عەبادی لەسەر کردنەوەی ڕێگای کەرکوک-هەولێر ڕەزامەندیی دەربڕیوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەسەر کردنەوەی ڕێگای سەرەکیی هەولێر بۆ کەرکووک، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی شارەدێی پردێیان کرد و لەگەڵ شاندێکی پارێزگای هەولێر کۆ بوونەوە، هەردوولاش ڕەزامەندییان دەربڕیوە بە کردنەوەی ڕێگاکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی شارەدێی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکوکیان کرد و لە نزیک کۆمەڵگەی شێراوای سەر بە شارەدێکە، لەگەڵ نەوزاد هادی، پارێزگار و عەبدولخاڵق تەڵعەت-ی بەڕێوبەری پۆلیسی هەولێر و شاندێکی یاوەریان کۆ بوونەوە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ئامادەكارییە سەرەتاییەكان بۆ چاک كردنەوەی پردەكەی پردێ کراوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە هەموو ئامادەكارییێک كراوە.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: هەردوولا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ کردنەوەی ڕێگاکە و چاک کردنەوەی پردی پردێ، کە ڕێگای هەولێر-کەرکوک بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندەکەی هەرێم، شاندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەرەو شاری كەركووک بەڕێکەوتن، بڕیارە بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ ڕاکان سەعید جبووری، پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت کۆ ببنەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیێندرا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی كردنەوەی ڕێگای نێوان كەركووک-هەولێری دەركردووە، بەڵام تا ئێستا ڕێگاكە نەكراوەتەوە.

پێشتریش ڕاگەیێندرابوو تێچووی چاكردنەوەی پردەکەی پردێ بە بڕی یەک ملیار دینار خەمڵێندراوە، هەروەها ئەگەر دەست بە چاک کردنەوەشی بکرێت، بەلایەنی کەمەوە ماوەی هەشت مانگ کاتی پێویستە.

لەدوای تەقاندنەوەی پردەکەوە هاتووچۆکردن لەو ڕێگایەوە ڕاگیراوە و ئێستا هاوڵاتیان لە شارەدێی تەقتەق-ی سەربە شارۆچکەی کۆیەوە هاتووچۆ دەکەن، ئەوەش کاتێکی زۆرتری پێدەچێت و قەرەباڵغیی زۆریشی دروست کردووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 26840

Your Comment

You are replying to: .
captcha