بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەمە 26ی خەزەڵوەر، بەرهەم ئەحمەد ساڵح ، سەرۆک کۆماری عێراق لە درێژەی دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران چووە دیداری ئایەتوڵڵا خامنەیی.
لەو دیدارەدا ڕێبەری باڵای شۆڕش خۆشحاڵیی خۆی لە بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی هەڵبژادرنی پەرلەمانیی لە عێراق ڕاگەیاند و زیادیان کرد: پاڵپشتی برا عێراقییەکانمان دەبین.
لە درێژەی وتەکانیدا ئایەتۆڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: پاراستنی یەکگرتووی نیشتمانی لە عێراق و ناسینی دروستی دۆست و دوژمن و وەستانەوە لەبەرامبەر دوژمنی بێ شەرم، ڕێگای سەرکەوتنی میللەتی عێراق بەسەر کێشەکانیاندایە.
ڕێبەری باڵای شۆڕش هەروەها پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح کرد بە بۆنەی هەڵبژادرنی وەکوو سەرۆک کۆماری عێراق و ئاماژەی دا بە پێوەندییە مێژوویەکانی دوو میللەتی ئێران و عێراق و وتیان: پێوەندیی هەردوو میللەتەکە بێ وێنەیە کە نموونەشی ڕێوڕەسمی گەورەی ئەربەعینە.
لەو دیدارەدا بەرهەم ساڵح خزمەتگوزاریی بۆ زیارەتکارانی ئەربەعینی بە شانازی بۆ دەوڵەت و میللەتی عێراق زانی و جەختی لەسەر ئەوە کرد کە عێراق یارمەتییەکانی ئێرانی لەسەردەمی سەدام و شەڕی دژە تیرۆردا لەبیر ناچێت.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا زیادی کرد: گرینگترین بەرپرسیارێتیی بەرپرسانی عێراقی لەم هەلومەرجەدا ئاوەدان کردنەوە و بووژاندنەوەی ژێرخانەکانی عێراق و هەروها بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment