بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە میانەی لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ، لەبارەی بەدەستنەهێنانی هیچ کورسییەک لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە ڕایگەیاند: "هەڵەی یەکەم پەیوەندیی بە هاوپەیمانییەوە بوو، بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێکهێنانی هاوپەیمانی پێویست بوو، بەڵام بۆ ناو هەرێمی کوردستان هەبوونی هاوپەیمانی پێویست نەبوو، چوونکە زەحمەتە دەنگدەری گۆڕان دەنگ بە بەربژێری یەکێتی و دەنگدەری یەکێتیش دەنگ بە بەربژێری گۆڕان بدەن، هاندانەکە زەحمەتە".
ئەوەشی خستەڕوو، " هەروەها لەم سیستەمەدا دیاریکردنی کاندی گرنگە، نەوەک بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵکو بۆ هەموو لایەک."
ناوبراو وتیشی: وەکوو حیزب لەسەر پرسی کەمبوونەوەی دەنگەکانمان دەوەستین و لێی ورد دەبینەوە، لێکۆڵێنەوە دەکەین و لیژنەیەکی باڵاش پێکهێندراوە بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکات و دەنگمان لە ئاستی پێویستدا نییە، نە لە سلێمانی، نە لە هەولێر و نە لە دهۆک".
ئیمینکی ئاماژەی بەوەش کرد، "کێشەی تەکنیکی کاریگەریی لەسەر بەشداریکردنی کەمی دەنگدەر هەبوو، بەڵام نابێت ئەوەش لەیاد بکرێت کە مامەڵەی هاونیشتمانیانیش زۆر گۆڕاوە، چونکە جاران هاووڵاتی بە ئاسانی بەشداریی لە پرۆسەی دەنگداندا دەکرد، بەڵام ئێستا دەبێت وێنە گشتییەکە ببینێت و چیدیکە بە وێنە بچووکەکە رازی نییە".
Your Comment