کوردپرێس:
بەپێی سایتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پڕۆژەی وردبینیی سەربەخۆیی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان، ڕاپۆرتی چوارەمی وردبینی و پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان لەلایەن كۆمپانیای جیهانیی دیلۆیت بۆ وردبینی و ڕاوێژكاری تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە 1ی نیسانی 2018 تا 30ی حوزەیرانی 2018 لە پێگەی ڕەسمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە.
ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەردەوام دەبێت لەسەر كاركردن بۆ برەودان و دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكانی وردبینی و پێداچوونەوە بە پشتبەستن بە سەرنج و فیدباكی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەناویشیاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی پابەندبوونی خۆی دەكاتەوە لە بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە هەردوو گەورە كۆمپانیای جیهانی (Deloitte) و (Ernst & Young) بەردەوام دەبن لەسەر وردبینی و پێداچوونەوەی سەربەخۆ بۆ سێكتەری نەوت و گاز بە هەموو پرۆسە و بەشەكانیەوە.
وەك بەشێك لە ڕێككەوتنی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی وردبینی، ڕێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی كە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی وردبینی یارمەتیی هەرێمی كوردستان دەدەن لە بارەی ڕاهێنان و گەشەپێدانی سەرچاوە مرۆیییە ناوخۆیییەكان. ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز، بە هەماهەنگی لەگەڵ دیلۆیت، وۆركشۆپێكی ڕاهێنانی دەربارەی ژمێریاری و وردبینیی پیشەسازیی نەوت و گاز بۆ ماوەی 3 ڕۆژ لە ماوەی 23 تا 25ی تشرینی یەكەمی 2018 ڕێكخست بە ئامادەبوونی 15 بەشداربوو لە فەرمانگەكانی وردبینیی پارێزگاكان سەر بە دیوانی چاودێری داراییی هەرێمی كوردستان، و پلانێك لە ئامادەكردندایە بۆ ڕاهێنانی زیاتر بۆ پاڵێوراوانی هەڵبژێردراو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی بۆ دابین­كردنیان بە تەكنیكە نوێیەكانی وردبینی و زانیارییەكانی دەربارەی نەوت و گاز تا لە داهاتوودا سوود لە توانا گەشەپێدراوەكانیان وەربگیرێت لە بواری وردبینی­كردنی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان.
*لە ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە
Your Comment