کوردپرێس:
شوان كەریم ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان بەSNNی راگەیاند: بۆ ئەم خولە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێرێت، بەڵام دابەشكردن و چۆنیەتی دەسەڵاتەكان بەڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان یەكلایی دەكرێتەوە، كە چ دەسەڵاتێك لای حكومەت و پەرلەمان بمێنێتەوە.
ناوبراو وتیشی:"رۆژی 18ی مانگ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت، ئەگەر هیچ بەربەستێك دروست نەبێت، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئەوكاتە لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەستدەكات بەدابەشكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەم خولە".
راشیگەیاند: وەكو فراكسیۆنی پارتی هیچ پڕۆژەیاسایەكمان بۆ دابەشكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ئامادەنەكردووە، ئەوە دەمێنێتەوە سەر رێككەوتنی لایەنەكان.
بە وتەی ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، "ئەم رێكارانە زۆر ناخایەنێت، ئەگەربێت و لەهەفتەی داهاتوو رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی بكرێت، كە رەنگە دواتر رێككەوتنی سێ قۆڵیش بكرێت، ئەوكاتە زۆربەی شتەكان یەكلایی دەكرێتەوە".
Your Comment