مسته‌فا قه‌ره‌سو: ئه‌مریکا به‌ عه‌قڵییه‌تى سه‌ده‌ی 20 ده‌جووڵێته‌وه‌

به‌شی تورکیا- ئه‌ندامێکى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌ریى کۆما جڤاکین کوردستان (که‌جه‌که)‌ ڕایگه‌یاند: "ئه‌مریکا به‌و بڕیاره‌ی له‌ دژی به‌ڕێوه‌به‌رانى په‌که‌که‌، ئه‌وه‌ى ده‌رخست که‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى تورک له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بۆ خۆی به‌کار بهێنێت به‌ عه‌قڵییه‌تى سه‌ده‌ی 20 ده‌جوڵێته‌وه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مسته‌فا قه‌ره‌سوو ئه‌ندامى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌ریى کۆما جڤاکین کوردستان له‌ وتاری هه‌فتانه‌یدا که‌ له‌ ڕۆژنامه‌ى یه‌نی ئۆزگیور پۆلیتیکا بڵاوی کردوووه‌ته‌وه‌ شیکاریى بۆ بڕیاره‌که‌ى ئه‌مریکا له‌ دژی به‌ڕێوه‌به‌رانى په‌که‌که‌ و پشتیوانی کردنى ئه‌مریکا بۆ تورکیا کردوووه‌.

ناوبراو له‌ وتاره‌که‌یدا ڕایگه‌یاندوووه:‌ "ئیتر گه‌لانى جیهان دۆخی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆشنبیری، هزری، سیاسیى و سیستمێک که‌ له‌ شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا دامه‌زرابوو قبووڵ ناکه‌ن، ئیدی به‌رژه‌وه‌ندیى هێزه‌ ئیمپریالیسته‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا و نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌ته‌کانى دیکه‌دا که‌ له‌ ماوه‌ى دوو شه‌ڕی جیهانیدا دامه‌زراون یه‌ک ناگرێته‌وه‌".

مسته‌فا قه‌ره‌سوو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌: "په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویی، کۆمه‌ڵایه‌تى، ئابووری، ڕۆشنبیری، هزری، سیاسی، په‌یوه‌ندی و هاوپه‌یمانییه‌کانی سیسته‌مى سه‌ده‌ى 20 به‌ زۆری تێپه‌ڕیون و له‌ئارادا نه‌ماون، له‌به‌ر ئه‌وانه‌ش ئه‌سته‌مه‌ سیسته‌مى سه‌ده‌ی 20 له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا وه‌ک خۆی به‌رده‌وام بێت و کورد بسڕدرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێک به‌پێى ڕاستیى مێژوویى و کۆمه‌ڵایه‌تى به‌رێوه‌نه‌برێت ئه‌و سیاسه‌ته‌ش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تایدا ڕێگا بۆ بنبه‌ست و داڕمان ده‌کاته‌وه‌، ئه‌وه‌ى تورکیا ئێستا به‌ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهاندا ده‌یسه‌پێنێت، هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌".

قه‌ره‌سوو ئه‌وه‌شی وتوووه:‌ "تورکیا له‌ ڕێگه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و تۆقاندنه‌وه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌ سه‌ر ئه‌مریکا و ئه‌ورووپادا ده‌سه‌پێنێت تاوه‌کوو پشتیوانى له‌ سیاسه‌ته‌کانى جۆری سه‌ده‌ی 20ی تورکیا بکه‌ن و کورد بسڕێته‌وه‌، ده‌ڵێن، وه‌ک سه‌ده‌ی 20 ده‌توانن ببن به‌ دارده‌ست و ده‌سکه‌لا و شه‌قوه‌شێنى ئیمپیریالیزم له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، به‌ کورتی ده‌ڵێن، با ئه‌و سیسته‌م و پێگه‌ و ستاتۆیه‌ که‌ له‌ سه‌ده‌ی 20دا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست دامه‌زراوه‌ نه‌گۆڕێت به‌ڵام ئه‌و داوایه‌ که‌ تورکیا ده‌یه‌وێت بیسه‌پێنێت له‌گه‌ڵ ڕاستیى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهاندا نایه‌ته‌وه‌".

ئه‌ندامه‌که‌ی ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌ریى کۆما جڤاکین کوردستان باسی له‌وه‌ش کردوووه:‌ "ئه‌مریکا به‌ بڕیارى ئه‌مدواییه‌ى له‌ دژی به‌ڕێوه‌به‌رانى په‌که‌که‌ نیشانی دا، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى تورک له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست دا بۆ خۆی به‌کار بهێنێت، به‌ عه‌قڵییه‌تى سه‌ده‌ی 20 ده‌جووڵێته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ریى ترامپ به‌و بڕیاره‌ی پشتیوانی و به‌رده‌وامیدان به‌ سیاسه‌ته‌کانى سه‌ده‌ی 20ی به‌ریتانیای خسته‌ڕوو که‌ کوردی به‌ نه‌بوو حساب کردبوو، ئه‌و بڕیاره‌، بڕیاری سڕینه‌وه‌ و پاکتاوکردن و دوژمنایه‌تی کردنی کوردانه‌، ئه‌مریکا به‌و سیاسه‌ته‌ و به‌و بڕیاره‌ بوووه‌ته‌ پارێزه‌ری دوژمنانى ئازادی و دیموکراسی و بوووه‌ته‌ پشتیوانی کۆنه‌په‌رستی و پاشکه‌وتوویى له‌ جیهاندا".

ئه‌ندامه‌که‌ی ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌ریى که‌جه‌که‌ له‌ کۆتاییی وتاره‌که‌یدا ئه‌وه‌شی گوت: "ئه‌مریکا به‌ پشتیوانییه‌کانى له‌ وڵاتێکى له‌و جۆره‌، کاره‌کته‌ری بێئه‌خلاقی، بێویژدانی و نادادپه‌روه‌ری و دوژمنایه‌تی کردنى کوردانى خسته‌ڕوو، ئه‌مریکا پشت ده‌کاته‌ کوردان که‌ به‌هێزترین تێکۆشانیان له‌ دژی داعش ئه‌نجام دا و له‌ به‌رامبه‌ردا پشتیوانى له‌ تورکیا ده‌کات که‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵ پشتیوانیى له‌ داعش کرد و په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ داعشدا هه‌بوو و یارمه‌تیى ده‌دا، گه‌لان جارێکیتر ئه‌وه‌یان بینییه‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا ده‌وڵه‌تێکى دووڕوووه‌ و بڕوا به‌ په‌یوه‌ندی کردن له‌گه‌ڵیدا ناکرێت، له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانیدا پێوه‌ر و به‌های مرۆیى بوونی نییه‌، ته‌نها ده‌ردێکى هه‌یه‌ ئه‌ویش به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیه‌تی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش قێزه‌ونترین جۆری په‌یوه‌ندی دروست ده‌کات، شانبه‌شانی هێزه‌ فاشیسته‌کان و دوژمنه‌کانى مرۆڤایه‌تی ده‌جووڵێته‌وه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39810

Your Comment

You are replying to: .
captcha