توێکارییێک لەسەر سەرکەوتنی پارتی و بووژانەوەی پێگەی جەماوەریی یەکێتی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا و بەو پێیەش پارتی براوەی یەکەم و بێ­چوون و چرای ئەو هەڵبژاردنە دەرچوو و ژمارەی کورسی و دەنگەکانی یەکێتییش وەکوو سەرکەوتن خوێندنەوەی بۆ ناکرێت بەڵکوو دەلالەتە لە سەر بووژانەوەیێکی لاوازی پێگەی جەماوەریی ئەو حیزبە؛ ئەوەش لە سایەی فەشەلهێنانی لایەنی موعارەزە.

کوردپرێس:

لە بەشی یەکەمی ڕاپۆرتەکەدا تیشکمان خستە سەر ڕێژەی بەشداری­کردنی هاووڵاتییانی هەرێم و ئەو ئەنجامانەی هەریەکەو لە حیزبەکان مسۆگەریان کردبوو و ئاماژەشمان بە فەشەلهێنانی ئوپۆزسیۆن و هۆکارەکانی ئەو شکستهێنانە کرد. لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەدا شیکارییێک دەکەین لە سەر سەرکەوتنی پارتی و ئەو ئەنجامانەی یەکێتی مسۆگەری کرد و لە کۆتاییدا باسی دەسکەوتەکانی جووڵانەوەی تازەدامەزراوی نەوەی نوێمان کردووە.

براوی هەڵبژارنەکەی پەرلەمانی کوردستان کێیە؟

ئەگەر بڕوانینە ئەو ئەنجامەی حیزب و هاوپەیمانێتییە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا مسۆگەریان کردووە بەبێ گومان بۆمان دەردەکەوێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ئەو هەڵبژاردنە بوو.

پارتی لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا 686 هەزار و 70 دەنگی مسۆگەر کرد کە دەبێتە 45 کورسی و بەو پێیەش ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە هەرێمی کوردستان 7 کورسی زیادی کردووە و پێگەی جەماوەریی حیزبەکەش زیاتر لە جاران بەهێز بووە.

توێکارییێک بۆ سەرکەوتنەکەی پارتی

پارتی دیموکراتی کوردستان لەو کاتەوە سیستەمی فیدراڵی لە باکووری عێراق دامەزراوە بەردەوام یەکێک بووە لە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و خاوەن دەسەڵات و پێگەی جەماوەریی تایبەتە لە ڕووبەرێکی جوگرافیاییی فراوان لە هەرێمی کوردستان.

لە ڕووداوەکانی پاش ڕیفراندۆم و تێوەگلانی هەرێمی کوردستان بە قەیرانی قووڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و پاش ئەوەی هەموو ناوچە جێناکۆکەکانی لە دەست دا پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی وەکوو داڕێژەر و جێبەجێکاری پڕۆژەی ڕیفراندۆم گوشاری زۆری لەسەر بوو و لەلایەن دیکەی حیزبە کوردستانییەکانەوە هێرشی دەکرایە سەر. بەشێکی زۆری چاودێرانی سیاسی بڕوایان وابوو پارتی لە هەڵبژاردنەکانی پاش ڕیفراندۆمدا پێگەی جەماوەری و ژمارەی دەنگەکانی کز دەبێت بەڵام ئەنجامی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش و پەرلەمانی کوردستانیش عەکسی ئەوەیان دەرخست.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراقدا کە 12ی ئایاری 2018 بەڕێوە چوو توانیی 25 کورسی مسۆگەر بکات و ژمارەی کورسییەکانی خولی پێشووی خۆیی لە پەرلەمانی عێراق پاراست و لە ئاستی عێراقدا وەکوو گەورەترین حیزبی عێراقی پێگەی حیزبەکە وەکوو خۆی مایەوە.

ئەو دەستکەوتە مەزنە بۆ پارتی لە خراپترین قۆناغ و ئەستەمترین هەلومەرجی حیزبەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هاتە ئاراوە. کۆی دەستکەوتەکانی پارتی بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی هەولێر لە ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهان بە سەرکردایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتیی پارتی، هانی حیزبەکەی دا بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەی 30ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستاندا ئامانجێکی گەورەتر بگرێتە بەر بۆ بەدەستهێنانی کورسیی زیاتر و لە ئەنجامدا توانیی ژمارەی کورسییەکانی خۆی لە پەرلەمانی کوردستان لە 38 کورسییەوە بۆ 45 کورسی زیاد بکات.

