کوردپرێس:
ماڵپەڕی روسیا تودەی لە زاری چاوگێکی ئاگاداری عێراقییەوە بڵاوی کردەوە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا سەردانی ئێران دەکات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، کازمی چاوی بە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران دەکەوێت و کۆدەبنەوە.
چاوگەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دۆسییەکانی دووبارە ناردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە دیارترین ئەو دۆسییانەن کە مستەفا کازمی و ئیبراهیم رەئیسی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکەن.
لە ماوەی رابردوودا، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەریەک لە وڵاتی ئیمارات و کوەیتی کرد و لە کۆتایی مانگی ئابدا لوتکەی هەرێمی بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و بازرگانی عێراق و سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری بەغدای پاییەختی عێراق بە ئامادەبوونی تورکیا و ئێران و ئیمارات و سعودییە و کوەیت و فەرەنسا و نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەچوو.
Your Comment