ئەردۆغان بە هەمان عەقڵییەتی ئەتاتورک مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات

بەشی جیهان- میشل جانسن دەڵێت ئەردۆغان چەندین ساڵە هەوڵ دەدات کێشەی کورد یەکلا بکاتەوە بەڵام بەو مەنهەجەی گرتوویەتە بەر قەت کێشەی کوردی پێ حەل ناکرێت لە بەر ئەوەی ڕاست وەکوو ئەتاتورک نکۆڵی لە کوردبوونی کوردەکان دەکات.

کوردپرێس:

میشل جانسن چاودێرێکی سیاسیی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە یادداشتێکی ماڵپەڕی "گوڵف تودەی"دا نووسیویەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا نزیکەی یەک دەیە وەکوو قیادەی سیاسی لە تورکیا دەوری بینیوە و بەڵێنی داوە مەسەلە و کێشەی کورد یەکلا بکاتەوە بەڵام تا ئەم کاتەش نەیتوانیوە لەو بارەیەوە هیچ بکات و ناشتوانێت.

ناوبراو بڕوای وایە ئەردۆغانیش ڕاشت وەکوو ئەتاتورک نکۆڵی لە کوردبوونی کوردەکان دەکات و هەوڵ دەدات شۆناسی ڕاستەقینەی کوردی تورکیا بسڕێتەوە و لە کۆمەڵگای تورک زمانی ئەو وڵاتەدا بیانتوێنێتەوە. بەڵام کورد خاوەن زمان و کەلتووری خۆیەتی و لە ڕیشەی هیندوئاریاییەکانن و خۆڕاگری دەکەن لە بەرانبەر پڕۆسەی بەتورک کردنیان.

میشل جانسن دەشڵێت: ئەردۆغان تەنانەت هەوڵیشی دا ئایینی کوردەکان بقۆزێتەوە و لە ڕێگای ئایینەوە لە شۆناسی خۆیان دووریان بخاتەوە و هۆناسی سوننەبوونیان بەسەردا زاڵ بکات. بەڵام ئەوەشی پێ نەکرا، لەبەر دوو هۆکار: یەکەم لەبەر ئەوەی کورد سوورە لە سەر کوردبوونی خۆی و ڕەسەن و شۆناسی خۆی ناگۆڕێت؛ دووهەم لەبەر ئەوەی زۆرینەی کوردەکانی تورکیا سوننە نین بەڵکوو عەلەوین.

ئەو چاودێرە سیاسییەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوای وایە ئەردۆغان زیاتر لە هەموو سەرکردەیێکی تورکەکان، دژایەتیی کوردی کردووە و نموونەکەشی هەڵوێستی تورکیا بەرانبەر بە ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول بوو کە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو و بەو بۆنەیەوە ئەردۆغان هەڕەشەی لە هەرێم کرد کە شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان دەقرتێنێت کە هێڵی بۆریی نەوتی هەرێم بوو.

خاتوو جانسن بڕوای وایە ئێستاش تۆپبارانکرانی هێزی کوردی سووریا و پێشتریش داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و هێزەکانی سەر بەو سوپایە لە درێژەی هەمان سیاسەتی دژایەتی کردنی کورددا کراوە و دەکرێت.

News Code 39485

Your Comment

You are replying to: .
captcha