په‌رله‌مانتارێکی عێراق: هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ 2 بنکه‌ی سه‌ربازی و 4 ناحیه‌ی بیاوانی پارێزگاری ئه‌نبار بوونیان هه‌یه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی پارێزگای ئه‌نبار له‌ په‌رله‌مانی عێراق باس له‌ هه‌بوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ شه‌ش ناوچه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: کشانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌کان له‌ دۆخی ئێستادا له‌ زه‌ره‌ری عێراقدا ده‌شکێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌یسه‌ڵ عیساوی نوێنه‌ری په‌رله‌مانی عێراق له‌ پارێزگای ئه‌نبار له‌ ڕۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌ به‌ هه‌واڵده‌ریی سۆمه‌ریه‌ نیووزی وت: هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ چوار ناوچه‌ی بیاوانی و دوو بنکه‌ی سه‌ربازیی ئه‌و پارێزگا سنوورییه‌ بوونیان هه‌یه‌ و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقدا نییه‌.

ناوبراو گوتیشی: پێش له‌ وه‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌سه‌ر ڕوانگه‌ی داموده‌زگا ئه‌منی، سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌کانی عێراق که‌ به‌رپرسیارێتیی سه‌ره‌کیی دۆخی ئه‌منیی وڵاتیان له‌ ئه‌ستۆیه‌، هه‌ر جۆره‌ قسه‌کردن له‌باره‌ی ده‌رکردنی هێزه‌ بیانییه‌کان به‌ گشتی و به‌تایبه‌ت هێزه‌کانی ئه‌مریکا زوووه‌.

ئه‌و نوێنه‌ره‌ی په‌رله‌مانی عێراق ڕوونیشی کرده‌وه‌: له‌ قۆناغی یه‌که‌م و پێش له‌ هه‌ر جۆره‌ کارێک بۆ په‌سه‌ندکردنی یاسایێک دژ به‌ هێزه‌ بیانییه‌کان ده‌بێ پرسیار له‌ داموده‌زگا ئاماژه‌پێکراوه‌کان بکه‌ین که‌ ئایا له‌ ڕاستیدا پێویستیان به‌ هێزی هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش به‌ تێکڕای ئه‌زموون، که‌ره‌سته‌ و توانای سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌وه‌ نییه‌؟

عیساوی ڕاشی‌گه‌یاند: هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی پارێزگای ئه‌نباردا نیین به‌ڵکوو ئه‌وان له‌ چوار ناوچه‌ی بیاوانی و بنکه‌ی سه‌ربازیی حه‌بانیه‌ و عه‌ینولئه‌سه‌د جێگیر کراون و ئه‌و هێزانه‌ هیچ پێوه‌ندیێکیان له‌گه‌ڵ ژیانی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نیی پارێزگاوه‌ نییه‌ و ئه‌رکی ئه‌وان ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری له‌گه‌ڵ داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان، مه‌شقی هێزه‌کانی حه‌شدی عه‌شایری، پۆلیسی خۆجێیی و فه‌وجی دۆخی نائاسایی و ته‌یارکردنیان به‌ که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازییه‌.

ناوبراو گوتی: ئاماده‌بوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا به‌ پێچه‌وانه‌ی مه‌یل و داواکاریی گه‌ل و ده‌وڵه‌تی عێراق نییه‌ به‌ڵکوو ئه‌وان له‌ چوارچێوه‌ی ڕێککه‌وتننامه‌ی فه‌رمیی واژۆکراوی نێوان به‌غدا- واشنتۆن جێگیر کراون و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و زانیارییانه‌ی که‌ له‌باره‌ی هه‌بوونی داعش له‌ هێزی سه‌ربازی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌رکانی هاوبه‌شی سوپا، فه‌رمانده‌ییی ژووری ئۆپه‌راسیۆن، هێزه‌کانی هه‌واڵگری، پۆلیسی خۆجێیی و حه‌شدی عه‌شایری وه‌رده‌گرین، پێداویستی و توانای ناوخۆیی زۆر که‌مه‌ و ناسینه‌وه‌ و چاودێرییێکی وردمان نییه‌ بۆ ڕاوه‌دوونان و له‌ناوبردنی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ و له‌ بارودۆخی ئێستادا چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ عێراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتدا نییه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51834

Your Comment

You are replying to: .
captcha