیو و تلویزیون، شماره 6، ص‌ص 50-59.
دهقان، علیرضا (1385)، روزنامه نگاری الکترونیک: فرصت ها و محدودیت ها، نشریه جهانی رسانه، شماره 2، ص‌ص 1-22.
شکرخواه یونس (1382)، چالش های روزنامه نگاری الکترونی در برابر روزنامه نگاری مطبوعاتی، رادیویی و تلویزیونی، نشریه رسانه، شماره 53، ص‌ص 27-35.
___________ (1376)، سیاسی- اجتماعی: جدال رسانه ای در دهکده جهانی، نشریه رشد معلم، شماره 132، ص‌ص 25-27.
عباداللهی، پریسا (1387)، نشانه رسانه ها (مارسل دانسی)، نشریه رسانه شماره 73، ص‌ص 195-198.
عباس زاده، محسن؛ سوری، فرزاد (1392)، کثرت گرایی سیاسی: میان نظریه و واقعیت، نشریه پژوهش سیاست نظری، شماره 13، ص‌ص 53 تا 72.
فرقانی، محمد مهدی (1381)، شبکه های ارتباطی نوین و رسانه های همگانی؛ تقابل یا تعامل، نشریه رسانه، شماره 52، ص‌ص 48-57.
کالمن آلوس، روزنتال (1380)، آینده روزنامه نگاری الکترونیک؛ دگرگونی رسانه یا رسانه کشی، نشریه رسانه، شماره 6، ص‌ص 66-73.
مرشدلو، مصطفی (1386)، رسانه ها و دین، رواق هنر و اندیشه، شماره 9، ص‌ص 89-96.ودودی، الهه (1384)، آینده روزنامه چاپی در چالش با روزنامه نگاری آنلاین، نشریه رسانه، شماره 63، ص‌ص 197-226.
Your Comment