پارتی لە هەڵبژاردنەکەی خولی پێنجەمدا 686 هەزار و 70 دەنگی مسۆگەر کرد ئەوەش لە کاتێکدایە ڕێژەی دەنگەکانی پارتی لە خولی چوارەمدا 743 هەزار و 984 دەنگ بوو. واتا 57 هەزار و 914 دەنگ (7.8 لە سەد) دابەزینی بەخۆوە بینیوە. بەڵام هەر وەک لە ڕاپۆرتی پێشوودا ئاماژەی پێکرا ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 15 لە سەد دابەزینی بەخۆوە بینیوە و بەو پێیەش ژمارەی دەنگەکانی پارتی لە چاو دیکەی حیزبە کوردستانییەکان کەمتر دابەزیوە و ئەو حیزبە توانیویەتی پێگەی پێشووی خۆی بپارێزێت و وەکوو حیزبی یەکەمی کوردستان بمێنێتەوە.

هۆکارەکانی سەرکەوتنی پارتی لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

1. هەیکەلییەتی حیزبەکە و جیاوازیی ڕیشەیی لەگەڵ دیکەی حیزبەکان لە باری پێکهاتەی حیزبی و شێوازی بڕیاردان و بوونی سەرکردایەتیی کاریزماتیک و عیلاقاتی عەشیرەیی و نەریتی.

2. پارتی خاوەن لایەنگر و جمهووری هەمیشەیییە و پێگەی نەریتیی خۆیی لە جوگرافیایێکی فراوانی هەرێمی کوردستاندا پاراستووە و بەو مەبەستەش لە سێ دەیەی ڕابردوودا هەموو کەرەستەیێکی مادیی لە ڕێگەی دەسەڵاتەوە بەکار هێناوە. بۆیە تا ئەم کاتەش هیچ حیزبێکی کوردستانی نەیتوانیوە لە دوو پارێزگای دهۆک و هەولێر ڕکابەریی پارتی بکات.

3. پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا کارتی نەتەوەخوازی و نیشتمانیپەروەری بەکار دەهێنێت و بەتایبەت لە پڕۆژەی گشتپرسیی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستاندا ئەو کارتەی بەکار هێنا.

پارتی، سەرەڕای پاشهات و لێکەوتەی قورسی ڕیفراندۆم مکووڕ بوو لە سەر مەشرووع بوون و دەستووری بوونی ڕیفراندۆم و توانا و دەسەڵاتی میدیاییی خۆیی بەکار هقنا و بەتایبەت لە ناوچەی پێردەسەڵاتی خۆیدا سیاسەتی ڕوونی گرتە بەر و لە مەسەلەی کەرکووکدا یەک قسە و یەک هەڵوێست بوو و حیزبی ڕکابەری خۆییی بە خیانەت تۆمەتبار کرد و لەو مەوزووعە بەهرەی زۆری وەرگرت.

دیارە ئەگەر لایەنی موعارەزە کز بووە و بەرەی ناڕازیی هەرێمی کوردستان پشتی لە ئوپۆزسیۆن کردووە و ژمارەی دەنگی ئەو لایەنانە کەمی کردووە بەو مانایە نییە کە پارتی و هەیکەلییەتی حیزبەکە خەلەلی تێدا نییە و هەموو شتێک لە نێو ئەو حیزبەدا تەواوە. تەنها ئەوە هەیە کە پارتی توانیی هەموو ئەو هەلومەرجە بقۆزێتەوە و پێگەی جەماوەری خۆی بەهێز بکات.

یەکێتی؛ بووژانەوەی لاواز و دەستخستنەوەی پێگەی جەماوەریی جاران

دۆڕاوە گەورەکەی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 2013 بەڕێوە چوو و لە کۆی 111 کورسی توانیی تەنها 18 کورسی بەدەست بهێنێت و بۆ یەکەم جار لە کوردستان بوو بە حیزبی سێهەم و گۆڕان جێگای دووهەمی مسۆگەر کردبوو لە خولی پێنجەمدا توانیی بەشێک لە شکستەکەی خولی ڕابردوو قەرەبوو بکاتەوە.

فەشەلهێنانی یەکێتی لە خولی چوارەمدا تا ئەو ڕادەیە پەرەی سەند کە سەرکەوتنی لایەنی موعارەزەی بەرجەستە کردەوە و لە خولی پێنجەمیشدا ئەگەرچی بەشێکی پێگە جەماوەرییەکەی یەکێتی بەخشرایەوە بەو حیزبە بەڵام سەرکەوتنەکەی ئەم جارەش ئەوەندە بەهێز نەبوو کە یەکێتی بە براوە بزانین.

