ساڵح موسلیم: سیاسه‌تی خۆمان له‌ ده‌ستى خۆماندایه‌

به‌شی سووریا- ساڵح موسلیم به‌رپرسى کۆمیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ى دیموکراتیک (ته‌ڤده‌م) ڕای‌ده‌گه‌یه‌نێت: ئێمه‌ هه‌رگیز له‌ ده‌ره‌وه‌ى یه‌کپارچه‌ییی سووریا نه‌بووین و سیاسه‌تی خۆمان له‌ ده‌ستى خۆماندایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شاندێکى ئه‌نجوومه‌نى دیموکراتیکی سووریا (مه‌سه‌ده‌) ڕۆژی ٢٦ی ته‌مووزی ٢٠١٨ سه‌ردانى دیمه‌شق (شام)ی کرد و بۆ یه‌که‌م جار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حکوومه‌تى سووریادا چاوپێکه‌وتنى فه‌رمییان ئه‌نجام دا.

ساڵح موسلیم به‌رپرسى کۆمیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ى دیموکراتیک (ته‌ڤده‌م) له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی فورات نیووز له‌باره‌ى چاوپێکه‌وتنه‌کانى شاندى مه‌سه‌ده‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى سوریا وتی: "ئه‌و شانده‌ وه‌ک کۆمیته‌ى ئاماده‌کار بۆ تێگه‌یشتن له‌ نزیکایه‌تیى ده‌وڵه‌ت و بۆ ئه‌وه‌ى بزانن که‌ ده‌وڵه‌ت جدییه‌ یان نا ئه‌و سه‌ردانه‌یان ئه‌نجام دا و ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ى چوون بۆ چاوپێکه‌وتنه‌کان ڕایانگه‌یاند که‌ چاوپێکه‌وتنه‌کان باش بوون و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێککه‌وتوون کۆمیته‌ و لیژنه‌ دروست بکرێت."

ناوبراو گوتیشی: "ئه‌وه‌ى ئێستا ئه‌نجام ده‌درێت پێش چاوپێکه‌وتنه‌. یانى ئه‌مه‌ بۆ هه‌ر دوولا به‌ مانای هه‌وڵدانه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ نیازه‌ باشه‌کانى یه‌کتر و دروست کردنى متمانه‌. ئه‌گه‌ر له‌و ڕوووه‌وه‌ دۆخێکى باش بڕه‌خسێت ئه‌وا ده‌کرێت هه‌نگاوى‌تریش بنرێن."

ساڵح موسلیم ڕاشی‌گه‌یاند: "ئێمه‌ پارچه‌یێک له‌ سووریاین. ئێمه‌ هه‌رگیز له‌ ده‌ره‌وه‌ى یه‌کپارچه‌ییى سووریا نه‌بووین. ئێمه‌ هه‌موو کات بیرمان له‌ سووریا کردوووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام مۆدێلێکمان هه‌یه‌ که‌ خۆمان بونیاتمان ناوه‌. ئێمه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رکه‌وت ئه‌و مۆدێله‌ ڕاسته‌، باشترینه‌ و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بڵاوى بکه‌ینه‌وه‌."

ناوبراو وتیشی: "له‌به‌ر ئه‌وانه‌ش مه‌به‌ست له‌ ڕێککه‌وتن ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێک خاڵ ڕێکبکه‌وین و له‌ هه‌ندێک خاڵدا ئێمه‌ سازش بکه‌ین. بێگومان ئێمه‌ داواى باشترین به‌ باشترین شێوه‌ ده‌که‌ین."

موسلیم جه‌ختیشی كردوووه‌ته‌وه‌: "ئه‌مریکا لێره‌یه‌ به‌ڵام هه‌رگیز ئیراده‌ى خۆمان ڕاده‌ستی هیچ که‌سێک نه‌کرد. ئیراده‌ى سیاسیى خۆمان له‌ ده‌ستى خۆماندایه‌. ئێمه‌ ئیراده‌ى سیاسیى خۆمان، ئیراده‌ى گه‌ل و ئه‌و پێکهاتانه‌ که‌ ئێمه‌ نوێنه‌رایه‌تیان ده‌که‌ین هه‌رگیز ڕاده‌ستى هیچ که‌سێک ناکه‌ین."

ناوبراو ئاماژه‌شی كردوووه‌ به‌وه‌ی بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریا كۆ ده‌بنه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ ئیراده‌ى خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ڕووسیا، ئه‌مریکا و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى‌تریش که‌ له‌ سووریان ئه‌وه‌ ده‌زانن ئه‌وان ده‌یانه‌وێت چی بکه‌ن و به‌ کوێى ده‌گه‌یه‌نن.

موسلیم له‌ به‌رده‌وامیی قسه‌کانیدا ڕای‌گه‌یاندوووه‌: "بوونى هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ ئێمه‌ فه‌رمان له‌ لایه‌نێکه‌وه‌ وه‌رده‌گرین. هه‌ر ئه‌وان بۆ خۆشیان ڕێز له‌وه‌ ده‌گرن. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ڵێن "ئێوه‌ چیتان پێ راست و دروسته‌ ئه‌وه‌ بکه‌ن" یانى ئێمه‌ فه‌رمان له‌ که‌سه‌وه‌ وه‌رناگرین. چی به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌له‌که‌مان بێت ئێمه‌ ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ین. دووباره‌ى ده‌که‌مه‌وه‌ ئیراده‌ى سیاسیى ئێمه‌ به‌ ده‌ست که‌سه‌وه‌ نییه‌ و له‌ ده‌ستى خۆماندایه‌."

موسلیم ده‌رباره‌ى گفتوگۆکان له‌باره‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى بنه‌ڕه‌تیى سووریا ئاشكرای كردوووه:‌ "هه‌ر بڕیارێک که‌ ئێمه‌ به‌ ناسنامه‌ و شوناسی خۆمانه‌وه‌ به‌شدارى نه‌بین په‌یوه‌ندیى به‌ ئێمه‌وه‌ نابێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دیداره‌ ڕێگا بۆ چاره‌سه‌رى خۆش بکات پێویسته‌ بابه‌تى نووسینه‌وه‌ و ئاماده‌کردنى ده‌ستوورى بنه‌ڕه‌تى له‌ دیدارێكی هاوبه‌شدا ئاماده‌ بکرێت و بنووسرێته‌وه‌."

ناوبراو ئه‌وه‌شی خستوووه‌ته‌ڕوو ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌ قۆناغى دانووستانه‌کاندا به‌ره‌وپێش بچن به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ئه‌وا کۆمیته‌ و کۆمیسیۆنى نووسینه‌وه‌ و ئاماده‌کردنى ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تیش دروست ده‌کرێن. هه‌روه‌ها چه‌ندین کۆمیسیۆن و کۆمیته‌ى‌تریش دروست ده‌کرێن و یاسا، سیاسه‌ت و هه‌موو بابه‌ته‌کان یه‌ک به‌ یه‌ک گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌کرێت.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 26926

Your Comment

You are replying to: .
captcha