بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاسۆ مەحموو، لێپرسراوى بارەگاى تەڤگەرى ئازادی لە کۆیە بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ ھێزەكانی ئاسایشی كۆیە ھاتنە بارەگاكەمان و بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت، پێیان گوتین دەبێ بارەگاكەتان داخەن، چوونكە بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە ھەر ھێزێک مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ وەرنەگرتبێ ناتوانێ بارەگای ھەبێت و چالاكیی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان بكات".
ناوبراو گوتیشی: "جگە لە بارەگای كۆیە ھەر ئەمڕۆ بارەگای تەڤگەری ئازادی لە كەلاریش داخراوە، ھەرچەندە ئەو مۆڵەتەی بۆ داخستنی بارەگاكانی سلێمانی دانرا بوو تەواو بووە، بەڵام ھێشتا بارەگاكانی ئەوێ دانەخراون".
لێپرسراوى بارەگاى تەڤگەرى ئازادی لە کۆیە راشیگەیاند: "ئەو بڕیارە بڕیارێكی نادروست و نا یاساییە، چوونكە ئێمە پێشتر داوای مۆڵەتمان كردووە و وەڵاممان نەدراوەتەوە، بەپێی یاسای ژمارە 17 ساڵی 1993ی پەرلەمانی كوردستان، دەبێ لە ماوەی مانگێكدا داواكەمان بنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر ئەگەر كێشەیێک لەو حزبە یان رێكخراوە ھەبوو دەبوایە ئاگادار بكرێینەوە بۆ چاک كردنی، بەڵام بە ھیچ شێوەیێک وەڵاممان نەدرایەوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment