توركیا ژماره‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ له‌ نزیک قه‌ندیل زیاد ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- لێپرسراوی کۆمیته‌ی یه‌کێتی له‌ برادۆست ڕای‌گه‌یاند: له‌ دوای‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ ته‌رخانكردنی‌ 12 ملیۆن دۆلار بۆ ده‌ستگیركردن یان ئاشكراكردنی‌ شوێنی‌ سێ‌ له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی‌ په‌كه‌كه‌، توركیا ژماره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ له‌ خاكی‌ هه‌رێم و له‌ چیاكانی‌ نزیكی‌ قه‌ندیل و ده‌وروبه‌ری‌ زیاد كردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌لا كه‌ریم برادۆستی‌ لێپرسراوی كۆمیته‌ی‌ یه‌كێتی له‌ برادۆست ڕای‌گه‌یاند: "له‌ سنووری‌ ناوچه‌ی‌ برادۆست سوپای توركیا ژماره‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ به‌ گشتی له ‌هه‌رێم زیاد كردوووه‌ و به‌شێک له‌ سه‌ربازه‌كانیشی‌ له ‌ڕێگه‌ی‌ كۆپته‌ره‌وه‌ دابه‌زاندۆته‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌تایبه‌ت له ‌چیاكانی‌ نزیک و ده‌وروبه‌ری‌ قه‌ندیل".

ناوبراو وتیشی‌: "ڕۆژانه‌ سوپای‌ توركیا سه‌ربازه‌كانی‌ بۆ خوارووی چیای دیل له ‌ناوچه‌ی‌ برادۆست زیاد ده‌كات و به‌ شه‌وانه‌ش هێزه‌كانیان پاشه‌كشه‌ پێده‌كه‌ن بۆ باره‌گای سه‌ره‌كیی‌ توركیا كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا جێگیریان كردوووه و ژماره‌یێكی‌ زۆریش سه‌ربازی توركیای هێنراونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ یه‌كێتی ئاشكراشی كرد: "دوای‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا و زیادكردنی‌ ژماره‌ی‌ سه‌ربازانی‌ توركیا ئێستا پێكدادانی‌ نێوان سوپای‌ توركیا و گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕووی له ‌زیادبوون كردوووه‌ به‌ جۆرێک هه‌فتانه‌ چه‌ندین جار پێكدادان له‌و ناوچه‌یه‌ ڕوو ده‌دات".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی‌: "له‌ چه‌ند ڕۆژی‌ ڕابردوودا گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ هێرشیان كرده‌سه‌ر سه‌ربازانی‌ سوپای‌ توركیا و ژماره‌یێک سه‌ربازیان كوشتوووه‌ و دواتریش به ‌چه‌ند كورته‌ ڤیدیۆیێک چالاكییه‌كانیان بڵاو كرده‌وه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش توركیا به‌رده‌وام ژماره‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ به‌و هۆیه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ زیاتر ده‌كات".

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39452

Your Comment

You are replying to: .
captcha