دەسەڵات، ڕۆژنامەنووس بە مەترسی دەزانێت/ پێوەندیی ناباشی نێوان ئێران و هەرێمی کورستان لەمپەر بوو بۆ بەشداری کردنی ڕۆژنامەنووسانی هەرێم

بەشی دیمانە/ فەرهەنگ و هونەر- بڕیاردەری کۆنفڕانسی خەسارناسیی ڕۆنامەگەریی کوردی لە دیمانەیێکی کوردپرێسدا ئاماژەی بە سێ دەستەکەوتی کۆنفڕانسەکە دەکات و ڕەخنەش لەو لەمپەرانە دەگرێت کە ڕێگر بوون لەوەی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان و دیکەی ناوچە کوردنشینەکان لە کۆنفڕانسەکەدا بەشداری بکەن.

کوردپرێس:

ڕۆژی پێنجشەمە 26ی تەمووز بەرانبەر بە 4ی گەلاوێژ کۆنفڕانسی خەسارناسیی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە بیانووی 120مین ساڵوەگەڕی دەستپێکی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە بەشداریی چالاکانی بواری میدیا و فەرهەنگ­دۆستان و نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی ئێران لە هۆڵی ئیرشادی شاری مەریوان بەڕێوە چوو.

ئەنوەر ڕەوشەن بڕیاردەری کۆنفڕانسەکە لە بارەی دەستکەوتەکانی ئەو کۆنفڕانسەوە ئاماژەی بە سێ دەستکەوتی گرینگ کرد و بە کوردپرێسی وت: وەکوو یەکەم دەستکەوت ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی ئێران لە ژێر یەک میچدا کۆ بوونەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو شتەی بە ڕۆژنامەگەریی کوردی ناوی لێدەبرێت. ئەوەش ڕووداوێکی گرینگ بوو لە مێژووی توێژینەوەکان لە سەر ڕۆژنامەگەریی کوردی. دووهەم دەستکەوت کۆنفڕانسەکە ئەوە بوو ئەوەی بە ڕۆژنامەگەریی کوردی ناسراوە لە ئاستی ئێران و جیهاندا تا ڕادەیێک بەراورد کرا بەتایبەت ئەوەی لە پانێلی یەکەمدا بەڕێز دوکتور حەبیبی باسی لە سەر کرد. تەنانەت ڕەهەندی فێرکاریی کۆنفڕانسەکەش جێی سەرنج بوو. دەستکەوتی سێەمی کۆنفڕانسەکە ئەوە بوو خوێندنەوەیێکی مێژوویی کرا بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی و ڕۆژنامەگەریی کوردی کە بە زمانی کوردیی خواروو و هەروەها زمانی هەورامی کراوە و خاڵی لاواز و بەهێزی ئەو چاپەمەنی و ڕۆژنامانەی لەو بەشانەدا دەرچوون خرایە بەر باس و لەگەڵ بەشە سۆرانییەکەدا هەڵسەنگاندنی بۆ کرا.

ئەنوەر ڕەوشەن تیشکی خستە سەر وتارە پێشکەش کراوەکانی ئەو کۆنفڕانسە و زیادی کرد: وەکوو نموونە لە وتارێکدا باس لە پێوەندیی نێوان دەسەڵات و ڕۆژنامە و کۆمەڵگا کرا کە ڕۆژنامە پردێکە لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا و لێرەدا ڕۆژنامەنووسی چاونەترسە کە دەور دەبینێت.

ناوبراو ڕەخنەی لە شێوازی تەعامولی سیستەمی دەسەڵات لەگەڵ ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووس گرت و گوتیشی بەداخەوە دەسەڵات، ڕۆژنامەنووس بە مەترسی دەزانێت و خەڵکیش ئەو بایەخەی پێنادرێت.

بڕیاردەری کۆنفڕانسی ڕۆژنامەگەریی کوردی سکاڵای دەربڕی سەبارەت بە نەبوونی سپۆنسەری دارایی لە بواری ڕۆژنامەگەریی کورد و زیادی کرد: دیارە ئەو ڕۆژنامە یان چاپەمەنییەی لە باری ئابووری و دارایییەوە پشتگیریی باش دەکرێت بە ڕەنگ و کوالێتیی باشەوە دەردەکرێت و تیمی تەکنیکی و زانستیی بەهێز چ لە باری ناوەرۆکەوە چ لە باری هەیکەلی چاپەوە لە ئاستی بەرزدا دەردی دەکات خوێنەر و بەردەنگی باشی دەبێت و تاکی کۆمەڵگا زیاتر بە لای ئەو چاپەمەنییەدا دەکشێت و ئەوانەش لە کوردیدا لە شارە کوردنشینەکان بە ئامانجێکی بەرز و بە مەعنەویاتی تەواو خەریکی کارن ڕەنگە چالاکییەکەیان بە شێوازێکی پیشەیی و زانستییانە نییە و دوای ماوەیێک لێی ماندوو دەبن و بەردەنگی خۆیان لە دەست دەدەن.

ئەنوەر ڕەوشەن تیشکی خستە سەر ئەو بۆشایییەی لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا هەستی پێدەکرێت و وەکوو نموونە ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا کاری پسپۆڕانە نەکراوە و ئێستا لە زۆر بواردا بۆشاییەکە هەستی پێدەکرێت. بۆ نموونە لە بواری وەرزشیدا، لە بواری ژناندا، لە بواری منداڵاندا و لە زۆر بواری دیکەدا کورد گۆڤار یان ڕۆژنامەی تایبەتی نییە.

لە بارەی بەشداری نەکردنی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان یان بەشەکانی دیکەی کوردستانی تورکیا و سووریا لە کۆنفڕانسەکەدا بەڕێز ڕەوشەن بە کوردپرێسی وت: لە بەر دوو هۆکار چالاکانی بواری میدیا و ڕۆژنامە لە کوردستانی سووریا و تورکیا و هەرێمی کوردستان بەشدارییان نەکرد: یەکەم ئەوەی ئەم کۆنفڕانسە بۆ ناوخۆی ئێران بوو و کۆنفڕانسەکە تەنها دەستپێک بوو بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کۆنفڕانسێکی بەربڵاوتر بە بەشداریی نەک هەر هەرێمی کوردستان بەڵکوو کوردستانی تورکیا و سووریاش بەڕێوە بچێت لە بەر ئەوەی کە باس لە یادی 120 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەکەین هەموو ناوچە کوردنشینەکان دەگرێتەوە.

دووهەم هۆکار ئەوە بوو نووسینگەی کۆنفڕانسەکە بانگهێشتنامەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکانی هەواڵ بڵاو کردەوە بەڵام لە هەرێمی کوردستانەوە یان لە دیکەی ناوچە کوردنشینەکانەوە وتار نەنیردرابوو. هەڵبەت پێشتر بۆ کونفڕانس و سیمیناری دیکە وتارمان بە دەست گەیشتبوو بەڵام بەداخەوە هەندێک کێشە دروست ببوو بۆ بەشداری کردنی خاوەن وتارەکان. بۆیە نەبوونی پێوەندییێکی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ڕەنگە لەمپەر بووبێت بۆ بەشداری کردنی کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان. بۆیە هیوادارم باری ئەمنی و سیاسی لە ڕەهەندی فەرهەنگی و ئەدەبی جیا بکرێتەوە چیتر مەشاکیل لەم بوارەدا بۆ بەشداری کردنی چالاکانی فەرهەنگیی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت.

دیمانه‌: مه‌نسوور ڕه‌حیمی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60101

News Code 26894

Your Comment

You are replying to: .
captcha