سەرۆکی هەرێم لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی پێشمەرگە کۆدەبێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستی و چەکی پێویست بۆ پێشمەرگە، تۆکمەترکردنی سەنگەرەکان و پاراستنی هاوڵاتیانی ناوچەکێشەلەسەرەکان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆ بووەوە.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەمە 6ی دیسەمبێری 2021 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستی و چەکی پێویست بۆ پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆ بووەوە.

لەکۆبونەوەکەدا کە جێگرانی سەرۆکی هەرێم، وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگە، سەرۆک ئەرکان، فەرماندەکانی یەکەی 70 و 80 و فەرماندەی میحوەرەکانی پێشمەرگە ئامادەی بون، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەکرێت لەگەڵ پەلەکردن لە دروستکردنی هێزی هاوبەش و پاراستنی هاوڵاتیانی ناوچەکێشەلەسەرەکان.

بەرپرسانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن، لەکۆبونەوەکەدا هێرش و جموجۆڵەکانی داعش، دانانی پلان و ستراتیژیی نوێ بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان و رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی هێرشەکانی داعش گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

ئاماژە بەوەش دەکەن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەئاستی دیپلۆماسیش لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکات بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و جێبەجێکردنی رێککەوتنە هاوبەشەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی ناوچە کێشەلەسەرەکان.

نزیکەی هەفتەیەکە هێرشەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە زیادیان کردوە، بەرپرسە سەربازییەکان هۆکاری زیادبونی هێرشەکانی داعش بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەگەڕێننەوە کە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، دوایین هێرشی داعش شەوی پێنجشەممە بو. پێشتریش لە ماوەی هەفتەیەکدا چەکدارانی داعش دو هێرشی دیکەیان کردبو کە بە هەردوکیانەوە 12 پێشمەرگە و چەندین هاوڵاتی شەهید بوون.

News Code 4342

Your Comment

You are replying to: .
captcha