هۆشیار زێباری: کاندیدکردنی من له‌لایه‌ن مه‌سعوود بارزانییه‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق هه‌موو دونیا ده‌هێنێت

بەشی عێرا و هەرێمی کوردستان- هۆشیار زێباری رایگه‌یاند، سه‌ری سوڕماوه‌ له‌ بڕیاره‌که‌ی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ دوورخستنه‌وه‌ی له‌ کاندیدی سه‌رۆک کۆمار، و ده‌شڵێت، "من تاکه‌کاندیدبوم و پارتی هیچ کاندیدێکی بۆ سه‌رۆک کۆمار نیه‌".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆشیار زێباری له‌میانی کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدای پایته‌خت له‌باره‌ی بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی له‌ کاندیدیی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ رۆژێکی خه‌مناکه‌ بۆ عێراق، ژیان راناوه‌ستێت له‌ هیچ خاڵێکدا و به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌و عێراقه‌ی که‌ ئێمه‌ خه‌باتمان بۆ کرد له‌ پێناویدا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ده‌وڵه‌تی دادپه‌روه‌ری و یاسا و مافی مرۆڤ، ئه‌مڕۆ سه‌رسوڕمان بووم به‌ بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق به‌ دوورخستنه‌وه‌مان له‌ مافی خۆمان له‌ کاندیدکردنمان، ئێمه‌ رێز له‌و بڕیاره‌ ده‌گرین، به‌ڵام وه‌کوو هاوڵاتییه‌کی عێراقی مافی خۆمه‌ بڵێم که‌ سته‌مم لێکراوه‌ و زۆر سه‌رسوڕمان بووم له‌و بڕیاره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژیان له‌ هیچ خاڵێکدا راناوه‌ستێت، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ کاره‌کانمان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: "ئێمه‌ کاتێک داواکاریمان بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق پێشکه‌شکرد هه‌موو مه‌رج و رێنمایی و یاساکانمان له‌پێش چاو بوو هه‌روه‌ها ئه‌و مه‌رجانه‌ی که‌ پێویسته‌ له‌هه‌ر کاندیدێک هه‌بێت بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار، ئێمه‌ خه‌ڵکانێک نین که‌ نامۆ بین به‌م سیسته‌مه‌ ئێمه‌ عێراقمان دامه‌زراند، ئه‌م خانوه‌ی که‌ ده‌یبینین ماڵی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانییه‌ که‌ تیایدا ده‌ستور نوسراوه‌یه‌وه‌، کاتێک خۆم کاندیدکرد بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار هه‌مو مه‌رجه‌کانم تیادابوو".

هۆشیار زێباری باسی له‌وه‌شکرد، "کاتێک خۆمان کاندیدکرد به‌هه‌موو سیسته‌مه‌کاندا رۆیشتین له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی تاوه‌کوو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌ و نووسراوی فه‌رمیمان له‌ هه‌موو ئه‌م ده‌ستانه‌ هه‌یه‌ که‌ ره‌زامه‌ندیان ده‌ربڕی له‌سه‌ر کاندیدکردنمان، دواتر له‌لایه‌ن چوار په‌رله‌مانتاره‌وه‌ تانه‌ له‌و پرسه‌ درا، که‌ سیانیان په‌رله‌مانتاری یه‌کێتین که‌ له‌ رکابه‌ره‌کانی ئێمه‌ن، په‌ندێکی عه‌ره‌بی هه‌یه‌ ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی که‌ سته‌مت لێده‌کات له‌ نزیکه‌کانی خۆته‌ به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ بڕیارێکی سیاسیه‌، چوونکه‌ ئێمه‌ هه‌موو پرسه‌کان که‌ له‌باره‌ی منه‌وه‌ باسیان لێوه‌کرا له‌ دادگاکان و له‌ شوێنه‌کانی تر هه‌موویان داخرابوون".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "من ره‌نگه‌ درێژترین ماوه‌ له‌ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ مابێتمه‌وه‌، من 13 ساڵ خزمه‌تم له‌م وڵاته‌ کردوه‌ و به‌هه‌مو پاکی و بێگه‌ردییه‌وه‌، هه‌روه‌ها سیڤی و رابردو و ره‌فتاری ئێمه‌ زۆر له‌و به‌فرانه‌ی که‌ له‌سه‌ر چیای حه‌سارۆک هه‌یه‌ پاکتره‌، ئێمه‌ ره‌فتاری باش له‌ خۆمانه‌وه‌ فێر ده‌بین و مێژو و رۆڵی خۆمان ده‌زانین له‌ عێراق، ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مڕۆ دژی من درا بڕیارێکی سیاسی بو، سته‌ممان لێکرا".

