بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە 25-09-2021 راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی (السلام والاسترداد) بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: "وەزارەتی ناوخۆ، رێکاری یاسایی دەگرێتە بەر بەرامبەر بەو کەسانەی کە ئەم کۆبوونەوەیان بە لاڕێدا بردووە و هەروەها کەسە کەمتەرخەمەکان بە سزا دەگەیێنێت لە هەر لایەکەوە بن."
دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی وۆرکشۆپێکی لە هەولێر بۆ ژمارەیەک کەسایەتی بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق ئەنجامداوە بە مەبەستی کارکردن لە سەر چەمکەکانی پێکەوەژیان و چەسپاندنی بنەماکانی فیدرالیزم لە عێراق لە بەر رۆشنایی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بەڵام بە داخەوە، هەندێک لە سەرپەرشتیارانی ئەم چالاکییە، ئەم وۆرکشۆپەیان بە لاڕێدا بردووە و بۆ هەندێک مەبەستی سیاسی بە کاریان هێناوە کە دوور بووە لە مەرجەکانی مۆڵەتپێدانی ئەم جۆرە وۆرکشۆپانە و لە میانەی چالاکییەکەدا، چەند وتار و بەیاننامەیەک بڵاوکراونەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ سیاسەتی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناگونجێت و گوزارشت لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان ناکات.
وەزارەتی ناوخۆ، رێکاری یاسایی دەگرێتە بەر بەرامبەر بەو کەسانەی، کە ئەم کۆبوونەوەیان بە لاڕێدا بردووە و هەروەها کەسە کەمتەرخەمەکان بە سزا دەگەیێنێت لە هەر لایەکەوە بن.
هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک کیانێکی دەستووری لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕالی، وەک هەمیشە پابەندە، بە سیاسەتی دەرەوەی فەرمیی دەوڵەتی عێراق و بە هیچ شێوەیەک، رێگا نادات کەسانێک کەشی ئازادی و دیموکراسی کە لە هەرێمدا بەرقەرارە، بۆ مەرامی دیکەی سیاسی بەکار بهێنن و ئەو کەسانەی کە بەم کارانە ھەستاون، دوور دەخرێنەوە و جێگەیان لە هەرێمی کوردستان نابێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
25ی ئەیلوولی 2021
Your Comment