کوردپرێس:
رۆژی یەكشەممە 07-11-2021 سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتیی حیزبەکەی، پێشوازیی لە ماری پارێت، لێپرسراوی نووسینگەی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە کۆبوونەوەکەیاندا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كرا و جەخت لە چارەسەری كێشەی كۆچبەران كرایەوە، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی جەختی لەوە كردەوە کە "پێویستە وڵاتان و نوێنەرانی یەكێتیی ئەوروپا كاری جیددی بكەن بۆ چارەسەری كێشەی كۆچبەران بەگشتی و كۆچبەرانی كورد بەتایبەتی".
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئاماژەی بەوە کردووە، "گرنگە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و نوێنەرایەتییەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان رۆڵی زیاتر ببینن لە چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، لە هەمان كاتدا لە هەوڵی پشتگیریكردنی زیاتری بەدەستهێنانی مافی نەتەوەكان بن لە عێراقدا، بەتایبەت نەتەوەی كورد، كە بە هەزاران قوربانیی گیانیی بۆ ئەو مەبەستە داوە".
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، لێپرسراوی نووسینگەی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان لەو دیدارەدا "رۆڵی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی لەدوای رووخانی رژێم[ی بەعس] بە گرنگ لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا باس كرد و بە ئومێدەوە روانییە تێڕوانینەكانی یەكگرتوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا".
Your Comment