یەکێتی لە خولی پێنجەمدا 319 هەزار و 912 دەنگی بەدەست هێنا ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا 350 هەزار و 88 دەنگی مسۆگەر کردبوو. واتا 30 هەزار و 588 دەنگ دابەزینی بەخۆوە بینیوە کە دەبێتە 8.7 لە سەد.

ئەگەر ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی بە بەراورد لەگەڵ لایەنی موعارەزە و بەتایبەت گۆڕان کە 60.8 و یەکگرتووی ئیسلامی کە 57.4 دابەزینیان بە خۆوە بینیوە بخەینە بەر باس ئەوا دەردەکەوێت کە یەکێتی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. بەوەشەوە ئەگەر سەرنجی ئەنجامەکان بدەین دەسەلمێت کە گۆڕان شکستی گەورەی هێنا بەڵام ئەو دەنگانەی لە گۆڕان فەوتا بە نسیبی یەکێتی نەبوو؛ لەبەر ئەوەی گۆڕان لە خولی پێشوودا 290 هەزار دەنگی بەدەست هێنابوو و ئەگەر ئەو دەنگانە بگەڕایەتەوە بۆ یەکێتی ئەوا ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی جیاوازیی ئەوتۆی لەگەڵ پارتی نەدەبوو.

هۆکارێکی دابەزینی ڕێژەی دەنگەکان دەگەڕێتەوە بۆ بایکۆت کرانی هەڵبژاردن لەلایەن بەرەی ناڕازی و بێهیوا لە گۆڕانکاری و چاکسازی و بەشێکی دیکەشی بە نسیبی جووڵانەوەی تازەدامەزراوی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتیی شاسوار عەبدولواحید بوو.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پاش هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراق دووهەم هەڵبژاردن بوو کە لە پاش ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبرەوە کراوە و سەرەتای خۆ نواندنی سەرکردە گەنجەکانی یەکێتی بوو کە وەرزێکی نوێی پاش نەمانی تاڵەبانی و جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح دێنێتە ئاراوە. باڤڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی دوو کەسایەتیی بەرجەستەی ئەو بەرە نوێیەی یەکێتین و زیاترین دەوریان بینی لە دیاریکردنی ستراتێژییەت و ڕێکخستن و سەرکردایەتی کردنی کەرنەڤاڵ و بانگەشەی هەڵبژاردن. ئەو بەرە نوێیەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەو وابەستەییە مێژوویی و حیزبی و نیشتمانییەی سەرکردە نەریتییەکانیان نییە و عیلاقات و پێوەندییەکانیان لەگەڵ حیزبی ڕکابەری خۆیان واتا پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەیێکی نوێدا دادەڕێژنەوە و بە پێی ئەو شتەی خۆیان وتوویانە دەیانەوێت کۆتایی بە پاشکۆیەتیی یەکێتی بهێنن و نایانەوێت چیتر یەکێتی پاشکۆی پارتی بێت و دەیانەوێت دەوری ئەو کاراکتەرانەی یەکێتی کەم بکەنەوە کە لە پێشینەیاندا عیلاقاتو پێوەندیی نزیکیان لەگەڵ پارتی بووە.

نەوەی نوێ؛ بەرهەمی بێ­هیوابوونی بەرەی ناڕازی لە ئوپۆزسیۆنی نەریتی

ساڵی 2006 دووهەم کەسایەتیی دەسەڵاتداری یەکێتی واتا نەوشیروان مستەفا کۆمپانیای میدیاییی وشەی دامەزراند و پاشان ڕایگەیاند لە یەکێتی جیا دەبێتەوە. لەو کاتەوە تا هەڵبژاردنەکەی 30ی ئەیلوولی 2018ش گۆڕان خۆی بە لایەنی سەرەکیی ئوپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان دەزانی. گۆڕان تەنانەت پاش 2013ش کە چووە نێو دەسەڵاتەوە نەیتوانی بەرگی موعارەزە بوون لە بەر بکەنێت و لە ئەنجامدا پارتی لە دەسەڵات دەری کرد و ساڵی 2017 گۆڕان بە فەرمی بڕیاری دا لە دەسەڵات بکشێتەوە بۆیە ئەم جارەیان بە ناچاری بەرگی موعارەزەی پۆشییەوە.

