گوتەبێژی پارتی: بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار خۆمان لە یەکێتی بە شایستەتر دەزانین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراقی گوتەبێژی پارتی دیموکرات دەڵێت: پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق بۆ هەموو کوردەکانەوە و خۆمان لە یەکێتی بە شایستەتر دەزانین پۆستی سەرۆککۆمار وەربگرین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەلەڤزیۆنی رووداوی رایگەیاند: ئێمە پۆستی سەرۆکی کۆمار بە مافی هەموو کوردەکان دەزانین، بە مافی پارتی دیموکراتی کوردستانیشی دەزانین، ئەمە مافی خەڵکی کوردستانە کە بڕیار لەبارەوە بدات. ئەوە نییە لایەنێک خۆی بە شایستە بزانێت و لایەنەکانی دیکە بە شایستە نەزانێت.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئەگەر لە پێشووتر ئەو بابەتە بە شێوازێک بووە و بە گفتوگۆ چارەسەر کرابێت یان درابێتە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئێستا ئەو گفتوگۆیانە لەنێوان ئێمەو یەکێتی نەکراوە. بۆیە دەبێت ئەم بابەتە لەنێوان هەموو لایەنەکانی کوردستانی بەو حیزبانەی کە کورسیان هێناوە و ئەوانەی کورسیشیان نەهێناوە تەنانەت ئەوانەی بەشداریش نەبوون، چونکە ئەوە شایستەی خەڵکی کوردستانە.

مەحموود محەمەد وتیشی: رێککەوتنی ئێمە بەو شێوازەی لەگەڵ شیعە و سوننە رێککەوتووین کە ئەمە بۆ خەڵکی کوردستانە، مادام بۆ خەڵکی کوردستانە پێویستی بەوەیە خەڵکی کوردستانیش بڕیاری لەبارەوە بدات. میکانزمی چۆنیەتی بڕیاردانەکە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چۆن گفتوگۆ بکەین و پێکەوە لەسەر ئەو بابەتە رێکبکەوین، کەسێکی شایستەی کە هەموو لایەنەکان پێی رازی بین پێشنیار بکرێت.

ناوبراو جەختی کردەوە: ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە زۆر رووانگەوە خۆمان لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە شایستەتر دەزانین، کە ئەو پۆستە پڕ بکەینەوە.

News Code 4412

Your Comment

You are replying to: .
captcha