بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جۆن کێربی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لەبارەی ئەو پرسیارەوە کە ئایا ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات کە هاوپەیمانی ئەمریکان لە باکووری سووریا لە ئارادایە، وتی: ناتوانین بۆچوون و گومانی خۆمان لەبارەی هەڵمەتەکانی داهاتووی تورکیا ڕابگەیەنین؛ ئەنقەرە دەیێت لەمبارەوە قسە بکات. بەمحاڵەشەوە نامانەوێت هیچ هەڵمەتێک لە هیچ لایەنێکەوە تەرکیز لەسەر شەڕی داعش لە سووریا کەم بکاتەوە.
گوتەبێژی پێنتاگۆن جەختی کردەوە کە هەمووان بە تورکیاشەوە بەرژەوەندییان لەوەدایە کە ڕێگیری بکرێت لە بەهێزتر بوونی داعش لە سووریا.
جۆن کێربی لەبارەی ئەگەری بەرگریی کردنی ئەمریکا لە هێزەکانی سووریای دموکرات لە بەرامبەر هێرشی تورکیاوە وتی: ئامانجی سەرکیی ئێمە تەرکیز کردن لەسەر شەڕی داعش لە سووریایە بۆیەش لێرەین و هەر بەم ڕەستەیەش کۆتایی پێدێنم.
Your Comment