یەکگرتووی ئیسلامی سوورە لە سەر بڕیاری خۆی بۆ بەشداری نەکردن لە حکوومەت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، یەکگرتوو سوورە لە سەر بڕیاری خۆی کە بەشداری نەکردنە لە حکوومەتی داهاتووی عێراق.

موسەننا ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتی و بەربژێری دەرچووی ئەو حیزبە بۆ پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، یەکگرتوو سوورە لەسەر بڕیاری خۆی بە بەشداری نەکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق و هیچ شاندێکیش بۆ ئەو مەبەستە نانێرێتە بەغدا و لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش کۆبوونەوە لەوبارەوە ناکات، بەڵام هەر حیزبێکیش بۆ مەبەستێکی دیکە سەردانیان بکەن، دەرگا کراوەیە.

موسەننا ئەمین گوتی: "پارتی و یەکێتی بە جیا شاندیان ناردووەتە بەغدا، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە داوای دەستکەوتی حیزبی دەکەن، بەڵام ئەگەر بتوانن یەکڕیزی دروستبکەن، ئێمەش پێشوازی لێدەکەین و بەهیچ جۆرێک تێکینادەین و دەچینە ریزەکەوە".

رۆژی 9-11-2021 شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێکهاتوون لە خالد شوانی، دكتۆر مەجید حەمەئەمین و رێبوار تەھا، سەردانی بەغدایان کرد، بەر لە سەردانەکەی ئەوانیش، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، سەردانی بەغدای کرد.

هەرچەندە مانگێک بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕیوە، تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتایی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە رانەگەیێندراوە و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی 33 کورسی، یەکێتی 16 کورسی و یەکگرتوو 4 کورسییان مسۆگەر کردووە.

News Code 4048

Your Comment

You are replying to: .
captcha