کوردپرێس:
دوکتور کەمال سەیدقادر توێژەری بواری یاسا و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستای پێشووی زانکۆی سلێمانی لەبارەی ناکۆکییەکانی ئەم دوایییەی نێو یەکێتی وەڵامی چەند پرسیاری کوردپرێسی داوەتەوە.
دوکتور کەمال سەید قادر لەبارەی بوونی دەستی دەرەکی لە ڕووداوەکانی ناو یەکێتی بە کوردپرێسی گوت: کەم ڕووداوی سیاسی هەیە لایەنی شاراوە و نهێنیی نەبێت، ئەمەش بو شێوەیێکی گشتی ئاماژە بۆ ڕۆڵی دەزگا هەواڵگرییەکان دەکات، بەڵام بۆ دۆزینەوەی ئەم لایەنە شاراوە پێویستمان بەوە هەیە بزانین کێ بەرژەوەندیی لە ڕووداوە سیاسییەکەدا هەیە. سەبارەت بەم کێشەیەی نێوان لاهوور شێخ جەنگی و پافیلی ئامۆزاشی کەوا چارەنووسی یەکێتی دیاری دەکات، چەند حیزب و لایەن دەتوانن بەرژەوەندییان هەبێ کە بریتین لە پارتی و تورکیا و ڕووسیا و ئێرانیش. پارتی چوونکە لاهور شێخ جەنگی تەنازول بۆ بنەماڵەی بارزانی ناکات بۆیە باشترین سیاسەتیان پەرتکە و زاڵبەیە ئەمەش لە ڕێگای نانەوەی ناکۆکی لە نێو بنەماڵەی تاڵەبانی. چوونکە ئەگەر لاهور نەمێنێت ئەوا مامەڵە کردن لە گەڵ دوو کوڕی مام جەلال زۆر ئاسانە و هەر لەوانەیە بە دەسکەوتی مادی چارەسەر بکرێت، سەبارەت بە ئێرانیش ئەوە کەم ووڵات هەیە لە ناوچەکە ئەوەندە بەرژەوەندی و پێوەندی و تێکەڵیی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت وەکوو ئێران، پەیوەندی مێژویی لە نێوان ئێران و کوردا هەیە. ئێران کوردستانە، کوردستانیش ئێرانە لە لایەن کولتور و زمانەوە. ڕەهەندێکی تری سیاسییش هەیە کە وا هەرێمی کوردستان بە هۆی نزیکیی جوگرافی و قووڵاییی کولتووری و نەتەوەیی کوردی لە ئێران هەردەم دەتوانرێت ببێتە بنکەیێکی هەڕەشە لە سەر ئێران. بۆیە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ئەو شتەی لە هەرێم لە ئاستی حیزبی و حکوومی ڕوو دەدات گرینگیی تایبەتی بۆ ئێران هەیە.
ئەو توێژەرەی بواری یاسا دەشڵێت: تورکیا وا دەزانێت وا تێدەگات میراتگری دەوڵەتی عوسمانی و خاوەن مافی مێژویییە لە هەرێمی کوردستان بۆیە هەر ڕووداوێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەخاتە تای تەرازووی بەرژەوەندییەکانی خۆشی،لە حاڵەتی لاهور شێخ جەنگییش ئەوا ئاشکرایە کە وا ناوبراو لە هێزە کوردییەکانی تورکیا و سووریا نزیکە کە وا تورکیا بە دوژمنی سەرەکیی خۆیانی دەزانێت، بۆیە لێدانی لاهوور سووک کردنی باری قورسی تورکیایە لە تورکیا و سووریا. تورکیاش ئەم کارە زیاتر لە ڕێگای بارزانییەوە جێبەجێ دەکات.
لەبارەی تەداخولی ڕووسیاش لە ناکۆکییەکانی ناو یەکێتی دوکتور کەمال سەید قادر دەڵێت: سەبارەت بە ڕووسیاش، ئەوا ڕووسیا لە سەرتاپای جیهان لە شەڕی ساردایە لە گەڵ ئەمەریکا بە هەرێمی کوردستانیشەوە بە تایبەتی لە بواری نەوت و گاز، جا بە هۆی ئەوەی لاهوور وەکوو لە سەرەوە باسمان کرد نزیکە لە لایەنە ئەمەریکی و بەریتانییەکان ئاسایییە کەوا دەزگای هەواڵگریی ڕوسی لە پلانگێڕان بێت دژی. دەزگای هەواڵگریی ڕووسیش جگە لە بنەماڵەی بارزانی پێگەی لە سلێمانیش هەیە، بەڵگەنامەکانی ئاشکرابوی کی جی بی ڕووسی زۆر نهێنی لەم بارەو ئاشکرا دەکەن.
