ئەردۆغان دوژمنی هەرەگەورەی کوردە/ کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا کارتێکەر نابێت لە ئیرادەی ئێمە بۆ شەڕی دژبە تیرۆر

بەشی سووریا- بەرپرسێکی باڵای کوردی سووریا بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وتووە سوپای سووریای دیموکرات لە 7 گرووپی جیاواز پێکهاتووە و زیاتر لە 30 هەزار هێزی هەیە و ئێستا هێزێکی تۆکمەیە و نەمانی ئەمریکاش لە سووریا کارتێکەر نابێت لە ئیرادەی ئەو هێزانە بۆ پارێزگاری کردن لە دەستکەوتەکانیان.

کوردپرێس:

سەمیرا حاج عەلی هاوسەرۆکی وەزارەتی پەرەوەردەی کانتۆنی جزیرە لە گفتوگۆیێکی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسدا ئاماژەی بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا کرد و ڕایگەیاند: بابەتی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان تەنها کارتێکەریی لە سەر دۆخی سووریا نابێت بەڵکوو ئەو بڕیارە کارتێکەر دەبێت لە سەر هەموو جیهان.

ناوبراو دەشڵێت: "پێشتریش گوتوومانە کە ئیرادەی ئێمە پشتی بە هیچ هێزێکی بیانی نەبەستووە. ئەو کاتەی شۆڕشمان لە کوردستانی سووریا دەست پێکرد و سیستەم و میکانیزمی ئیداریمان پێکهێنا هێزی ئەمریکی لە سووریا نەبوون هەر بۆیەش پاش نەمانی ئەمریکا و کشانەوەی لە سووریا ئێمە دیسان بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ خەبات و شۆڕش.

سەمیرا حاج عەلی گوتیشی: سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ هەموو جیهان قسەمان کردووە و ئەوەش لە کاتێکدایە پاش دەرکردنی بڕیارەکەی ترەمپ زۆر کەسایەتی و خاوەن پلەیی دەوڵەتی ئەمریکا و کونگرێسمانەکانیش دژی بڕیارەکە وەستان و کاردانەوەیان بەرانبەر ئەو بڕیارە پیشان دا و دوو ئەندامی پلە بەرزی وەزارەت و دەوڵەتی ئەمریکاش دەستیان لە کار کێشایەوە.

هاوسەرۆکی وەزارەتی پەرەوەردەی کانتۆنی جزیرە دووپاتی کردەوە: ڕەنگە کشانەوەی ئەمریکا کارتێکەریی لە شێوازی شەڕکردن دژی تیرۆریزم هەبێت بەڵام هەرگیز شوێندانەر نابێت لە ئیرادەی ئێمە بۆ پێکهێنانی سیستەمی دیموکراسییانە لە سووریا.

ناوبراو زیادیشی کرد: ئێمە لە شەڕی دژبە تیرۆردا زیاتر لە 8 هەزار شەهیدمان داوە و دیارە چ ئەمریکا بمێنێتەوە و چ بکشێتەوە کارتێکەر نابێت لە ئیرادەکان بۆ درێژە پێدانی ڕێبازی شەڕی دژ بە تیرۆر و دامەزراندنی سیستەمی دیموکراسییانە لە سووریا.

سەمیرا حاج عەلی ئاشکراشی کرد: "ئێمە سوورین لە سەر ئەوەی خەڵکی خۆمان یەک بخەین و پشت بە سیستەمی دیموکراسییانەی خۆمان ببەستین. ئەو خزبەڕێوەبەرییەی لە باکووری و خۆرهەڵاتی سووریا دامەزراوە لە دۆخێکی قەیراناویدا کاری بۆ کرا. واتا لە هەمان کاتدا کە سەرقاڵی شەڕی دژ بە تیرۆر بووین بنەمای سیستەمە دیموکراسییانەکەشمان دادەڕشت. ئەوەش بە ئاسان نەکرا بەڵام خەڵکی ئێمە ئیرادەیان نواند و توانییان بە خۆیان پشتئەستوور بن و بنەمای دیموکراسییانەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دابڕێژین.

ناوبراو بە کوردپرێسی گوت: ئەمریکا بە بۆنەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە لە سووریا ماوەتەوە و ئەوەش بەو مانایە نییە کە ئێمە واز لە هەوڵەکانی خۆمان بهێنین. ئەمریکا لە مەسەلەی سەربازی و شەڕی دژ بە داعشدا یارمەتیی ئێمەی دا بەڵام لە ڕاستیدا ئیرادە و ورەی خەڵکی ئێمە بوو کە شکستی بە داعش هێنا.

