خه‌سرۆ گۆران: ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی عێراق ئاسایی نه‌کرێته‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان به‌ڕێوه‌ بچێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسی ده‌زگای ھه‌ڵبژاردنی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی عێراق ئاسایی نه‌كرێته‌وه زه‌حمه‌ته‌ ئه‌مساڵ ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق به‌ڕێوه‌ بچێت و له‌باره‌ی كه‌ركووكیشه‌وه‌ گوتی: پارتی بڕیاری كۆتایی داوه‌ و ڕه‌وشی كه‌ركووک ھیی ھه‌ڵبژاردن نییه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28ی کانوونی دووهه‌می 2019 خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسی ده‌زگای ھه‌ڵبژاردن به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی عێراق به‌ گشتی ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌، ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردن زه‌حمه‌ته‌ ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ بچێت، چوونكه‌ ھێشتا بڕیاری كۆتایی له‌باره‌یه‌وه‌ نه‌دراوه‌ و ته‌نیا كۆمیسیۆنی باڵای ھه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕه‌زامه‌ندیی نیشان داوه‌ و حكوومه‌تی عێراق ئه‌و ڕێكه‌وته‌ی په‌سه‌ند نه‌كردوووه‌."

ناوبراو گوتیشی: "ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ پانزده‌ پارێزگادا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌ مووسڵ و كه‌ركووكیشه‌وه‌ و پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر تا ئه‌وكات ڕه‌وشی عێراق ئاسایی بكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی به‌ھێزه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕه‌وشه‌که‌ سه‌قامگیر نه‌بێت ھه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌خرێته‌ ساڵی دابێت."

گۆران له‌باره‌ی كه‌ركووكه‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: "كه‌ركووک ڕه‌وشێكی تایبه‌تی ھه‌یه‌ و ئێمه‌ وه‌ک پارتی به‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستاوه‌ ڕه‌تمان كردوووه‌ته‌وه‌ به‌شداری له‌ ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكدا بكه‌ین و ئێمه‌یش به‌شداری نه‌كه‌ین به‌و دۆخه‌ی ئێستای كه‌ركووک ھه‌ڵبژاردن ناكرێت له‌و پارێزگایه‌دا به‌ڵام كه‌ باس له‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ ده‌كرێت، ئێمه‌یش له‌ دوای ئاسایی كردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی كه‌ركووک و دانانی پارێزگار و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51443

Your Comment

You are replying to: .
captcha