هۆشیار زێباری روونیشیکرده‌وه‌، "پێویست بوو دادگای فیدڕاڵی دیوه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م پرسه‌ ببینێت، ئه‌وان نایانه‌وێت عێراق سه‌رۆکێکی به‌هێزی هه‌بێت، عێراق سه‌رۆکێکی به‌هێزی هه‌بێت که‌ ئه‌زومونی هه‌بێت، من به‌رپرسم له‌م قسانه‌ی که‌ ده‌یکه‌م، ئێمه‌ رکابه‌ری ده‌که‌ین به‌ شه‌ره‌فه‌وه‌، هه‌مو مه‌به‌ستی ئه‌وان ئه‌وه‌بو که‌ رێگری بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌ینه‌ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، هه‌مو کێشه‌که‌ش له‌سه‌ر کاندیدکردنی هۆشیار زێباریبو، نه‌ ماوه‌ی ده‌ستوری و نه‌ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ رۆژێکی دڵته‌نگه‌ بۆ عێراق، من ده‌زانم عێراق سته‌مکاری ره‌تیده‌کاته‌وه‌ و بڕۆن پرسیار له‌ شه‌قام بکه‌ن له‌ ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی من، بۆیه‌ جارێکی تر ده‌ڵێم رێزی دادگا ده‌گرم، بڕیاره‌که‌ پیشوه‌خته‌ و سیاسیه‌ و ره‌نگه‌ بڵێم زۆر زۆر له‌و که‌سانه‌ی گه‌وره‌تر که‌ به‌م بڕیاره‌ هه‌ستان".

هۆشیار زێباری ده‌شڵێت، "کاندیدکردنی من له‌لایه‌ن سه‌رۆک مه‌سعوود بارزانییه‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق هه‌موو دونیا ده‌هێنێت، بڕیاره‌که‌ی ئه‌مڕۆی دادگای فیدڕاڵی پیشوه‌خته‌ و سیاسیه‌ ئێمه‌ هه‌موو رێکاره‌کانی کاندیدبوونمان ته‌واوکردبوو، ته‌نانه‌ت بڕیاری پێشوی په‌رله‌مان بۆ دورخستنه‌وه‌ی من له‌ پۆستی وه‌زیری دارایی سیاسییه‌ و به‌ دڵنیایی سه‌رکردایه‌تی ئێمه‌ موراجه‌عه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌کات".

له‌باره‌ی رێککه‌وتنه‌که‌ی نێوان پارتی، سه‌در و سوننه‌کان، هۆشیار زێباری وتی، "به‌دڵنیایی هێزی سیاسی هه‌یه‌ له‌ پشت ئه‌م بڕیاره‌وه‌ بێگومان، ئێمه‌ش ئه‌وه‌نده‌ غه‌شیم نین، به‌ نسبه‌ت رێککه‌وتننامه‌ی سیاسی هێشتا ماوه‌ و له‌ خه‌ڵکی تر گه‌وره‌تره‌، به‌ڵام بێشک هه‌موو هاوپه‌یمانییه‌ک ده‌بێت له‌گه‌ڵ یه‌کتر رابوه‌ستین و پشتیوانی یه‌کتر بکه‌ین".

له‌باره‌ی کاندید پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق، هۆشیار زێباری ئاشکرایکرد، "هیچ کاندیدێکی دیکه‌ نیه‌ به‌پێی زانیاریه‌کانی من، من تاکه‌ کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانم که‌ بڕیارێکی پێشوه‌خته‌ی سیاسی دوورخرامه‌وه‌، ئێمه‌ بژارده‌ی زۆرمان له‌به‌رده‌ستدایه‌ و 75 ساڵه‌ خه‌بات ده‌که‌ین و په‌یوه‌ندی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌یه‌ و بژارده‌مان ده‌بێت".

News Code 5077

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha