وتەبێژی یەکێتی: کورد تا ئەم کاتە لەگەڵ هیچ هاوپەیمانێتییێکی عێراقی ڕێک نەکەوتووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەعدی پیرە وتەبێژی فەرمیی یەکێتی لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند کۆتاییی ئەم مانگە دەچنە بەغدا و جەتیشی کردەوە کە کورد تا ئەم کاتە لەگەڵ هیچ هاوپەیمانێتییێکی عێراقی ڕێک نەکەوتووە.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەمە 28-8-2018 وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ شاری هه‌ولێر كۆ بوونه‌وه ‌و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كۆنگره‌یێكی رۆژنامه‌وانی بۆ هه‌ردوو وته‌بێژی یه‌كێتی و پارتی ساز كرا.

له‌ سه‌ره‌تای كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی بڕیارمان داوه‌ كه‌ رۆژی هه‌ینی وه‌فدێكی هاوبه‌شی هه‌ردوولا سه‌ردانی به‌غدا بكات.

ناوبراو وتیشی: تائێستا یه‌كێتی و پارتی ته‌نانه‌ت هیچ كوتله‌یه‌كی كوردی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ كوتله‌ عێراقییه‌كان نه‌به‌ستووه ‌و یه‌كێتیش پشتگیری هیچ كوتله‌یه‌كی عیراقی نه‌كردووه‌.

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌، پیره‌ وتی: تائێستا هیچ گۆڕانكارییێک له‌ واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و له‌كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین بارودۆخی كه‌ركوك ئاسایی بكه‌ینه‌وه‌و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان به‌ ئاسایی له‌ شاره‌كه‌دا ژیان به‌سه‌رببه‌ن.

پاشان مه‌حموود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆماندا له‌گه‌ڵ وه‌فدی یه‌كێتی تاووتوێی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عیراقمان كرد و بڕیارمان دا رۆژی هه‌ینی وه‌فدێكی هاوبه‌شی هه‌ردوولا سه‌ردانی به‌غدا بكات.

له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ وتی: وه‌ك سه‌عدی پیره‌ ئاماژه‌ی پێدا هیچ گۆڕانكارییێک به‌سه‌ر كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندا نه‌هاتووه‌.

News Code 37678

Your Comment

You are replying to: .
captcha