کوردپرێس:
تۆڕی هەواڵی سلێمانی ( SNN) ڕایگەیاند: “بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی و بەمەبەستی نەهێشتنی دیاردەی قاچاخچێتی و كاری نایاسایی لە سبەی دووشەممەوە هێزێكی ئاسیشی سەر بە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە هەریەكە لە مەرزەكانی پەروێزخان و باشماخ جێگیر دەكرێن”.
ئاماژەی بەوەش كرد: “ئەو هێزانەی كە جێگردەكرێن لەو دوو مەرزە نێودەوڵەتییە هەموو دەستەڵاتێكیان پێدەدرێت كە چاوپۆشی لەهیچ كەس و لایەنێك نەكەن ئەگەر بیانەوێت كاری نایاسایی بكەن و كاڵاو شمەكی قەدەغەكراو بەشێوەی نایاسایی هاوردەی هەرێم بكەن لە ڕێگەی ئەو دوو مەرزەوە”.
SNN ئەوەشی زانیوە كە هێزەكەی ئاسایش بە بەردەوامی و بە شەو بەڕۆژ چاودێری وردی هاتووچۆی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانە دەكەن كە لەڕێگەی ئەو دوو مەرزەوە كاری هاوردەكردن و هەناردەكردنی كاڵاو شمەك دەكەن، هێزەكەش مەبەستیانە كۆتایی بە هەر كارێكی قاچاخچێتی بهێنن لەو دوو مەرزە نێودەوڵەتییە.
بە گوێرەی زانیارییەکان بەرپرسانی هەردوو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەرویزخان خۆشحاڵن بە دەركردنی وەها بڕیارێك بۆ ناردنی هێزی ئاسایش بۆ ڕێگریكردن لەهەر كارێكی نایاسایی و كاری قاچاخچێتی لەڕێگەی ئەو دوو دەروازە نێودەوڵەتییەوە.
Your Comment