سەبارەت بە زیانەکانی ئەم دوو بەرەکییەی نێو یەکێتی، مامۆستاکەی پێشووی زانکۆی سلێمانی بە کوردپرێسی گوت: دیارە کە وا لە نێو یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانیدا لە پاش کۆچی دوایی مام جەلال لاهوور شێخ جەنگی ئەم کاریزمایەی هەیە سەنگی یەکێتی ڕابگرێت، هەر ئەمیش بوو یەکێتیی لە هەورازێکی سەخت بە سەر خست بۆیە لە لاچوونی ئەم یەکێتی دەکەوێتە دەست کەسانی کەم ئەزمون و لاواز. حزبەکە دەبێتە ئامرازێکی هەرزانی حیزب و هێزەکانی ناوچەکە، دەنگەکانی یەکێتی لەوانەیە زۆر کەم بکەن. لە سەر ئاستی هەرێمیش سیستمی حوکمی تاکبنەماڵەیی زاڵ ببێت.
توێژەری بواری یاسا و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە چارەسەری کێشەکە دا و پێی وایە بۆ چارەسەر یەک ڕێگا هەیە ئەمیش دیالۆگی ئاشتییانەیە چوونکە بە کارهێنانی هێز ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی دەبێت هەریەک لە لاهور و پافل هاوسەرۆکانی یەکێتی، هاووڵاتیی بەریتانین، لاهوور لە ئەمەریکا و بەریتانیا زۆر نزیکە بۆیە بە شێوەیێکی نافەرمی سنوورێک بۆ بە کارهێنانی هێز دیاری کراوە، کە واتە دەبێت بە ناچاری بگەنە چارەسەرێک. جا ئەو چارەسەرە دەتوانرێت لە ڕێگای دابەش کردنی دەسەڵاتەکان بێت، یا سەرۆکایەتی بە نۆرە.
سەبارەت بە داهاتووی یەکێتی، ئەوا دیار نییە تا چی ڕادەیێک کوڕەکانی مام جەلال مەنتقییانە بیر دەکەنەوە، ئەگەر بە عاتیفە و ئیحساس هەڵسوکەوت بکەن ئەوا خۆکوژییە بۆ خۆیان و حزبەکەشیان، ئەگەرنا ئاقارێکی چارەسەری هەیە، لاهوور هەردەم دەتوانێت تەنهاش بێت پێگەیێکەی جەماوەری بۆخۆی دابین بکات بەڵام کوڕانی مام جەلال نەختێک نامۆن لە کولتوری سیاسی کوردی.
سەبارەت بە پەیوەندی یەکێتی لە گەڵ ئێران دوکتور کەماڵ سەید قادر بە کوردپرێسی گوت: من دوورم لەم جۆرە سەرچاوانە بەڵام بە شێوەیێکی گشتی لەم باوەڕەم کەوا ئێران لە گەڵ ئەمەریکادا لەم مەسەلەیە لە کێبڕکێدایە، بەڵام پێگەی ئێران بە هێزترە. بەڵام بەگشتی پەیوەندیی یەکێتی و تورکیا دوژمنکارانەیە.
لەبارەی ماوەی دیاریکراو بۆ لاهوور شێخ جەنگی بۆ بەجێ هێشتنی هەرێمی کوردستان، ئەو توێژەرە گوتی: ئەوەی من ئاگادار بم لاهوور بە هیچ شێوەیێک کوردستان جیناهێڵێت چوونکە دەبێت کۆتایی ژیانی سیاسی، هیچ ترسیشی لە سەر نی یە پشتی بە هێزە. سەرکردایەتی یەکێتیش بە زۆری خەمی مانەوە و پێگە و بەرژەوەندییەکانی خۆیانن بۆیە زیاتر ڕۆڵی سەیرکەر دەبینن تا لایێک بە لایێک دەبێتەوە، جار وایە سەرچاوەی بژێوی ژیان لە هەڵوێست گرنگترە بە تایبەتیش ئێستا لە هەرێمی کوردستان
لە کۆتاییدا مامۆستاکەی زانکۆی سلێمانی لەبارەی ئەگەری جیابوونەوەی هاوسەرۆکی یەکێتی (لاهوور شێخ جەنگی) لە حیزبەکەی، بە کوردپرێسی گوت: سەبارەت بە جیابوونەوە ئەگەر ڕوو بدات ئەوا لە گەڵ جیابوونەوەکەی نەوشێروان مستەفا بەراورد ناکرێت چوونکە جیابوونەوەی حزب و بنەماڵەشە بۆیە لایێکیان کۆتایییان دێت یا زۆر لاواز دەبن، ئەمیش دەنگدەرانی یەکێتی زیاتر بەلای لاهووردا دەشکێنەوە، نوخبە و سوودمەندەکانیش بە زۆری بە لای کوڕەکانی مام جەلال، جا دیارە لە حاڵەتی هەڵبژاردن کێ براوە دەبێت.
Your Comment