سەمیرا حاج عەلی ئاماژەی بە یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا کرد و لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وت: سوپای سووریای دیموکرات لە 7 گرووپی جیاواز پێکهاتووە و زیاتر لە 30 هەزار هێزی هەیە و ئێستا هێزێکی تۆکمەیە و نەمانی ئەمریکاش لە سووریا کارتێکەر نابێت لە ئیرادەی ئەو هێزانە بۆ پارێزگاری کردن لە دەستکەوتەکانیان.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: هەموو ئەو هێ و دەسەڵاتانەی ئەمڕۆ لە سووریا بوونیان هەیە کار بۆ بەرژەوەندی و قازانجی خۆیان دەکەن و لە ڕاستیدا زۆرینەشیان ناڕازین لەو سیستەمە دەسەڵاتەی ئێمە لە باکووری سووریا بونیاتمان ناوە و زۆرینەشیان بڕوایان بە سیستەمی گەلی دیموکراتیک نییە. ئەوان دەیانەوێت هەموو گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بن و خاکی وڵاتەکان دابەش بکەن. مەترسی و هەڕەشە هەیە بەڵام ئێمە پەشیمان نیین و هەرگیز لە هەڵکەت و ڕێبازی خۆمان پاشگەز نابینەوە.

هاوسەرۆکی وەزارەتی پەرەوەردەی کانتۆنی جزیرە ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ هێرشکردنە سەر باکووری سووریا کرد و لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: ئەردۆغان، دوژمنی هەرەگەورە و مەترسیداری کوردە. داعشی گەورە خودی ئەردۆغانە. ئەردۆغان بەرپرسیارە لە جینۆسایدکردن و کۆمەڵکوژی کردن لە کوردستانی تورکیا و شەڕی سووریا. هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان لە سنووری تورکیاوە هاتوونەتە نێو خاکی سووریا. ئەردۆغان پیلانی بۆ دابەشکردنی خاکی سووریا داڕشتووە و مەبەستیەتی ڕێگە نەدات کە دیموکراسی لەو ناوچەیەدا بوونی هەبێت.

ناوبراو زیادی کرد: ئێمە باکمان لە ئەردۆغان نییە. ئەردۆغان باش دەزانێت ئەگەر پڕۆژەی گەلی دیموکراتیک لە سووریا دابمەزرێت کارتێکەریی لە سەر دۆخی سیاسیی نێوخۆی تورکیا دەبێت؛ هەر بۆیەش هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی ڕێگری لەو بابەتە بکات. بێ­گومان ئەو کەسەی باکی لە کۆمەڵکوژکردن و ئەشکەنجە دان و زیندانی کردنی نوێنەرانی پەرلەمان و ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایان نەبێت، باکی لە دژایەتی کردنی ئێمەش نییە و چیی لە دەست بێت دژ بە ئێمەش دەیکات.

سەمیرا حاج عەلی بە دووریشی نەزانی کە تورکیا هێرش بکاتە سەر باکووری سووریا و لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەردۆغان هێرش بکاتە سەر کوردستانی سووریا، بەڵام ئەمڕۆکە هەموو جیهان دانیشتوون و سەیر دەکەن کە چلۆن ئەو هێزەی شەڕی تیرۆری کردووە و لە بەرپەرچدانەوەی تیرۆردا شەهیدی داوە چۆن لەلایەن تورکیاوە هەڕەشەی لێدەکرێت. ئێمە بڕوامان وایە ئەم جارەیان دۆخەکە لەگەڵ دۆخی عەفرین جیاوازە. عەفرین گەمارۆ درابوو و ڕێگەی گەیاندنی یارمەتی داخرابوو و لە لایێکی دیکەشەوە سوپای ڕووسیا یارمەتیی سوپای تورکیا و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بەو سوپایەی دا و ئەوەی بووە هۆکار بۆ کەوتنی عەفرین بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی بوو. ئێمە بە ئەردۆغان دەڵێین ئەگەر هێرش دەکاتە سەر کوردستانی سووریا با بە لەشکر و سوپای خۆیەوە بێتە بەرەوە و و ڕووبەڕووی ئێمە ببێتەوە. با بزانین کێ دەیدۆڕێنێت.

ئەو بەرپرسە کوردەی کانتۆنی جزیرە لە کۆتاییدا بە کوردپرێسی وت: لە ئێستادا هەڵوێستی هێزی نێودەوڵەتی شەفاف و ڕوون نییە و عالەمی سیاسەتیش تەژییە لە ناڕوونی و ئاڵۆزی بەڵام بەوردی چاودێریی ڕووداوەکان دەکەین و هێزەکانی ئێمە ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە هەڕەشەیێک.

News Code 50504

Your Comment

You are replying to: .
captcha