بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند مەرجمان بۆ گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکوومەت رێکەوتنی سیاسیە لە پێناو چاکسازی ریشەیی لە کایەی بەڕێوەبردن و ھێنانەکایەی حکوومەتی ھاوڵاتی بوون.
سەبارەت بە سیاسەتى ئێستاى یەکێتى بافڵ تاڵەبانی وتی: "بۆ یەکێتی لە پۆست و دەسکەوتی حزبی گرنگتر رێکەوتنی سیاسیە لە سەر شێوازی بەڕێوە بردن و حکومڕانی ئەوەشى کردۆتە مەرج، چوونکە پێمانوایە کاتی گۆڕانکاری ڕیشەیی ھاتووە لە کۆی جومگەکان و چاکسازی لە ئیدارەدان و ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەھێزترکردنەوەی ئابووری ھەرێم و یەکخستنەوەی ماڵی کورد کە ئەمەش تەنھا دروشم و قسە نەبێت لە واقیعدا بەرجەستەی بکەین".
لە درێژەى وتەکانیدا رایگەیاند: خەمی ئێمە خەمی ھاوڵاتی بوون و هەرێمێکە کە یاسا لەسەرو ھەمووانەوە بێت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بچەسپێت، هەر ئەوەش تاکە مەرجمانە بۆ گفتوگۆکانمان لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمی حکوومەتى هەرێم، بۆ ئەم ئامانجەش نوێنەرەکانى یەکێتى لە هەرێم و بەغداد سەرقاڵى بەئاکام گەیاندنى پرۆژەیێکى ستراتیژین بۆ پەرەپێدانى ژێرخانى ئابووریى هەرێمی کوردستان.
ناوبراو درێژەی دا كەرکووک شاری برایەتی و پێکەوە ژیانە، بەڵام بە ھیچ شێوەیێک سازش ناکرێت لە سەر پرسی پارێزگار کە ھی کوردە و لە نێویشیدا ھی یەکێتی دەبێت، قۆناغێکێ نوێش بۆ کەرکووک بەرێوەیە.
وتیشى : لەمەودوا ھەربڕیارێک پەیوەندی بە بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمانەوە ھەبێت، دەبێت بڕیاری نیشتمانی بێت و کۆدەنگیی ھەموو لایێکی لەسەر بێت و قۆناغی بڕیاری تاک لایەنانە بەسەرچوو، ھەمووانیش پشتگیری نوێنەرەکانمان بکەین لە بەغداد و کارەکانمان لە پێناو ھەرێمێکی بەھێزتربێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment