کوردپرێس:
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کۆمپانیای گۆڵف کەی ستۆنی بەریتانی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات ڕۆژی دووشەمە وتوویەتی لەبەر هەڵکشانی نرخی نەوت و زیادکردنی ڕێژەی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت داهاتی کۆمپانیاکەیان زیادی کردووە و بەو بۆنەیەشەوە بەنیازن سەرمایەی زیاتر لە هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان دابنێن.
ئەو کۆمپانیایە بەنیازە بەرهەمێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخانی هەرێمی کوردستان لە ڕێژەی 34000 بەرمیلەوە بۆ ڕۆژانە 55000 بەرمیل بەرز بکاتەوە و ئەوەش پێویستە بە 200 بۆ 230 ملوێن دۆلار پارە هەیە.
کۆمپانیا بەریتانییەکە ڕایگەیاندووە کە 160 بۆ 184 ملوێن دۆلار لە سەرمایەی پێویستی پەرەپێدانی کێڵگەی شێخان دابین دەکات و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش شەریکێکی دیکەی ئەو کێڵگە نەوتییەیە.
کۆمپانیای گۆڵف کەی ستۆن ئەوەشی وتووە کە داهاتی ئەو کۆمپانیایە لە شەش مانگی ڕابردوودا 26.6 ملوێن دۆلار بووە ئەوەش لە کاتێکدایە کۆی داهاتی کۆمپانیاکە لە ساڵی ڕابردوودا تەنها 6 ملوێن دۆلار بوو.
Your Comment