داعش هێرشی پێچه‌وانه دژ به‌ هه‌سه‌ده‌ ئه‌نجام ده‌دات

به‌شی سووریا- به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی هه‌سه‌ده‌ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ چه‌كدارانی ڕێكخراوی داعش، بۆ یه‌كه‌مجار دوای بڕیاری كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا، هێرشی كرده‌ سه‌ر پێگه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ هه‌جینی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مسته‌فا بالی به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی هه‌سه‌ده‌ گوتی: چه‌كدارانی داعش هێرشی فراوانیان له‌ هه‌جین بۆ سه‌ر هه‌سه‌ده‌ ده‌ست پێكردوووه‌ و ئێستاش شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌.

بالی گوتیشی: چه‌كدارانی داعش به‌ چه‌كی قورس و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرشه‌كانیان ده‌ست پێكردوووه‌ و فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش له‌ ئاسمانه‌وه‌ پشتیوانی له‌ هه‌سه‌ده‌ ده‌كه‌ن و چه‌كدارانی داعش بۆردومان ده‌كه‌ن.

بالی له‌ توویته‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ بڵاوی كردوووه‌ته‌وه‌ که‌ ته‌نها 35%ی شارۆچكه‌ی هه‌جین له‌لایه‌ن هێزه‌كانیانه‌وه‌ ئازاد كراوه‌.

له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ ڕۆژی هه‌ینی 21ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018 ئیلهام ئه‌حمه‌د هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكرات (مه‌سه‌ده‌) ڕای‌گه‌یاند: ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، هه‌سه‌ده‌ توانای پارێزگاری كردنی به‌ندیخانه‌كانی نامێنێت كه‌ چه‌كدارانی داعشی تێدا به‌ند كراوه‌ به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر دۆخی ناوچه‌كه‌ له‌ ژێر كۆنتڕۆڵدا نه‌مێنێت.

له‌لایێكی دیكه‌شه‌وه‌ ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز بڵاوی كرده‌وه‌ که‌ ڕیاد ده‌رار هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكرات كه‌ دوای بڕیاری كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا به‌ شاندێک سه‌ردانی فه‌ڕه‌نسایان كردوووه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردوووه‌ که‌ هیواخوازن فه‌ڕه‌نسا ڕۆڵێكی كاراتر له‌ سووریا بگێڕێت به‌تایبه‌تیش دوای بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌ سووریا.

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50436

Your Comment

You are replying to: .
captcha