تورکیا و ئه‌مریکا مه‌شقێکی هاوبه‌ش له‌ مه‌نبه‌ج ئه‌نجام ده‌ده‌ن

به‌شی جیهان- وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا ڕای‌گه‌یاند: له‌ سێ ڕۆژی داهاتوودا مه‌شقێکی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن هێزه‌کانی سوپای تورکیا و سوپای ئه‌مریکا ئه‌نجام ده‌درێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جه‌یمز ماتیس وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژدا ده‌ست به‌ مه‌شقی پێویست ده‌کرێت به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی مه‌شقێکی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن سه‌ربازانی سوپای توركیا و ئه‌مریكاوه‌ له‌ مه‌نبه‌ج.

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: كه‌لوپه‌ل و سه‌ربازه‌کانیان له‌ ئێستادا بۆ ئه‌و مه‌شقانه‌ له‌ توركیان و ڕه‌نگه‌ له‌ ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا یان زووتر مه‌شقه‌کان ئه‌نجام بده‌ن.

له‌لایه‌کی‌تره‌وه‌ ده‌یڤید ساته‌رفیڵد به‌رپرس له‌ خۆڕهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌ ئه‌وه‌ کرد که‌ گرژییه‌كانی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا هیچ كاریگه‌رییێكیان نه‌بوووه‌ و قۆناغی نه‌خشه‌ڕێگای مه‌نبه‌ج بێ كێشه‌یه‌ و به ‌شێوه‌یێكی باش درێژه‌ی هه‌یه‌.

ناوبراو وتیشی: هیچ كاریگه‌ریی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا و تورکیا که‌ له‌ ئه‌مڕۆدا ڕوو ده‌ده‌ن لێره‌دا به‌دی ناكرێت.

هاوکات له‌ سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌ر دوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و تورکیا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکی هاوبه‌شدا ڕێککه‌وتنیان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگایێک له‌باره‌ی مه‌نبه‌جه‌وه‌ ڕاگه‌یاند.

ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌هۆى کێشه‌ى قه‌شه‌ ئه‌ندرو برونسۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان ئه‌مریکا و تورکیا ئاڵۆزیی زیاترى به‌خۆوه‌ بینى و له‌ هه‌فته‌ی ڕابردووشدا دۆناڵد تره‌مپ گومرگى سه‌ر ئه‌له‌منیۆم و پۆڵاى تورکى بۆ دوو هێنده‌ زیاد کرد و وه‌زاره‌تى خه‌زێنه‌ى ئه‌مریکاش سزاى دوو وه‌زیرى تورکیای دا.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37421

Your Comment

You are replying to: .
captcha