کوردپرێس:
ڕۆژی 22ی ڕێبەندان وەکوو ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران کە 22ی ڕێبەندانی ساڵی 1357ی هەتاوی بەرانبەر بە 11ی شوباتی 1978 ڕووی دا هەموو ساڵێک لە وڵاتی ئێران بەرز ڕادەگیرێت و لەو ڕۆژەدا گەلی ئێران لە سەرتاسەری وڵاتەوە دێنە سەر شەقام و پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو شۆڕشە ڕادەگەیێنن.
ئەمساڵیش لە سەر نەریتی ساڵانی ڕابردوو خەڵکی هەر چوار پارێزگا کوردنشینەکەی کوردستان و کرماشان و ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هاتنە سەر شەقام و ڕێپێوانی نەریتیی 22ی ڕێبەندانیان بەڕێوە برد.
لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا خەڵکی 17 شاری ئەو پارێزگایە بەشداریی ڕێپێوانەکەیان کرد کە بریتین لەم شارانە: مەهاباد و سەردەشت و ماکوو و میاندواو و خووی و پولدەشت و شووت و قەرە زیادین و سەڵماس و چایپارە و بۆکان و ساینقەڵا و تیکاب و پیرانشار و شنۆ.
محەمەد مەهدی شەهریاری پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەشداریی هاووڵاتییانی بە وەڵامێک دەمکوتکەر بۆ وڵاتانی زلهێز و هاوپەیمانانی دوژمنەکانی ئێران زانی و سپاسی بەشداری کردنی هاووڵاتییانی کرد.
لای خۆیانەوە خەڵکی شارەکانی پارێزگای کوردستان بەشداریی فراوانیان لە ڕێپێوانی 22ی ڕێبەندان کرد و لە کۆتاییدا بەهمەن مورادنیا پارێزگاری کوردستان و ئایەتوڵڵا شاهروودی نوێنەری وەلی فەقێ لە کوردستان سپاسی بەشدارییەکەی هاووڵاتییانی کوردستانیان کرد و گوتیان ئەو هیممەتەی ئێوە نواندتان دوژمنانی ئێران بێ هیوا دەکات.
لە شاری دیواندەرەش مامۆستا فایەق ڕوستەمی نوێنەری خەڵکی کوردستان لە ئەنجومەنی خوبرەکان وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: کاربەدەستانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێویستە بەو هیممەتەی هاووڵاتییان بزانن کە لە هەموو تەنگانەیێکدا بەدەم حکوومەتەوە هاتوون و پشتگیریی خۆیانیان بۆ ئەو حکوومەتە ڕاگەیاندووە.
لە شاری مەریوانیش حسێن خوش ئێقباڵ جێگری سیاسیی پارێزگاری کوردستان وتاری پێشکەش کرد و پاش دەربڕینی سپاس و پێزانین بۆ بەشداریی هاووڵاتییان لە ڕێپێوانی 22ی ڕێبەندان ڕایگەیاند: گەلی ئێران و جەماوەری کوردستانیش سەلماندوویانەوە کە لە هەموو قۆناغێکی هەستیاردا پشتگیریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان کردووە و ئەوەش نیعمەتێکی مەعنەوییە.
جێگری ئەمنیی پارێزگاری کوردستان ئاماژەی بە شەڕی 8 ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و ئەو نەهامەتییانە کرد کە لەو سەردەمەدا بە سەر گەلی ئێراندا هات و گوتی: هاوینی ئەمساڵیش دوژمنانی ئێران باسی هاوینی پڕووکێنەر و تەنگهەڵچنین بە گەلی ئێرانیان دەکرد بەڵام ئەوا جەژنی چلەمین ساڵی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییش بەڕێوە چوو و دوژمنان بزانن ئەو گەلەیان پێ نابەزێت.
Your Comment