پارتی دژایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ به‌شداریی گۆڕان و کۆمه‌ڵ له‌ حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان ڕاده‌گه‌یێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پارتی تێبینیی له‌سه‌ر به‌شداری پێكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌یه‌ له‌ حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستاندا و ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه‌ش ده‌ڵێت: "باشتره‌ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ خۆیان به‌شداریی حكوومه‌ت نه‌كه‌ن و ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فازڵ به‌شاره‌تی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی به‌ ئاژانسی وت: "هیوادارین گۆڕان و كۆمه‌ڵ خۆیان نه‌یه‌نه‌ حكوومه‌ته‌وه‌ و ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ته‌نگانه‌دا حكوومه‌تیان به‌جێ هێشتوووه‌ و پارتییش ئه‌زموونی حكوومه‌تی بنكه‌فراوان دووباره‌ ناكاته‌وه‌."

ناوبراو وتیشی: "ئێستا پارتی هه‌ڵوێستی ڕوون ناكاته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌ دروست نه‌بێت."

هاوكات نووری حه‌مه‌ عه‌لی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی به‌ "ئاژانس"ی وت: "حزب هه‌یه‌ باش ده‌كات و حزبیش هه‌یه‌ خراپ ده‌كات و لیژنه‌ی باڵای حزب داده‌نیشن و بڕیار ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ كێ و داوا له‌ چی حزبێک ده‌كه‌ن بێته‌ ناو حكوومه‌ته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ قسه‌ی لێ ده‌که‌ین."

له‌ به‌رانبه‌ردا سه‌لیم كۆیی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵ به‌ هه‌مان هه‌واڵده‌ریی ڕاگه‌یاند: "كه‌س بۆی نییه‌ هێڵی سوور له‌سه‌ر ئه‌وی‌تر دانێت، ئه‌و كوردستانه‌ هیی هه‌موومانه‌، كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێی باش بێت به‌شداریی حكوومه‌ت ده‌بێت، پێی باش نه‌بێت به‌شدار نابێت و تا ئێستا هیچ په‌یوه‌ندییێک له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌ نه‌بوووه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت به‌ڵام پێش هه‌ڵبژاردن پارتی سه‌ردانی كۆمه‌ڵی كرد و باسیان له‌وه‌ كرد په‌یوه‌ندییه‌كان ئاسایی ببێته‌وه‌ دوای هه‌ڵبژاردن."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39216

Your Comment

You are replying to: .
captcha