دانەگاز دەیەوێت تاوەکو 2023 بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بگەیێنێتە 690 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە

بەشی  عێراق و هەرێمی کوردستان- رۆژی یەکشەممە 13-06-2021 نووسینگەی کۆمپانیای دانەگاز لە سلێمانی کرایەوە، ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی دەیانەوێت قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان زیاد بکەن.

کوردپرێس:

لە کێڵگەی کۆرمۆر رۆژانە 440 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشی بەرهەم دەهێندرێت، کۆمپانیاکە دەیەوێت تاوەکو کۆتایی 2023 بڕی 250 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە زیاد بکات، واتە ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بگەیێنێتە 690 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە.

عەبدوڵڵا قازی، بەڕێوەبەری دۆزینەوە و هەڵکەندن لە کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی بە رووداوی راگەیاند: "هەموو ئەو بودجەیەی بۆمان دابینکردووە بڕی 1 ملیار دۆلارە و پێویستمان بە 24 مانگە کارکردن هەیە، ئێستا دەستمان پێکردووە و 22 مانگمان ماوە و بۆ قۆناخی دووەمیش پێویستمان بە 24 مانگی دیکە دەبێت و هەوڵدەدەین زووتریش تەواوی بکەین".

محەممەد مەککاوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی کۆمپانیای دانەگاز ئاماژەی بەوەدا: "زیاتر لە ساڵێکە دەستمان کردووە بە ئامادەکاری بۆ فراوانکردنی کێڵگەکان، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بە گوژمەی 250 ملیۆن پێی سێجا زیاد بکەین، ئەم پرۆژەیەشمان بەتەواوەتی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو ساڵی 2023 کۆتایی پێدێنین".

دانەگاز دەیەوێت تا ساڵی 2023 بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی چەمچەماڵ دەستپێبکات، رۆژانە 250 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی لەوێ بەرهەم بهێندرێت.

جێگری وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، پرۆژەکە جگەلەوەی سوودێکی زۆری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر هەلی کاریش بۆ ئەندازیارانی کورد فەراهەم بکات.

ئەحمەد موفتی، جێگری وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە رووداوی راگەیاند "کردنەوەی ئەم ئۆفیسە بەشێکە لە پلانی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی بەرهەمی گاز، بەرهەمهێنانی گازیش بەشێکە لە بەهێزکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئەمەش وادەکات دەستی کاری نێوخۆیی زیاتر بکەونە سەر کار."

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "داوامان لە کۆمپانیای دانەگاز کردووە لە بەرامبەر قازان جکردنی دوو کارمان بۆ بکەن، یەکەم، هەوڵبدەن کارەکانی هێڵی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تەواوبکەن، چونکە ئەوەی کێشەی ئاوخواردنەوەی نزیکەی 200 هەزار کەسی دانیشتووی ئەو ناوچەیە و یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس لە خەڵکی سلێمانی چارەسەردەکات، دووەمیش داوامان لێکردوون هێڵی گازی ماڵان بۆ ناحیەی شۆڕش دابین بکەن".

چاوەڕوان دەکرێت قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بۆ دوو ساڵی ئایندە بگاتە نزیکەی 1 ملیار پێ سێجای رۆژانە، ئەمەش وادەکات پێداویستی نێوخۆی رۆژانە بە گازی سرووشتی بە تەواوەتی پڕبکرێتەوە و ئەمەش وادەکات کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو کوردستان دابینبکرێت

News Code 2369

Your Comment

You are replying to: .
captcha