لە لایێکی دیکەشەوە لایەنە ئیسلامییەکان و بەتایبەت کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی نەیانتوانیوە لە هیچ قۆناغێکی ساحەی سیاسیی کوردستاندا وەکوو لایەنی موعارەزە خۆ بنوێنن و بەپێی بەرژەوەندییەکانیان کۆمەڵێک ئیمتیازیان وەرگرتووە و بەشداریی دەسەڵاتیان کردووە.

حیزبە ئیسلامییەکان نەیانتوانیوە لە دەرەوەی وتاری ئایینیی خۆیاندا جووڵە و چالاکیی ئەوتۆ بکەن و چینە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگا بەرەو لای خۆیان ڕابکشێن و ئەوەش چوارچێوەی چالاکیی حیزبەکانی بەرتەسک کردۆتەوە.

هەردوو هەڵبژاردنی عێراق و کوردستان گۆڕانکارییێک ماناداری پڕۆسەی هەڵبژاردنی لە نێوان جەماوەری هەرێمی کوردستاندا پیشان دا بەڵام ئەم ڕەفتار گۆڕینە لە نێو بەرەی ناڕازی و لایەنگرانی حیزبە دژبەرەکاندا زیاتر خۆی دەرخست و ئەوەش بە ئەنجامەکەدا دەرکەوت کە ژمارەی کورسیی لایەنە ناڕازییەکان کەمی کرد و لە بەرانبەردا ژمارەی کورسییەکانی لایەنی دەسەڵات زیادی کرد.

پاش ئەوەی ئوپۆزسیۆنی نەریتی دەستی بە بەرنامە و ئەجیندا پێشووەکانی خۆی نەگەیشت و لە ئەنجامدا نەیتوانی سەرنجی بەرەی ناڕای ڕابکێشێت زەمینە خۆش بوو بۆ سەرهەڵدانی حیزبی نوێ.

جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتیی شاسوار عەبدولواحید بازرگانی گەنج و ناسراوی سلێمانی یەک لەو بەرە ناڕازییانە بوو کە لەو قۆناغە نوێیەدا سەری هەڵدا و هاتە ساحەی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە. ئەو جووڵانەوەیە هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی هەوڵەکان بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، دروشمی "نەخێر لە ئێستادا"ی بەرز کردەوە و هاتە ڕکابەریی سیاسیییەوە و تاکە لایەنێک بوو کە بە ئاشکرا دژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بوو و پاش ئەوەی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم یەکلا بوویەوە لەو ڕیفراندۆمەدا بەشداریی کرد و داوای لە هەمووان کرد دەنگی نەخێر بدەن.

بەرنامە و دروشمی نەوەی نوێ لە حیزبە نەریتییەکانی دەسەڵات و ئوپۆزسیۆنیش جیاوازە و لە دڵی بەرەیێکەوە سەری هەڵداوە کە لەگەڵ وتاری خەباتی بەرەی پێشووتر لە خۆی بێگانەیە و لە هەلومەرجێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی جیاوازدا سەری هەڵداوە و زیاتر کار بۆ خۆشبژێوی و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی دەکات و بە شێوازێکی جیاواز موتابەعەی داواکارییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان دەکات. ئەو بەرەیە بەرهەم ئەو گۆڕانکارییانەیە کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا کراوە.

نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا توانیی 127 هەزار و 115 دەنگ مسۆگەر بکات کە دەکاتە 8 کورسیی پەرلەمان.

ئەگەر سەرنج بخەیەنە سەر ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە زۆرترین دەنگی نەوەی نوێ لە لایەنە ناڕازییەکانەوە و لە سلێمانییەوە ڕژاوەتە سەبەتی ئەو جووڵانەوەیە.

هەیکەلییەتی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای پشک پشکێنە و تەوافوق بەڕێوە دەچێت و ئەوەش ئەمری واقیعی هەرێمی کوردستانە بۆیە فشاری سیاسی و مشتومڕی لایەنی موعارەزە لەگەڵ دەسەڵات زۆر ئەستەم دەبێت. ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردووی لایەنی موعارەزە و بەتایبەت ئەزموونەکەی بزووتنەوەی گۆڕان سەلماندی کە ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان یەکلا دەکاتەوە قورساییی حیزب و ژمارەی دەنگ و ژمارەی کورسیی پەرلەمان نییە هەر ئەوەش کێشەکانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ زیاد دەکات.

*لە لایەن حەسەن ساڵحییەوە ئامادە کراوە

زیاتر بخوێنەوە:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=31195

News Code 39221

Your Comment

You are replying to: .
captcha